ئەمرۆ لە مەراسیمێكی فراوانی جەماوەری و سیاسیدا؛ حیزبی شیوعی «نەخشەڕێگایەكی نیشتمانی» بۆ كۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی لە هەرێم ڕادەگەیەنێت

لە كاتێكدا قەیران و ململانێی هێزە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە لوتكە، بڕیارە  ئەمرۆ  بە بۆنەی 33ی ساڵەی راگەیاندنی حزبی شیوعیی كوردستان لە مەراسیمێكی جەماوەری و بە بەشداری لاینەسیاسیەكان و میوانانی ناوەخۆ و دەرەوە  حزبی شیوعی «نەخشەڕێگایەكی نیشتمانی» بۆ كۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی لە هەرێم ڕابگەینێت.

ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەی حزبی شیوعی ئامانجیەتی گفتوگۆی سیاسی لە كێبڕكێی كورسی و پۆستەوە، بگوازێتەوە بۆ ئاستێكی قووڵتر كە پرسی "شەرعییەتی دەسەڵات و بەشداریی سیاسی"یە. 
هاوڕێ هیوا عومەر جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان ڕایگەیاند پڕۆژەكە جیاواز دەبێت و دەیەوێت "چەمكی هاوڵاتی" بگەڕێنێتەوە ناوەندی بڕیار و هەرێم لە مەترسیی "شەڕێكی ناوخۆیی تەواونەبوو" بپارێزێت.

ئەم نەخشەڕێگایە لە كاتێكدایە كە پڕۆسەی سیاسی بەهۆی ململانێی دوو جەمسەری سەرەكییەوە پەكخراوە؛ بەرەی یەكێتی و نەوەی نوێ كە ٣٨ كورسییان هەیە داوای نیوەی دەسەڵاتەكانی حكومەت دەكەن و پێیان وایە هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، لە بەرامبەریشدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە ٣٩ كورسی هەیە ئەم هاوپەیمانێتییە بە "زۆرەملێ" دەزانێت و سوورە لەسەر ئەوەی دابەشكردنی پۆستەكان دەبێت بەپێی ئیستحقاقی دەنگەكان بێت.
گرنگیی پڕۆژەكەی حزبی شیوعی لەوەدایە كە دەستنیشانی دەكات قەیرانی ڕاستەقینە لە "پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دامەزراوەكان"دایە نەك تەنها ژمارەی كورسییەكان. شارەزایان پێیان وایە ئەم ئاراستەیە تاقە ڕێگەیە بۆ چاكسازیی بەردەوام و گۆرانكاری و گەراندنەوەی هاوڵاتی بۆ چەقی كاری سیاسی.
لە كاتێكا لە ناوەندی سیاسی چاوەڕوانی وردەكارییەكانی ئەم "نەخشەڕێگا نیشتمانییە" دەكرێت، ئایا دەتوانێت ببێتە فشارێكی سیاسی و فكری جەماوەری وەها جارێكی تر بەشداری سیاسی راستەقینە دروست بكاتن و ببێـتە هۆی چارەسەری قەیرانەكان و پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان؟
بۆ سەركەوتنی ئەم دەستپێشخەرییەش، پێویستی  بە بەكۆمەڵایەتییكردن هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی "چەمكی هاوڵاتی" بێـت و سیستەمێكی دامەزراوەیی ڕوون دروست بكات كە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بچەسپێنێت و دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی خزمەتگوزاری و ئابووری لەژێر هەژموونی حزبی دەربهێنێت. لەم سۆنگەیەوە، بەدەستهێنانی پشتگیریی سیاسی و جەماوەری بۆ ئەم پڕۆژەیە، دەتوانێت لایەنە نەریتییەكانی دەسەڵات ناچار بكات دەستبەرداری هاوكێشەی بەرژەوەندی تەسكی حزبی بن و دەبێتە قەڵغانێكیش بۆ  پاراستنی قەوارەی هەرێم لە لێكترازان، ئەمەش لە پرۆژەكەدا گرێدراوە بە ئاشتكردنەوەی ڕاستەقینەی هاوڵاتی لەگەڵ نیشتمان و بونیادنانی دەسەڵاتێكی دامەزراوەیی و دادپەروەری نیشتمانیی بەهێز.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا