
ڕاپۆرت: ڕێگای کوردستان
لە چوارچێوەی گەشەسەندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، پەکینی پایتەختی چین میوانداریی شاندێکی باڵای "سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی" کرد. ئەم سەردانە کە لە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦ وەک یەکەمین چالاکیی ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەم ساڵدا دەستی پێکرد و لەلایەن "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی شیوعی چین" (IDCPC) و لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە پێشوازی کران. ئەم سەردانە چوار ڕۆژی خایاندوو لە ماوەی مانەوەیدا شاندی سەنتەرەکە بۆ پەکین، نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ تێگەیشتن لە مۆدێلی حوکمڕانی چینی و بونیادنانی "داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی" کێشا.
وێستگەی یەکەم: زاکیرەی زیندوو و ئیرادەی سیاسی
سەردانەکە لە ٧ی نیسان بە "مۆزەخانەی مێژووی حزبی شیوعی چین" دەستی پێکرد. شاندەکە لە نزیکەوە ئاشنای چۆنیەتی گرێدانەوەی "تێکۆشانی ڕابردوو" بوون بە "تەکنەلۆژیای داهاتوو". ئەم وێستگەیە نیشاندەری ئەو ئیرادەیە بوو کە توانیویەتی مۆدێلێکی نوێی گەشەپێدان بخوڵقێنێت کە تێیدا مۆدێرنیتە و پاراستنی ناسنامە ئاوێتە کراون.
دیالۆگی ستراتیژی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دیدگای پەکینەوە
لە ڕۆژی دووەمدا، دیدارەکان ئاستێکی باڵای سیاسییان بەخۆوە بینی. لە کۆبوونەوە لەگەڵ جین شین، جێگری وەزیری (IDCPC) و یو وێی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی ڕۆژئاوای ئاسیا، جەخت لەسەر گۆڕینی "ململانێی شارستانیەتەکان" بۆ "تەواوکاریی شارستانی" کرایەوە. چین بە ڕەسمی سەنتەرەکەی وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا ناساند بۆ گواستنەوەی دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک "شی جین پینگ" بۆ ناو واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قووڵایی مەعریفی و ئەکادیمی
شاندەکە لە ڕۆژی سێیەم و چوارەمدا، ڕوویان کردە ناوەندە بڕیارەبەدەستە فیکرییەکان:
• پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا (CASS): لێرەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر "فیکری دیپلۆماسیی نوێی چین" کرا و بڕیاری ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی توێژەر درا.
• قوتابخانەی حزبیی لیژنەی ناوەندی (ئەکادیمیای نیشتمانی): لە دیدار لەگەڵ پرۆفیسۆر لی وێنتانگ، باس لە میکانیزمەکانی پێگەیاندنی کادری پێشکەوتوو و شیکردنەوەی تیۆرییەکانی بەڕێوەبردن کرا. سەنتەرەکە وەک "شەریکێکی فیکری کاریگەر" بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی هاوبەش جێگیر کرا.
نەخشەڕێگایەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی هەرێم
جێی وەبیر هێنانەوەیە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەڕێزان جین شین و یو وێی، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە "سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی" وەک پردێکی مەعریفیی نێوان چین و ناوچەکە دەبینرێت. لایەنی چینی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی گواستنەوەی مۆدێلی گەشەپێدانی چینی بۆ ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بە شێوەیەک کە لەگەڵ تایبەتمەندییە کلتووری و شارستانییەکانی گەلانی ناوچەکەدا بگونجێت. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێم لە ڕێگەی ئەم سەنتەرەوە ببێتە چەقی دیالۆگی شارستانی و سوودمەند لە دەرفەتە ئابوری و فیکرییەکانی چین.
کەنارگیرکردنی میدیایی و مۆنۆمێنتی مێژوویی
کۆتایی گەشتەکە بە سەردانی مۆنۆمێنتی یەکەم کۆنگرەی نیشتمانیی حزبی شیوعی چین و ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ دامەزراوە گەورەکانی وەک Global Times ،China Daily و Shanghai Media Group هات.
لە پەراوێزی ئەم سەردانە دیپلۆماسییەشدا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە ستراتیژییە بکرێت کە "سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی" (GCI Research Center) تەنها دامەزراوەیەکی ئەکادیمیی ڕووت نییە، بەڵکو بەرهەمی هەماهەنگییەکی قووڵ و مێژووییە لە نێوان حزبی شیوعیی چین و حزبی شیوعیی کوردستان