
مەكتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندیی حزبی شیوعی، بە بۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری شۆڕشگێڕ (ڤلادیمێر ئیلیچ لینین) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە:
🔹لینینیزم قۆناغێكی مێژوویی تێپەڕیو نییە، بەڵكوو میتۆدۆلۆژیایەكی زانستییە بۆ خوێندنەوەی واقیعی ئاڵۆزی ئابووری و سیاسیی ئەمڕۆ و گۆڕینی تیۆری بۆ پراكتیك.
🔹جەنگ و ململانێكانی ئێستای جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەلمێنەری تێزەکەی لینینن؛ كە ئیمپریالیزم بەرزترین قۆناغی سەرمایەدارییە و ململانێكان لە کرۆکدا بۆ دابەشكردنەوەی ناوچەكانی هەژموون و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی وزەیە.
🔹 هەرێمی كوردستان لە چەقی گەردەلوولی ئەم ململانێ جیۆپۆلەتیكییەدایە. بەڵام قەیرانەكانی هەرێم تەنیا دەرهاویشتەی گوشاری دەرەكی نین، بەڵكوو دەرئەنجامی لۆژیكیی سیستەمێكی حوكمڕانیی چەوت و باڵادەستیی نوخبەیەكی دەستەڵاتداری بۆرژوازییە.
دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامەیەک لە مەكتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان
بە بۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی ڤلادیمێر ئیلیچ لینین؛ لە نێوان حەتمییەتی ململانێی چینایەتی و قەیرانە پێكهاتەییەكانی سیستەمی سەرمایەداریدا
لە (٢٢ی نیسان)دا، بزاڤی چەپ و كۆمۆنیستیی جیهانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلان، یادی لەدایكبوونی بیرمەندی مەزن و شۆڕشگێڕی پراكتیك (ڤلادیمێر ئیلیچ لینین) دەكەنەوە. لینینیزم لە ڕوانگەی ئێمەوە قۆناغێكی مێژوویی تێپەڕیو نییە، بەڵكوو میتۆدۆلۆژیایەكی زانستی و زیندووە بۆ خوێندنەوەی واقیعی ئاڵۆزی ئابووری و سیاسیی سەردەم؛ ئەو ڕابەرەی كە تیۆریی ماركسیزمی كردە پراكتیك و دابڕانێكی مێژوویی دروست كرد و بە دامەزراندنی یەكەمین دەوڵەتی كرێكاری، ئومێدی ڕزگاریی چینایەتیی كردە واقیعێكی بەرجەستە.
ئەمڕۆ كە ئەم یادە دەكەینەوە، جیهان بە قووڵترین قەیرانی پێكهاتەییی سیستەمی سەرمایەداریدا تێدەپەڕێت. تەواوی ئەو جەنگ و ململانێ خوێناوییانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی دیكەی جیهاندا دەگوزەرێن، سەلمێنەری حاشاهەڵنەگری تێزە بەناوبانگەكەی لینینن سەبارەت بە (ئیمپریالیزم وەك بەرزترین قۆناغی سەرمایەداری). ململانێی نێوان ئەمریكا، ئیسرائیل، ئێران و زلهێزەكانی دیكە، لە كرۆكی خۆیدا، ململانێیەكی ئایدیۆلۆژی و ئایینیی ڕووت نییە، بەڵكوو پێكدادانی بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەكانە بۆ سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی ناوچەكانی هەژموون، دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەكانی وزە، و قۆرخكردنی بازاڕەكان. لەم هاوكێشە دڕندانەیەی لۆژیكی سەرمایەدا، سەرەوەریی وڵاتان پێشێل دەكرێت و خوێنی هاووڵاتییانی سڤیل و چینی زەحمەتكێش دەبێتە سوتەمەنیی مانەوەی دەسەڵاتە كۆنەپەرست و میلیتاریستەكان.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی كوردستان لە چەقی گەردەلوولی ئەم ململانێ جیۆپۆلەتیكییەدایە. بەڵام قەیرانەكانی هەرێم تەنیا دەرهاویشتەی گوشاری دەرەكی نین، بەڵكوو دەرئەنجامی لۆژیكیی سیستەمێكی حوكمڕانیی چەوت و باڵادەستیی نوخبەیەكی دەستەڵاتداری بۆرژوازییە، كە ئابووریی وڵاتیان خستووەتە خزمەت پرۆسەی (كەڵەكەكردنی سەرمایە)ی كەسی و حزبی. پەیڕەوكردنی سیاسەتی نیۆلیبڕاڵیزم، بەتایبەتیكردنی كەرتی گشتی، بێبەهاكردنی هێزی كاری مرۆڤ لە ڕێگەی دواخستن و بڕینی كرێ (مووچە)ی كارمەندان، و نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی، دۆخێكی دروست كردووە كە تێیدا چینێكی كەمینە قۆرخی سەرجەم جومگەكانی سامانی نیشتمانیی كردووە، لە كاتێكدا زۆرینەی ڕەهای كۆمەڵگە لەژێر هێڵی هەژاری و نامۆبوونێكی قووڵی سیاسی و ئابووریدا دەناڵێنێت.
ئەم ململانێ سیاسییەی ئەمڕۆ لە نێوان هێزەكانی دەسەڵاتدا دەگوزەرێت، ململانێیەك نییە لەسەر دیدگای نیشتمانی یان چاكسازیی ئابووری، بەڵكوو كێبڕكێیەكە لەسەر پشكی زیاتر لە سەرمایەی پاوانكراو. ئەم پەرتەوازەیییە، نەك تەنیا دەزگاكانی وەك پەرلەمان و حكوومەتی ئیفلیج كردووە، بەڵكوو پێگەی دانوستاندنی هەرێمی كوردستانیشی لە بەرامبەر حكوومەتی فیدراڵیی بەغدا بە تەواوی لاواز كردووە، و قەوارەی سیاسیی هەرێمی خستووەتە بەردەم هەڕەشەی جددیی هەڵوەشانەوە و دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی.
لە ڕوانگەی ئەركی مێژوویی و شۆڕشگێڕانەی حزبی شیوعیی كوردستانەوە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە فرەڕەهەندانە، بە تەنیا لە ڕێگەی چاكسازیی ڕووكەش و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە نێوان باڵەكانی بۆرژوازیدا نایەتە دی. بەڵكوو چارەسەری ڕیشەیی پێویستی بە دامەزراندنی بەرەیەكی فراوانی چەپ، دیموكرات و پێشكەوتنخواز هەیە؛ بەرەیەك كە ئامانجی سەرەكیی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بێت لە بەرژەوەندیی چینی كرێكار و زەحمەتكێشان. گەڕاندنەوەی سەروەریی یاسا، گەرەنتییكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم، و دابینكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، پڕۆسەیەكی دیالەكتیكییە و لە یەكتر جیا ناكرێنەوە.
لە ساڵیادی لەدایكبوونی لینینی مەزندا، با ئەو تێزەی ڕابەری شۆڕش بكەینە چەقی خەباتمان كە "هیچ بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕانە بەبێ تیۆرییەكی شۆڕشگێڕانە بوونی نییە". ئەركی هەنووكەییمان، هۆشیاركردنەوەی جەماوەرە لە پێگەی چینایەتیی خۆیان و ئاراستەكردنی ناڕەزایەتییەكانە بەرەو خەباتێكی ڕێكخراو دژ بە ستەمی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی چینایەتی.
∎ شكۆدار بێت یادی لەدایكبوونی ڤلادیمێر ئیلیچ لینین، ڕابەری پڕۆلیتاریای جیهان.
∎ بۆ پێشەوە بەرەو یەكخستنی ڕیزەكانی هێزی كار لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی سەرمایەداری و گەندەڵیدا.
∎ سڵاو لە گیانبەختكراوانی ڕێگای نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار و ئازادی و سۆسیالیزم.
مەكتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندیی
حزبی شیوعیی كوردستان
(٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤)