لەو کاتەوەی بیرمەند و ڕۆماننووسی ئیتاڵی «ئەمبێرتۆ ئیکۆ» تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بە سەکۆی  (گەوج و گێلەکان )ناو برد، ئیتر هەمووان کاتی ڕەخنە گرتن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەر ئەو قسەیە دەجونەوە. لێ وادیارە ئەم (گەوج و گێلانە) ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، باشتر لە مەبەستەکانیان دەگەن و دۆست و نەیاری خۆیان چاکتر دەناسن؛ لێرەوە گۆڕاون بۆ لەشکرێکی جاهیل لە فەزای مەجازیدا، و بوونەتە کێشە و گرفت لەبەردەم کرانەوە و ئەقڵی ئازاددا. 
ئێستا جیهانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ئێمە، لە باری سیاسی و بیرکردنەوەدا، تووشی پشێوییەکی وا بووە کە خەریکە لە دەست دەردەچێت. لە نێو ئەم پشێوییەدا و بە ناوی ئازادییەوە، کۆمەڵێک بەھایی مرۆیی ڕووبەڕووی پێشێل کاریی ڕاستەوخۆ دەبنەوە. ھەر لە سایەی ئەم بێسەر و بەرییەدا، بەھایی گەندەڵ بڵاودەکرێنەوە و بەرگرییان لێدەکرێت، لە بەرانبەریشدا بەھایی ڕەسەن پەراوێز دەخرێن و نابووت دەکرێن؛ ئەمە ھەمووی بە ناوی (دیموکراسیی و ئازادیی ڕا  و ئازادیی دەربڕین)ەوە دەکرێت.
ئەم باردۆخە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە تەکنۆلۆژیا وەک: بازدانێکی کتوپڕ هاتە ناو کۆمەڵگەی ئێمە و کۆمەڵگە دواکەوتووەکان. فەیسبووک لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە ڕەفتارێکی گشتی، لێ لە کاتێکدا هات کە ئەو فەرهەنگ و فەلسەفەیەی بۆ ئەم ژیانە شارستانییە پێویست بوو، بوونی نەبوو. 
بەدیدی من، هیچ شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیی بێ شۆڕشێکی فەرهەنگیی هاوتا، خێری تێدا نییە. هیچ دیموکراسییەکیش لە ڕاگەیاندندا بوونی نییە گەر مرۆ لە ژیانی ڕۆژانەیدا فێری دیموکراسیی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبووبێت؛و پەروەردەی  فەرهەنگێک نەبێت کە بتوانێت بەهاکان بپارێزێت و ڕێزیان بگرێت. ئازادیی تاک ئەوە نییە مرۆ خۆی بکوژێت، چونکە خۆکوشتن ئازادی نییە، بەڵکە دەستدرێژییە بۆ سەر بەهای ژیان. بەکارهێنانی فەیسبووک بێ بوونی فەرهەنگی (دانپێدانان و جیاوازی و فرەیی)، خۆکوشتنێکی بەکۆمەڵە.
دیموکراسیی لە مافی بەکارهێنانی ئەم ئامرازە نوێیانە، ڕەنگە کارەساتی لێبکەوێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵگانەی کە هەرگیز ڕەنگی دیموکراسییان لە ژیانیاندا نەبینیوە. ئازادیی ڕادەربڕین واتای ئەوە نییە هەرچی بە دەمت هات بیڵێی؛ بەڵکە ئازادی و دیموکراسی دوانەی لێک دانەبڕاون. دیموکراسی ئەوە نییە زۆرینە بە هێزی ژمارە و قەرەباڵغی کەمینە بخنکێنێت و ببنە دیکتاتۆر دژی ئەوان.
لە سەرەتادا، فەیسبووک لە جیهانی ئێمەدا لایەنێکی باشی هەبوو؛ خەڵقی دژی ستەمی سیاسی و دەمداخستن بەکاریان هێنا. ڕۆشنبیران  فەیسبووکیان کردە سەکۆیەک بۆ زانین و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و پاراستنی بیروبۆچوونەکانیان. لێ لەپڕ ئەم سەکۆیە لە ماوەی دە ساڵدا لە سەکۆی دەنگی ڕووناکبیرانەوە، گۆڕا بۆ سەکۆی توندوتیژی و تەکفیر و جوێن و ناوزڕاندن و جەهل. زۆر سەیرە؛ ئەم ئامرازانە بەرهەمی مێشکی ڕۆژئاوای بێدین و دیموکراسیە، کەچی ئێستا کەوتوونەتە دەستی هێزە دواکەوتووەکان؛ ئەوانەی بڕوایان بە مافی مرۆ و جیاوازیی ئایین و ڕەگەز نییە. سەیرتر لەوەش، ئەم تەکنۆلۆژیا ڕۆژئاواییە بەکاردێنن بۆ ئەوەی پەلاماری خودی ڕۆژئاوای (بێبڕوا و کافر) بدەن! بۆ وێرانکاری و کوشتن بەکاری دێنن لەناو ئەو جوگرافیایەی کە داهێنەری ئەم تەکنۆلۆژیایە بووە.
نها تەکنۆلۆژیای نوێ هەموو کەسی خستووەتە یەک مەیدانەوە، بەڵام زۆرینەی ڕەهای گەمەکەرەکان نەک یاساکان نازانن، بەڵکوو بڕواشیان پێی نییە. هەندێک لە نێو مێژوویەکی پڕ لە بەهای مرۆییەوە هاتوونەتە ناو کایەکە، لێ هەندێکی تر، لەناو فەرهەنگی کوشتن و چەوساندنەوە و تۆڵەسەندنەوەوە هاتوونەتە ناو مەیدانەکە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەکۆی ئازادی و هۆشیاری و پێکەوەژیانەوە، بوونەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی گەجەر و گوجەر و لۆتی و توندڕەوی ئایینی و  تیرۆریست و..هتد، بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و جوێن و خوێن لە نێوان کۆمەڵگادا. 
نها لە بەردەم ئەم بڵاوبوونەوە گشتییەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵگەکەمان پێی دەنێتە نێو سەردەمێکی نوێوە. تێیدا پۆپۆلیزمی سیاسیی و ئایینیی بەرەو پاشەکشان دەچێت لە بەرانبەر ھێز و ڕەفتارێکی سیاسیی، و فەرهەنگی و ئایینیی نوێدا. ئەگەر ئامرازە کۆنباوەکانی وەک؛ ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن (پۆپۆلیزم)یان بەرھەم ھێنابێت، ئەوا میدیایی نوێی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک (شەعبۆکراسی) یا (Peuplecratie) بەرھەم ھێنا؛ کە بریتییە لە پشێویی لە دیموکراسییدا، یا نەخۆشیی دیموکراسیی سەردەم. ئەگەر دیموکراسیی لایەنە ڕووناکەکەی مێژوو بێت، ئەوا شەعبۆکراسی گەیشتنە بە دەسەڵاتی ڕا بە بێ بوونی فەرهەنگ و سیاسیەت و ڕێز گرتن لە مافی مرۆ. ئێستا سوپایی مێشوو و مەگەزە ئەلیکترۆنییەکان کە لە خەڵقی بێهزر و بێپەروەردە و ئاژاوە گێڕ پێکھاتوون، پانتایی گشتییان داگیر کردووە و بە ناوی زۆرینەوە توندوتیژیی پەیڕەو دەکەن.
ــــــــــــــ
* ئەمبێرتۆ ئێکۆ (١٩٣٢ ـ ٢٠١٦)، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە سەکۆی گێل و گەوجەکان ناوەدەبات و دەڵێت:(لایەنی مەترسیداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە، ئەوەیە: مافی گوتنی بۆ گەجەر و گوجەر و بۆ لەشکری لە ژمارە نەهاتووی خەڵکانی گەوج و گێل و گەمژە دابین کردووە، کە جاران قسەیان لە سنووری چایخانەیەک، یان باڕێک تێپەڕی نەدەکرد و زیانی بە کۆمەڵ نەدەگەیاند. ئێستا قسەی کەسێکی هیچوپووچ بە هۆی فەیسبووکەوە، هەمان شانسی بڵاوبوونەوەی قسەی ئەدیبێکی مەزنی هەیە کە نۆبڵی لە ئەدەبدا وەرگرتبێت، ئەمەیش زۆر نیگەرانم دەکات.)
*سەرنج، ئەم وتارە بەشێکە لە پەرتووکێکی بڵاونەکراوەم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا