
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی دوو شەهیدەکەی گوندی زەرگەزەوی، ڕەخنەی توندی لە حکومەتی فیدراڵ گرت و ڕایگەیاند: "بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە نەناوە." جەختیشی کردەوە کە بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی بەغدایە بۆ ڕێگریکردن لەو پەلامارانە.
سەرۆکوەزیران هێرشەکانی بە "بێ پاساو و بێ هۆ" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەوانەی دەستیان بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت، زوو بێت یان درەنگ بە سزای خۆیان دەگەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گلەیی و ناڕەزایی خۆیان گەیاندووەتە لایەنە ئێرانییەکان و پێیان ڕاگەیاندوون کە: "هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە و مەترسی نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک."
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لە پەیوەندیدان و هیوای خواست بتوانرێت سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە دابنرێت، دووپاتیشی کردەوە کە لەسەر ڕێبازی شەهیدان بۆ پاراستنی خاک و ئازادیی گەل بەردەوام دەبن.