
بەپێی یاسای نوێی "بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"، پێشبینی دەکرێت نزیکەی چوار هەزار زیندانی لە تورکیا ئازاد بکرێن، لەوانەش سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ.
لە لێدوانێکدا، تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بەشێکی زۆر لە زیندانییەکان ئازاد بکرێن و ژمارەی ئازادکراوەکان بگاتە نزیکەی ٤ هەزار کەس.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە تەنها نزیکەی ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کەس لە زیندانەکاندا دەمێننەوە و دۆخی ئەو کەسانەش لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە بە وردی تاوتوێ دەکرێت.
سەبارەت به دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتەکە (هەدەپە)، تەیب تەمەل جەختیکردەوە: "ئەوان بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پەکەکە زیندانی کراون و بەگوێرەی یاسای نوێ، ئەوان و ئەو کەسانەی بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون، دەکرێت ئازاد بکرێن."
جێی باسە، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە پەرلەمانی تورکیا پرۆژەی یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، بە دەنگی ٤٦٨ پەرلەمانتار پەسەند کرد.
