
ڕێگای کوردستان
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەناو تونێلێکی تاریکی بێکۆتاییدا دەناڵێنن و بوونەتە قوربانیی یەکەمی سیاسەتە هەڵەکان. لە پاشەکەوتی زۆرەملێ و لێبڕینی بێبەزەییانەوە بگرە، تا دەگاتە دواکەوتن و فەوتانی یەکجارەکیی مووچەکانیان، ئەم توێژە ڕۆژانە باجی گەمەیەکی سیاسیی مەترسیدار دەدەن.
دەسەڵاتدارانی هەرێم، لەو سەردەمەی بێباکانە و بە سەربەخۆ نەوتیان دەفرۆشت، بەردەوام پاساوی ئەوەیان دەهێناوە کە داهاتی ڕەشی نەوت بەشی دابینکردنی مووچە ناکات. لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، ئامادە نەبوون لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێکی شەفاف و دادپەروەرانە، باجی ئەم ڕێکنەکەوتنە و دروشمی بریقەداری ئابووریی سەربەخۆ، تەنها سفرکردنەوەی گیرفان و بڕینی قووتی خەڵک بوو.
خەندەئامێزتر لەوەش، دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٣، دەسەڵاتداران منەتیان بەسەر مووچەخۆراندا دەکرد و پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە تا کلیل و پارەی نەوت لەدەستی خۆیاندا بووە، مووچەیان بە باشی و بێ کێشە دابەش کردووە.
ئەم تراژیدیایە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتە ئاستێکی مەترسیدارتر. لە مانگی ٤ی ئەو ساڵەدا، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە ڕێککەوتنەکانەوە، بەغدا وەک کارتی فشار، ناردنی مووچەی هەرێمی بە یەکجاری ڕاگرت. هەرچەندە لەکۆتاییدا لەژێر فشارێکی قورسدا هەرێم چۆکی دادا و ناچار کرا نەوتەکەی ڕادەست بکات، بەڵام لەم نێوەندەدا مافی خەڵک پێشێل کرا و دوو مووچەی تەواوی خەڵک لەنێوان ململانێی هەردوو حکومەتدا بە ناحەق فەوتا و هەرگیز قەرەبوو نەکرانەوە.
ئێستاش، لەبری ئەوەی پەند لە ڕابردوو وەربگیرێت، کێشەیەکی دیکەی توند سەری هەڵداوەتەوە. بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکی حکومەتی عێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە، گرژییەکی قووڵ لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە. ئەم سەرکێشییە نوێیە، دیسانەوە شمشێری بڕینی مووچە و بێقووتی خستووەتەوە سەر ملی مووچەخۆران.
بۆ زیاتر لە دەیەیەکە، قوت و ژیانی مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بووەتە کاڵایەکی هەرزان لە ململانێ نەوتییەکاندا، ئەوەی لەم نێوەندەشدا باجە قورسەکە دەدات تەنها هاووڵاتیی سادەیە، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ کۆتایهێنان بەم یارییە سیاسییە هەبێت.