سەروتاری رێگای كوردستان 2026/10/6 

بەپێی دەیان ڤیدیۆ و سەرچاوەكانی هەواڵی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لێدوانی پەرلەمانتاران، دەوڵەتی توركیا و كۆمپانیاكانیان بە ئاشكرا دەستیان كردووە بە بڕینەوەی داربەڕوەكانی سنووری شاخەكانی پارێزگای دهۆك، و بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكان و لە بازگەكانی ئەو سنوورەدا دەگوازرێنەوە بۆ سنووری دەوڵەتی توركیا!

ئەم هێرشە ڕێكخراوە بۆ سەر ژینگەی كوردستان، تەنها وەك لایەنێك ئابووری و بازرگانیكردن بە دار و ژینگە نییە، بەڵكو بەشێكە لە ستراتیژیی "زەویی سووتاو" و تێكدانی ژینگەی كوردستان كە دەوڵەتانی داگیركەر پەنای بۆ دەبەن. ڕاماڵینی دارستانەكان و ڕووتبوونەوەی شاخەكان، ئامانج لێی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تێكدانی ئەو پەناگە سروشتییانەیە كە هەمیشە وەك قەڵایەك خۆڕاگری بۆ گەلی كورد ماونەتەوە. ئەمە جۆرێكە لە كوشتنی ژینگەیی و دەبێت وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

لە بەشێك لە گوندەكانی دەڤەری ئامێدی و زاخۆ، سەرەڕای نەمانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان مانەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیا و خاڵەكانی پشكنینی دەوڵەتی توركیا ڕێگرن لە گەڕانەوەی خەڵكی گوندەكان بۆ دەڤەری خۆیان و سەرزەمینی باوباپیرانیان. هەروەها بە توندی ڕێگری لە میدیاكاران دەكرێت كە هەواڵ و ڕاستییەكان لەسەر ئەو ناوچەیە بگوازەنەوە.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانییە، بێدەنگیی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستەی ژینگە و حكومەتی فیدراڵییە لە ئاست ئەم تاڵانكارییە ئاشكرایەدا. تێپەڕبوونی بارهەڵگرە پڕ لە دارەكان بەناو بازگە و هێزە ئەمنییەكاندا، پرسیارێكی گەورە لەسەر سەروەریی خاك و بەها نیشتمانییەكان دروست دەكات. ناكرێت لایەنە پەیوەندیدارەكان تەنها بە لێدوانی شەرمەزاركردن واز لەم پرسە بێنن، لە كاتێكدا پاراستنی سامانی سروشتی، پاراستنی ژیانی نەوەكانی داهاتووە.

بڕینەوەی داربەڕووەكانی سنوور، كە تەمەنیان سەدان ساڵە، كارەساتێكی ژینگەیی لێ دەكەوێتەوە و قەرەبوو ناكرێتەوە. تێكچوونی هاوسەنگیی سروشت، وشكبوونی سەرچاوە ئاوییەكان، لەناوچوونی ژینگەی ئاژەڵە كێوییەكان و گۆڕانی كەشوهەوا، بەشێكن لەو باجەی كە خەڵكی ناوچەكە لە داهاتوودا دەیدەن. دارستانەكان وەك سییەكانی نیشتمانن، بەشێكن لە سەرمایەی نەتەوەیی؛ نەك هەر دەوڵەتانی دراوسێ، بەڵكو هیچ كۆمپانیایەكی ناوخۆش بۆی نییە دەستیان بۆ ببات.

پێویستە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، چالاكوانانی ژینگە و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەكان، فشارێكی ڕاستەقینە دروست بكەن بۆ نێودەوڵەتیكردنی ئەم دۆسیەیە. پێویستە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی پاراستنی ژینگە بكرێت دەستوەردان بكەن بۆ ڕاگرتنی ئەم تاڵانكارییە. دەبێت داواكاری گشتی لە هەرێم و عێراق سكاڵای یاسایی لە دژی ئەو كۆمپانیایانە تۆمار بكات كە دەستیان لەم كارەدا هەیە و پێویستە دەست بەجێی هێزەكانی توركیا خاكی هەرێمی كوردستان جێبهێڵن .

دەبێت داگیركەران و هاوكارەكانیان ئەوە بزانن؛ هەرچەندە تەورەكانیان لە جەستەی داربەڕووەكانی ئەم نیشتمانە بچەقێنن، بەڵام ناتوانن ئەو ڕەگانە دەربهێنن كە لە قووڵایی مێژووی ئەم خاكەدا چەقیون.

ژینگەی كوردستان بەشێكە لە شوناسی ئێمە، پاراستنی ئەركێكی پیرۆزی نیشتمانی و چینایەتییە و بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە هیچ سازشێكی لەسەر بكات. كاتی ئەوە هاتووە بێدەنگی بشكێنرێت و سنوورێك بۆ ئەم بێحورمەتییە بە خاكی كوردستان دابنرێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا