
عه‌قڵ (reason)، چه‌مكێكه به‌ناو كۆی مێژووی بیركردنه‌وه‌دا شۆڕده‌بێته‌وه. چه‌مكه‌كه له كوردی دا، "ئه‌قڵ، ئاوه‌ز، ژیری"یشی پێ ده‌وترێت، گه‌رچی هه‌ركام له‌و وشانه ڕه‌هه‌ند و خه‌رمانه‌ی واتایی خۆیانیان هه‌یه. بۆ وێنه، ئاوه‌ز پتر له حیكمه‌ت یاخۆ ئه‌قڵی عه‌مه‌لیی ڕۆژانه‌وه نزیكتره (كورد ده‌ڵێت ئاوه‌زی پێی ناشكێت)، ژیرییش پتر هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی-نافه‌لسه‌فیی هه‌یه.
عه‌قڵ، پێش هه‌موو شتێك توانستێكی زه‌ینییه له مرۆڤدا كه جیهان شیده‌كاته‌وه و ڕۆشنایی ده‌خاته‌سه‌ر. ئه‌مه دوا وێنه‌ی چه‌مكه‌كه‌یه له زه‌ینی ئێمه‌ی مرۆی مۆدێرندا. به‌ڵام هاوشان به‌وه، عه‌قڵ مانایه‌كی فراوانتریشی هه‌بووه: له یۆنانی كۆندا كه لۆگۆسیشی پێ وتراوه، شتێكی گه‌وره‌تر بووه له عه‌قڵه تاكه‌كه‌سییه‌كه. بۆ نمونه، سیسته‌مێك بووه فه‌رمانڕه‌وایی كۆی گه‌ردوونی كردووه. فه‌یله‌سووفه پێش-سوقراتییه‌كان، عه‌قڵیان به هێزێكی گه‌ردوونی ده‌زانی كه نه‌زم و مانا به پشێویی جیهان ده‌دات. لای ئه‌فلاتوون، عه‌قڵ ده‌بێته هێز و توانستێكی پله یه‌ك له مرۆڤدا كه شاوه‌ت و خرۆشه‌كانی مرۆڤ ئاراسته‌ده‌كات. هاوكات ئامرازێكیشه بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی دونیای فۆرمه نه‌مره‌كان كه نوسخه‌ی ئۆرگیناڵی هه‌ر چتێكی لێیه. ئه‌رستۆ مرۆڤی به ئاژه‌ڵێكی عاقڵ داده‌نا، كه عه‌قڵی تیۆری و عه‌قڵی پراكتیكی په‌یڕه‌وده‌كات- یه‌كه‌میان بۆ كه‌شفی ڕاستییه‌كانی جیهانه، ئه‌مه‌ی تریش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ڕاسته له ناڕاست.
له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، چ لای ئیسلام و لای مه‌سحییه‌تیش، عه‌قڵ تێكه‌ڵكرا به فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی و فیكری سكۆلاستیكی (قوتابخانه‌یی). بۆ نمونه، فارابی و ئیبن سینا، عه‌قڵی كارایان به نێوانگری عخودا و دونیا مادییه‌كه ده‌زانی. ئیبن سیناش پێی وابوو، حه‌قیقه‌ت هه‌ر یه‌كه، ئیدی له فه‌لسه‌فه‌دا بێت یاوه‌كو دین (عه‌قڵ و وه‌حی). له دونیای مه‌سیحییه‌تدا، قه‌شه ئۆگه‌ستین باوه‌ڕی ده‌خسته پێش عه‌قڵه‌وه (درووشمه‌كه‌ی بریتی بوو له: باوه‌ڕ بێنه تا تێبگه‌یت). لای تۆمای ئه‌كوینی باوه‌ڕ و عه‌قڵ، بوون به ته‌واوكه‌ری یه‌ك نه‌ك دژی یه‌ك.
له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری دا (سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده)، كه به‌شێكی گرنگه له سه‌رده‌می مۆدێرن، عه‌قڵ سه‌رتاپێ كه‌وته ده‌ستی مرۆڤ خۆی. دیكارت، وه‌ك بابی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن، عه‌قڵانییه‌ته‌كه‌ی خۆی بنیاتنا (كه گوزاره سه‌ره‌كییه‌كه‌یمان بیستووه: من بیرده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م). بیركردنه‌وه، بووه كرۆكی عه‌قڵ. دواتر كانت سێ كتێبی نوسی كه له دووانیاندا وشه‌ی "عه‌قڵ" هاتووه: ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی په‌تی، ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی پراكتیكی، و (ڕه‌خنه‌ی هێزی داوه‌ری). كانت هێنده عه‌قڵی به‌هه‌ند وه‌رگرت، كه سنوره‌كانی جیاكرده‌وه. ئه‌و وتی عه‌قڵ ته‌نیا دیارده‌كانی ئه‌م جیهانه‌مان پێ ده‌ناسێنێت و به‌رپرس نیه له دیارده كلاسیكه غه‌یبییه‌كانی وه‌ك خودا، نه‌فس و هتد. كانتیش خاوه‌نی درووشمێكی ڕۆشنگه‌ر بوو: بوێره بیركه‌یته‌وه!
له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، هه‌رسێ مامۆستاكه‌ی به‌دگومانی (به قه‌ولی پۆڵ ڕیكۆر)، واته ماركس و نیچه و فرۆید دیدێكی تازه‌یان بۆ عه‌قڵ هێنا. ماركس عه‌قڵی به‌سته‌وه به كۆپه‌یوه‌ندییه ئابووری و چینایه‌تییه‌كانه‌وه (كه كاریگه‌ریی هیگڵی به‌سه‌ره‌وه بوو، چونكه لای ئه‌ویش عه‌قڵ له عه‌قڵی تاك گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌م جیهانه‌شدا بوو). لای نیچه، عه‌قڵ هه‌ر په‌رده‌یه‌كه به‌سه‌ر ویستی هێزه‌وه، واته ویستی قووڵپدانی غه‌ریزه و پاڵنه‌ره‌كان. فرۆیدیش، عه‌قڵی تاڕاده‌یه‌ك به مانای چه‌مكی ئاگایی به‌كارده‌هێنا. بۆیه پێی وابوو عه‌قڵ (ئاگایی)، به‌شێكی كه‌مه له بونیادی كه‌سێتیی مرۆڤ: به‌شه گه‌وره‌كه نه‌سته، نائاگایی، نا-عه‌قڵ.
هه‌ر له مێژووی بیركردنه‌وه‌دا، كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌مان بیستووه وشه‌ی عه‌قڵی تیایه: عه‌قڵی ئامرازیی مۆدێرن (لای قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت) كه ڕه‌خنه‌یه له عه‌قڵی زانستی و هه‌ژمێركاری ناو مۆدێرنه. یان لای هابه‌رماس، عه‌قڵی په‌یوه‌ندیخواز ده‌بینین، كه عه‌قڵێكه له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی و لێكتێگه‌یشتن به‌نده. لێره‌وله‌وێش ده‌سته‌واژه‌ی "عه‌قڵی كوردی" به‌كاردێت، كه به‌شی خۆی ناڕوون و كێشه‌داره. پێده‌چێت زه‌ینی كوردی، ده‌ربڕینێكی شیاوتر بێت؛ چونكه زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فیی ته‌واو بۆ یه‌كه‌میان نه‌ڕه‌خساوه.
