
ئا / ڕێگای کوردستان
لە کاتژمێر ١١:٣٠ی بەیانی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، مێژووی شارێکی مەدەنی بۆ هەمیشە گۆڕدرا. ئەو ڕۆژەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق بە فەرمانی "عەلی حەسەن مەجید" ناسراو بە عەلی کیمیایی، جەرگبڕترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا و شارەکەی بە گازە کوشندەکانی وەک خەردەل و سارین لەناوبرد.
سیناریۆی کارەساتەکە و وێرانکردنی هەڵەبجە.
پێش ڕووداوە جەرگبڕەکە، هەڵەبجە لە ڕووی سەربازییەوە گۆڕانکاریی خێرای بەخۆوە بینی. لە ١٥ی ئازاری ١٩٨٨، سوپای عێراق بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ پاشەکشەی کرد و شارەکەی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران جێهێشت. ئەمە بووە پاساوێک بۆ ڕژێمی بەعس تا لە بەیانی ١٦ی ئازاردا، لە کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ، گەورەترین تاوانی کیمیایی دژ بە مەدەنییەکان ئەنجام بدات.
فڕۆکەکانی بەعس بە تێکەڵەیەک لە گازە کوشندەکانی وەک (خەردەل، فۆس جین، سارین، تابون، سیانید و VX) شارەکەیان بۆردومان کرد. گەڕەکەکانی (کانی پیر محەمەد، کانی قوڵکە، سەراو و جولەکان) بوونە چەقی کارەساتەکە و پاشان بۆردومانەکە گوندەکانی دەوروبەری گرتەوە تا سنوورەکانی ئێران.
ئامارە پڕ لە گومانەکان و کێشەی ناسنامەی قوربانییان.
بەگوێرەى رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ پێنج هەزار و 461 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار و 800 کەسیش برینداربوون، کە 68%ى قوربانییەکان لە خوار تەمەنى 18 ساڵەوە بوون.
هەروەها 211 منداڵى 74 خێزانیش ونبوون، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسى بەشێکیان بەنادیارى ماوەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکان، زیاتر لە 700 برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و بەشێکى زۆریان دۆخى تەندروستییان ناجێگیرە.
بازرگانیی خوێن: ١٩٦ کۆمپانیا لە پشت تاوانەکەوە
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی توێژینەوەکە، ئاشکراکردنی ڕۆڵی نێودەوڵەتییە. ١٩٦ کۆمپانیا لە ١٩ وڵاتی جیهانەوە کەرەستەی چەکی کیمیاییان بە عێراق فرۆشتووە. لەو لیستەدا ١٨ وڵاتیان ئەوروپی و پێشکەوتوون (تەنها میسر وەک وڵاتی عەرەبی تێدایە). ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و یاسایی دەخاتە سەر شانی ئەو وڵاتانە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییان.
هاوبەشانی بێدەنگی و بازرگانیی بکوژ و ئامارە شۆککەرەکان:
هەرچەندە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی جیهانی سەرکۆنەی کرا، بەڵام بەڵگەنامە مێژووییەکان ڕاستییەکی تاڵتر دەسەلمێنن. بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئەو وڵاتانەی لەبەردەم کامێراکاندا هاوسۆزییان بۆ هەڵەبجە دەردەبڕی، خۆیان لە پشت پەردەوە ژێرخانی سەربازیی عێراقیان بۆ ئەو کارەساتە ئامادە کردبوو.
بەگوێرەی ڕێکخراوی "ویسکۆنسن پرۆجێکت"ی ئەمریکی، عێراق دەیان هەزار تۆن کەرەستەی خاوی بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی لە چەندین وڵاتەوە هاوردە کردووە، کە دیارترینیان ئەمانەن:
• سەنگاپوورە: ٤,٥١٥ تۆن.
• هۆڵەندا: ٤,٢٦١ تۆن.
• هیندستان: ٢,٣٤٣ تۆن.
• میسر: ٢,٤٠٠ تۆن.
• ئەڵمانیای ڕۆژئاوا: ١,٠٢٧ تۆن.
ئەمە تەنها کەرەستە خاوەکان نەبوون، بەڵکو تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی دروستکردنی چەکەکەش بە ڕێژەی ٥٢.٦٪ لە ئەڵمانیا، ٢١.٦٪ لە فەرەنسا و ١٦٪ لە نەمساوە بۆ ڕژێمی بەعس دابین کرابوون. تەنانەت کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک "فلیپس" و "ئالکۆلاک ئینتەرناشناڵ" ناویان لەو لیستەدا هاتووە کە کەرەستەی کوشندەیان بە ڕژێمەکەی سەدام حوسێن فرۆشتووە.
چاوپۆشیی هەواڵگیریی ئەمریکا و بێدەنگی نێودەوڵەتی.
لە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "فۆڕن پۆڵەسی"دا کە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی (CIA) کراوە. بەپێی بەڵگەکان، واشنتن نەک هەر ئاگاداری هەبوونی ئەم چەکە قەدەغەکراوانە بووە لای عێراق، بەڵکو لەڕووی هەواڵگیرییەوە هاوکاریی سوپای عێراقی کردووە بۆ دیاریکردنی شوێنی هێزەکانی ئێران، لەکاتێکدا دەیانزانی سەدام ئەو زانیارییانە بۆ لێدانی کیمیایی بەکاردەهێنێت.
ئەم هاوکارییە نێودەوڵەتییانە وایکردووە کە کارەساتی هەڵەبجە تەنها وەک تاوانێکی ناوخۆیی نەبینرێت، بەڵکو وەک بەرهەمی تاکتیکێکی سیاسیی نێودەوڵەتی لێی بڕوانرێت کە تێیدا مرۆڤایەتی کرایە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی جەنگ.
واتا وڵاتانی دەرەوە و جیهان لەم ڕووداوە بێدەنگ بوون، تەنانەت حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشی سەر کوردەکان ئەنقەست نەبووە و ویستیان تاوانەکە بخەنە پاڵ ڕژێمی ئێران، کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد، لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە لە ٢١ی ١٢ی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا، لە بەرواری ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند، لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لە پاش ٣٤ دانیشتنی دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە، پەرلەمانی عێراقیش لە ١٧ی ئاداری ٢٠١١دا لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە ٤٤ بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند
لێکەوتە تەندروستییە مەترسیدارەکان.
کاریگەریی چەکە کیمیاییەکان تەنها لەو ساتەدا نەمایەوە، بەڵکو وەک "جینۆسایدێکی سست" تا ئەمڕۆش لە جەستەی دانیشتوانی هەڵەبجەدا ڕەنگی داوەتەوە.
هەروەها دوای کیمیابارانکردنی ناوچەکە، رێژەی لەبارچوون 14 هێندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار هێندە زیادیان کردووە، لەگەڵ زیادبوونى
لەدایکبوونی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم، شەلەلی دەماغ و تێکچوونی جەستەیی بەهۆی تێکچوونی جیناتەکانەوە. نەزۆکی، و تێکچوونی کۆئەندامی هەناسە و کێشەی پێست و چاو.
ژینگەی ژەهراوی: بەهۆی پاکنەکردنەوەی ژێرزەمینەکان و بەکارهێنانەوەی کەرەستەی خانوە ڕوخاوەکان، هێشتا مەترسی ژەهراویبوون لە هەندێک ناوچەدا ماوە.
قەرەبوو نەکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن عێراق.
لە دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 2007 ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەکان کرا و لە ساڵی 2010 لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بریاری جینۆسایدی دەرکرد و لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بڕیارەکە پەسند کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقی نوێی وەک میراتگری ڕژێمی بەعس، ئامادە نەبوون قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی قوربانیان و کەسوکارەکانیان بکەنەوە.
عێراقی نوێ، لە دوای 22 ساڵ لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، دووشەممەی ڕابردوو، 10ی ئاداری 2025، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە بری هاتنە ژێر باری جیبەجێکردنی بڕیاری قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری قوربانیان، لە بڕیارێکدا ڕایگەیاند "ڕۆژی یەکشەممەی 16ی ئاداری 2025، لە دامودەزگاکانی عێراق پشووی فەرمی دەبێت."
دۆخی ئێستای شارەکە و گازەندەی هاوڵاتیان.
سەرەڕای ئەوەی هەڵەبجە ئێستا وەک پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە، بەڵام هێشتا ئاسەواری وێرانکارییەکانی ساڵی ١٩٨٨ بە سیمای شارەکەوە دیارن. کەمیی خزمەتگوزارییە تەندروستییە پسپۆڕییەکان بۆ بریندارانی کیمیایی، یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکانی دانیشتوانی شارەکە کە تا ئێستاش باجی ئەو تاوانە گەورەیە دەدەن.
هەر بۆیە خەڵکی هەڵەبجە بەنیگەرانیەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرباری ئەو ئازارەی لە کیمیاویدا توشیان بوو، بەڵام حکومەتی هەرێم بەپێی پێویست بەدەم داواکاریەکانیانەوە نەهاتوە و تەنها بەڵێنی بێ کرداریان پێدەدرێ .
جێی ئاماژەیە هاوڵاتیانی هەڵەبجە چەندین جار هەڵوێستی بەشدارینەکردنییان لە مەراسیمی ساڵانەی کیمیابارانکردنی شارەکەیان ڕاگەیاندووە: لەبەرئەوەی دەڵێن هەڵەبجە پەراوێز خراوە و بەپێی قەبارەی کارەساتەکە و قوربانیەکانی خزمەت نەکراوە،