
شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق، یەکێکە لە ڕووداوە هەرە گرنگ و پڕبایەخەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق و ناوچەکە. ئەم شۆڕشە وەرچەرخانێکی نیشتمانیی گەورە بوو کە بە ڕاگەیاندنی کۆماری عێراق و کۆتاییهێنان بە سیستمی پاشایەتی، قۆناغێکی نوێی لە مێژووی سیاسیی وڵاتدا دەست پێکرد.
ئەم وەرچەرخانە مێژووییە لە لایەن ڕێکخراوی «ئەفسەرانی ئازادیخواز»ەوە بە سەرکردایەتیی عەبدولکەریم قاسم ئەنجام درا، و ڕاستەوخۆ لە لایەن جەماوەر و حیزبی شیوعیی عێڕاق و هێزە نیشتمانییەکانەوە پشتیوانییەکی بەرفراوانی لێ کرا. بەم شێوەیە، قۆناغی نوێی دەسەڵات توانی کۆتایی بە پاشکۆیەتیی سیاسیی عێراق بهێنێت و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی نیشتمانی بنێت. یەکەمین دەستکەوتە بەرچاوەکانی ئەم قۆناغە لە ڕووی یاسایی و داراییەوە، خۆی لە ڕاگەیاندنی دەستوورێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوەدا بینییەوە. هاوکات لە پێناو ڕزگارکردنی ئابووریی نیشتمانی لە هەژموونی دەرەکی، عێراق لە ناوچەی پاوەندی بەریتانی هاتە دەرەوە و بە پشتبەستن بە یەدەگی زێڕ و دۆلار، بەهای دیناری عێراقی بەهێز کرا.
لەسەر ئاستی پیشەسازی و کشتوکاڵیش، شۆڕش چەندین چاکسازیی بنەڕەتیی ئەنجام دا؛ لەوانە دەرکردنی «یاسای چاکسازیی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٠ی ساڵی ١٩٥٨»، کە بە هۆیەوە زەویی دەرەبەگەکان دابەش کرایەوە و بۆ جووتیارە هەژارەکان گەڕێندرایەوە. لەوەش مێژووییتر، دەرکردنی «یاسای ژمارە ٨٠ی ساڵی ١٩٦١» بوو، کە توانی ٩٩.٥٪ی ئەو زەوییانەی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو کۆنترۆڵ بکاتەوە و بەمەش بناغەی خۆماڵیکردنی نەوتی عێراقی داڕشت. هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، دەوڵەتی نوێ گرنگییەکی زۆری بە ژێرخانی خزمەتگوزاری دا؛ لەوانە بنیاتنانی نەخۆشخانە و قوتابخانەی نوێ، دەستپێکردنی کارەکانی بەندەری ئوم قەسر، و دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدرامەتان.
لە پاڵ ئەم چاکسازییە ئابووری و خزمەتگوزارییانەدا، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زۆر گرنگ هاتنە ئاراوە. لە لایەکەوە، «یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩» دەرکرا کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا پێگەیەکی یاسایی پێشکەوتوو و هاوسەنگیی لە مافەکاندا بۆ ژنان دەستەبەر کرد. لە لایەکی تریشەوە، لە ڕووی خوێندن و پێگەیاندنی کادیری نیشتمانییەوە، زانکۆکان گەشەیان پێ درا و هەزاران خوێندکار بۆ دەرەوەی وڵات نێردران. لە هەمووشیان گرنگتر بۆ پێکهاتەکانی وڵات، لە ماددەی سێیەمی دەستووری کاتیی ساڵی ١٩٥٨دا بە ڕوونی ددان بە هاوبەشیی ڕاستەقینەی عەرەب و کورددا نرا و ئاماژە بە مافە نەتەوەییەکانی کورد کرا لە چوارچێوەی یەکێتیی عێراقدا؛ ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە بوو بە بەراورد بەو جیاکارییە نەتەوەیی و تائیفییانەی لە سەردەمەکانی پێشوودا باو بوون.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەزموونە مێژووییە دواتر ڕووبەڕووی پیلانگێڕیی دەرەکی و ناکۆکیی ناوخۆیی بووەوە و نەیتوانی بە تەواوی بەردەوام بێت، بەڵام ناوبانگی شۆڕشەکە وەک سیمبولی سەربەخۆیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و ڕێزگرتن لە مافی کرێکاران، جووتیاران و ژنان لە ویژدانی هاووڵاتییاندا مایەوە. ئەم ڕووداوە نەک تەنیا دەوڵەتێکی خاوەن پێگەی دروست کرد، بەڵکو فەرهەنگێکی نوێی لە هۆشیاریی سیاسی هێنایەکایەوە، کە تێیدا هێزە نیشتمانییەکان توانییان بە گوتارێکی بوێرانە، خەباتی جەماوەری بگەیەننە ئاستێکی بەرزتر.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە عێراق بە هەلومەرجێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، یادکردنەوەی ١٤ی تەممووز بە مانای نوێکردنەوەی پەیمانێکە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەڕاندنەوەی شکۆی هاووڵاتییان و، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سیستمە پشکپشکێنەکان. هەر بۆیە، بە شانازییەوە یادی ئەم وەرچەرخانە دەکەینەوە و داوا لە تەواوی هێزە نیشتمانییەکان دەکەین بە هەمان گیانی هاوبەشی و نیشتمانپەروەری، یەکگرتوو بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل و بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات. لە هەمان کاتدا، پێویستە ئەم یادە بکەینە وێستگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی شەرەفمەندانە لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان.
سڵاو لە یادەوەریی شۆڕشی ١٤ی تەممووز و لە هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە بە خوێن و قەڵەمیان مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان بۆ گەلانی عێراق نەخشاند.
