
سەروتاری ڕێگای کوردستان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٢٨ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیدا، ڕۆژنامەی (ڕێگای کوردستان) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات و سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قەڵەم و ئازادیی دەردەبڕێت. لەم یادە شکۆدارەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پێگەی هەستیاری ڕاگەیاندن دەکەینەوە، وەک "دەسەڵاتی چوارەم" و چاودێرێکی وردی دامەزراوەکانی حوکمڕانی. میدیا تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری، بەڵکوو سەکۆیەکی فراوانە بۆ گفتوگۆی دیموکراسیانە، کە هۆشیاریی سیاسیی کۆمەڵگە بەرز دەکاتەوە و هاووڵاتییان دەکاتە کارەکتەری کارا لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا.
سەرباری ئەم پێگە گرنگە، دۆخی هەنووکەییی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە. بەپێی دواهەمین ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ، ساڵی ڕابردوو وێنایەکی تاریکی لە پێشێلکارییەکان تۆمار کردووە؛ دیاردەی "دەربازبوون لە سزا" و نەبوونی لێپرسینەوە، بوونەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین. کردەوەکانی وەک: تەقەکردن لە ڕۆژنامەنووسان، هەوڵی تیرۆرکردن، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، هێرشکردنە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و داخستنیان، پەلاماردانی تیمەکانی ڕووماڵکردن، شاردنەوەی زانیاری و جیاکارییکردن لە پێدانی زانیاریدا، تا دەگاتە بەزاندنی سنووری تایبەتمەندیی کەسی و پشکنینی مۆبایل؛ هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ پاشەکشەیەکی مەترسیداری مەودای ئازادییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، قەیرانەکە تەنها لە دەرەوەی دامەزراوە میدیاییەکان نییە، بەڵکوو لە ناوخۆی دەزگاکانیشدا کێشەی پێکهاتەیی و یاسایی بوونیان هەیە. بێبەشبوونی کارمەندان لە بیمەی کۆمەڵایەتی، نەبوونی گرێبەستی کاری دادپەروەرانە، زیادبوونی دیاردەی دوورخستنەوەی ڕۆژنامەنووسان لە کارەکانیان بەبێ پاساوی یاسایی، و دواکەوتن یان پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، دۆخێکی ناهەمواری ئابووری و دەروونیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست کردووە.
پەرەسەندنی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە، کەلێنێکی قووڵ و مەترسیدار لە نێوان دەقە یاساییەکان و واقیعی جێبەجێکردنیاندا دەردەخات. هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک یاسای پێشکەوتووە، وەک یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ کە ئامانجی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە، هەروەها یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣ی تایبەت بە مافی دەستکەوتنی زانیاری، کە زانین وەک مافێکی بنەڕەتیی هاووڵاتییان دەناسێنێت؛ بەڵام نەبوونی ئیرادەی جێبەجێکردن، ئەم یاسایانەی لە دەقێکی زیندووەوە کردووە بە مەرەکەبی سەر کاغەز.
ئێمە خەبات دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەک، کە سەروەریی یاسای تێدا بەرجەستە بێت، ڕێز لە فرەڕەنگی و جیاوازییەکان بگیرێت، و هیچ جۆرە جیاکارییەک قبووڵ نەکرێت. دەبێت ڕۆژنامەنووسان لە هەڕەشە و توندوتیژی پارێزراو بن، هیچ قەڵەمێک بەبێ فەرمانی یاسایی دادگا دەستبەسەر نەکرێت، دامەزراوە میدیاییەکان لەژێر فشاری سیاسیدا دانەخرێن، و چیتر دەسەڵات بە چاوی دوژمن لە ڕۆژنامەنووس نەڕوانێت.
چاکسازی و باشکردنی ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییە. ئەم هەنگاوە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە کە میدیا وەک "هاوبەشێکی نیشتمانی" لە پرۆسەی چاودێری و چاکسازیدا ببینێت. جێبەجێکردنی ئەمەش، دەبێتە هۆی ڕەواندنەوەی ئەو ڕەخنە و تێبینییە نەرێنییانەی کە ساڵانێکە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ئاراستە دەکرێن و کاریگەریی خراپیان خستووەتە سەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهاندا.
لەم بۆنە مێژووییەدا، بە توندی داواکارین دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار کۆتایی بە هەراسانکردن و دەستگیرکردنی ناڕەوای ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بهێنن. پێویستە دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسە سزادراوەکان ئازاد بکرێن، و لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و بێلایەنانە لەو هێرش و ڕێگرییانە بکرێت کە کراونەتە سەر تیمەکانی ڕاگەیاندن، تاوەکوو بکەرانیان ڕاپێچی بەردەم دادگە بکرێن و سزای یاساییی خۆیان وەربگرن.
لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە؛ دامەزراوەکانی (ڕێگای کوردستان) و (ئازادی)، بەشێکی دانەبڕاو و ڕەسەنی بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردین. لە درێژایی مێژووی کۆن و نوێی کوردستاندا، ئەم دامەزراوانە نەک تەنها ئەرکی ڕاگەیاندنیان وەک هێزێکی چاودێر و ڕاگری هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان لە خزمەتی گەل و پرۆسەی دیموکراسیدا جێبەجێ کردووە، بەڵکوو بوونەتە مینبەرێکی پتەو بۆ بزاڤی ڕۆژنامەگەریی چەپ و داکۆکیکاری سەرسەختی ئەدەبیات و مافەکانی چینی کرێکار و ڕەنجدەران.