
هەولێر – ئەوین حەکیم پوور
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەت و سامانێكی زۆری ژێر زەوییە، پایتەختی هەرێم و شارەكانی تریش ڕووبەڕووی قەیرانێكی خنكێنەری سووتەمەنی بووەتەوە. لەم چەند رۆژەدا لە زۆربەی وێستگەكانی بەنزین لە هەولێر و دهۆك و سڵیمانی تەنها تابلۆی "بەنزین نییە" دەبینرا، ئەمەش هاوڵاتیانی ناچار كردووە كاتژمێرێكی زۆر لە نۆرە درێژەكانی ئەو چەند وێستگەیەدا بمێننەوە كە بەنزینی حكومی دابەش دەكەن.
دیمەنی وێستگەكان و بێ ئومێدی هاوڵاتیان
بەنزینخانە ئەهلییەكان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە تووشی كێشە بوون و زۆربەیان كارەكانیان ڕاگرتووە. ئەو چەند وێستگەیەی كە بەنزینی (٧٥٠ دیناری) دابەش دەكەن، نۆرەیەكی دوور و درێژیان لێ دروست بووە كە سەر و بنەكەی دیار نییە. هاوڵاتیان باس لەوە دەكەن كە یان دەبێت نیوەی ڕۆژەكەیان لە نۆرەدا بەسەر بەرن، یان بە ناچاری و بە نرخێكی دووقات بەنزین لە بازاڕی ڕەش یان وێستگە تایبەتەكان بكڕن. قەیرانەكە كاتێك قووڵتر دەبێتەوە كە ژمارەی وێستگە حكومییەكان بۆ نیوە كەم بووەتەوە، ئەمەش وایكردووە دەستكەوتنی لیترێك بەنزین ببێتە كارێكی ئەستەم.
كاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئامار و زانیاریی لەسەر تێچووی سووتەمەنی بڵاو دەكاتەوە. ناوبراو ئاشكرای دەكات كە تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی هەر لیترێك بەنزین تەنانەت ناگاتە (١٥٠ دینار)، بەڵام بە نرخێكی زۆر گرانتر بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.
ئەم پەرلەمانتارە دەپرسێت: "بۆچی نرخ بۆ ٤٥٠ دینار دانابەزێنن؟" و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر حكومەت لیترێك بەنزین بە ٤٥٠ دینار و گازوایل بە ٤٠٠ دینار بفرۆشێت، هێشتا ڕۆژانە زیاتر لە (١ ملیۆن دۆلار) قازانج دەمێنێتەوە.
داهاتەكان بۆ كوێ دەچن؟
یەكێكی دیكە لە خاڵە جێگەی سەرنجەكان لە قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەدا ئەوەیە كە ئەو داهاتە زەبەلاحەی لە فرۆشتنی سووتەمەنی دەست دەكەوێت، هیچ بڕێكی ناچێتە وەزارەتی دارایی و دیار نییە چۆن خەرج دەكرێت. ئەمەش گومانی گەورەی لای هاوڵاتیان دروست كردووە كە سامانی نیشتمانی و ژێر زەوی، لەبری ئەوەی خزمەتی خەڵك بكات، بووەتە ئامرازێك بۆ بازرگانیكردن و دەوڵەمەندبوونی چەند لایەنێكی دیاریكراو لەسەر حسابی گیرفانی هاوڵاتیان. لە لایەكی تر رێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند: مانگانە حكومەت بڕی (26) ملیۆن دۆلار پشتیوانی نرخی بەنزین دەكات و بەنزینی موحەسەن (850) دینار دەكەوێت لەسەر بەنزینخانەكان و تا ئێستا بە دوو بەرامبەر فرۆشتوویانە، لیژنەكان سەردانی چەند بەنزینخانەیەكیان كردووە لە هەولێر كە نوسیویانە بەنزینمان نیە بەنزین لە خەزانەكانیان هەبووە.بازرگانانی بەنزین ئیستغلالی نرخی بەنزین دەكەن.
پرسیارە بێ وەڵامەكان
ئەو دۆخەی ئێستا لە هەولێرو شارەكانی تر دەبینرێت، بەرژەوەندی هاوڵاتیانی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەكی جدی. پرسیاری سەرەكی لای خەڵك ئەوەیە: دوای ئەم هەموو ساڵە بۆچی هەرێم خاوەنی پاڵاوگەیەكی نیشتمانی نییە؟ بۆچی دەبێت ئەو هەموو نەوت و غازەی لەژێر خاكدایە، لەسەر زەوی تەنها بە گران و بە ئەستەم دەست هاوڵاتیان بكەوێت؟ ئەم قەیرانە جارێكی دیكە شكستی بەڕێوەبردنی كەرتی وزە و غەدركردن لە هاوڵاتیانی خستەوە ڕوو.
