ڕۆژنامەی «مۆرنینگ ستار»ی بەریتانی یەكەمین جارە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان ئەنجام دەدات . 
ڕۆژنامەی «مۆرنینگ ستار»ی بەریتانی لە ژمارەی (٢٤-٢٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦)دا، وتووێژێكی بەرفراوانی لەگەڵ عەبدولڕەحمان فارس (ئەبو كاروان)، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی كوردستان  بڵاوكردووەتەوە. چاوپێكەوتنەكە تیشك دەخاتە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێم، پەككەوتنی پەرلەمان، شەڕی دژ بە گەندەڵی، و مافی ژنان و پێكهاتەكان.
لە چاوپێكەوتنەكەدا هاورێ‌ ئەبوكاروان رایگەیاند: لە دوای دروستبوونی یەكەم كابینەی حوكمڕانی لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان تووشی گەندەڵییەكی درێژخایەن و بنەڕەتی بووە.
زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەسەڵات لە نێوان دوو حیزبی حوکمڕاندا قۆرخ كراوە؛ ئەوان دەستیان بەسەر وەبەرهێنانی بیانی، داهات و دامەزراندندا گرتوە و هاووڵاتییان ناچار بە پاشكۆیەتیی سیاسی دەكەن بۆ دەستكەوتنی كار.
سیاسەتی دەرەوەی هەرێم و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەك توركیا و ئێران، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی دانەمەزراوە، بەڵكو لە خزمەت بەرژەوەندیی تەسك و حیزبیی ئەو دوو بنەماڵەدایە.
ئەبو كاروان ئاماژە بەوە دەكات كە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤دا تێپەڕیوە، كەچی بەهۆی ململانێی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەوە، هێشتا نە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و نە كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكهاتووە؛ بەڵكو هەمان دەسەڵات و كابینەی كۆن بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە بەردەوامە.
كەرتی تەندروستی، پەروەردە و تەنانەت كەرتی وزە و كارەباش بەتایبەت كراون و دراونەتە دەست كۆمپانیا دەستڕۆیشتووەكان.
لە ئێستادا نزیكەی یەك ملیۆن گەنج و دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان بێكارن یان بە مووچەیەكی زۆر كەم كار دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی كۆچی بەلێشاوی گەنجان بەرەو هەندەران.
لە كاتێكدا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە دژی گرانی و بێدادی پەرە دەسەنن، دەسەڵات پەنا دەباتە بەر زیندانیكردن و بەرتەسككردنەوەی ئازادییە مەدەنییەكان.
هاوڕێ ئەبوکاروان لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی كوردستان ناتوانێت خۆی لە مەترسییەكانی جەنگ و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بە تایبەت شەڕی ئەمریكا-ئیسرائیل و ئێران) بەدوور بگرێت؛ نەبوونی یەكڕیزی و بۆشایی ناوخۆیی، هەرێمی خستووەتە بەردەم هەڕەشەی جددی بۆ سەر قەوارەكەی.
لەبارەی پرسی کۆتای ژنان و گەنجاندا ووتی: حیزبی شیوعی ڕۆڵی سەرەكی هەبووە لە چەسپاندنی ڕێژەی لەسەدا ٣٠ی كۆتای ژنان لە پەرلەمان، هەروەها دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای خانمان؛ لە هەمان كاتدا بەردەوامە لە خەبات دژی تاوانەكانی بەناو "شەرەف" و توندوتیژیی خێزانی.
فرەپێكهاتەیی: حیزبی شیوعی نوێنەرایەتیی چینی كرێكار، جوتیار و ڕووناكبیران دەكات لە هەموو نەتەوە و ئایینەكان بێ جیاوازی (كورد، توركمان، ئاشووری، سریانی، ئێزیدی و مەسیحی).
لە یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنەوەی حیزب (حوزەیرانی ٢٠٢٥)، پڕۆژەو بەرنامەیەكی نوێ پێشكەشی خەڵك كراوە كە تێیدا جەخت لەسەر دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، و چاكسازیی ڕیشەیی كراوەتەوە.
حیزبی شیوعی بەشداریی سەرەكی كردووە لە دامەزراندنی «كۆڕبەندی چەپی كوردستانی» بۆ هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە چەپ و دیموكراتخوازەكان لە سەرانسەری پارچەكانی كوردستان.

 

May be an image of text


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا