​ڕێکەوتی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧، وێستگەیەکی زێڕین و پڕ لە شانازییە لە مێژووی خەباتی گەلی کورد، کە تێیدا جەماوەری قوربانیدەری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان دژی ستەم و بڕیارە ناڕەواکانی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین.
​دەسپێکی ڕاپەڕین و دەنگی ئازادی
​چەخماخەی ئەم ڕاپەڕینە لە شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئایار لە بڵندگۆی مزگەوتی (جامعە)وە لێدرا. بە زرنگانەوەی سروودی (لالالا، لن نترک الفاشست فی عراقنا) بانگەوازی ڕاپەڕین کرا و ئەمەش بووە هەوێنی جووڵانی ڕێکخستنە نهێنییەکان و جەماوەر بۆ هێرشکردنە سەر دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس.
​قارەمانێتی و خۆڕاگری جەماوەر
​لەو ڕۆژە مێژووییەدا، تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە یەک دەنگ دژی ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندەکان و چەوسانەوەی ڕژێم ڕاپەڕین.
​پیر و گەنج و قوتابیان و کاسبکاران شانبەشانی یەکتر ڕووبەڕووی هێزە چەکدارەکان بوونەوە. تەنانەت بەشێک لە خۆپیشاندەران بە جلی گۆڕاوەوە بۆ پاراستنی ناسنامەیان، لە ڕیزەکانی پێشەوەی هوتافکێشاندا بوون.
​
لە کاتێکدا بەشێک لە خەڵک لە ناو جەرگەی شەڕەکەدا بوون، بەشێکی تر ئەرکی گەیاندنی هەواڵی خێرایان بە هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ ڕاپەڕیووان لە ئەستۆ گرتبوو.
​تەنانەت لە ژێر گەمارۆی چەکدارانی بەعسیشدا، جەماوەر بە گیانفیداییەوە هەوڵی ڕزگارکردنی بریندارەکانیان دەدا و ڕێگەیان نەدەدا هاوڕێ و براکانیان بکەونە دەست دوژمن.
​
​خۆپیشاندانەکان لە گەڕەکەکانی کانی عاشقان و کانی قوڵکە گەیشتنە ئەوپەڕی گوڕ و تینی خۆیان. ڕژێمی بەعس بە دڕندانەترین شێوە وەڵامی دایەوە،
​هێزە چەکدارەکان تەقەی ڕاستەوخۆیان لە هاووڵاتیان کرد و ژمارەیەک گەنج شەهید و بریندار بوون.
​گەڕەکی کانی عاشقان بە تەواوی تەقێنرایەوە و خاپوور کرا و دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون.
​ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان دەستگیرکران و دواتر زیندەبەچاڵ کران.
​ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە کە هەڵەبجە سەلماندی، هێزی جەماوەر و ئیرادەی ئازادیخوازی لە هەموو چەک و تەقەمەنییەکی داگیرکەران بەهێزترە.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو ئەو قارەمانانەی مێژوویان بە خوێن و ئازایەتی خۆیان نووسییەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا