كرێكاران، زەحمەتكێشان،
جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان...
هەموو ساڵێك لە ١ی ئایاردا، چینی كرێكار، زەحمەتكێشان و تەواوی هێزە یەكسانیخوازەكانی سەرانسەری جیهان، بە شێوازی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە مەزنە دەكەنەوە. ئەم یادە تەنیا بۆنەیەك نییە بۆ بیرهێنانەوە، بەڵكوو وێستگەیەكە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی چینایەتی، هەڵسەنگاندنی قۆناغەكە، ڕێزگرتن لە مێژووی پڕشنگداری بزووتنەوەی كرێكاری و ئامادەكاری بۆ خولێكی نوێی ململانێ لە دژی سیستمی چەوسێنەری سەرمایەداری.
لەم ڕۆژەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو تێكۆشان و قوربانیدانەی چینی كرێكار دادەنوێنین كە لە مێژووی خۆیدا، پێشكەشی بە كاروانی ڕزگاریی مرۆڤایەتی كردووە. بەتایبەتی قوربانیانی مانگرتنە مەزنەكەی یەكی ئایاری ١٨٨٦ و ڕووداوەكانی گۆڕەپانی هایماركێت لە شاری شیكاگۆی ئەمریكا، كە تێیدا ژمارەیەك كرێكار شەهید و دەیانی تریش بریندار كران بە دەستڕێژی گوللەی پۆلیسی بەكرێگیراوی سەرمایەداری. لەو سەردەمەدا، دەسەڵاتی بۆرجوازی لەبری وەڵامدانەوە بە داخوازییە ڕەواكانی كرێكاران بۆ دیاریكردنی ٨ كاتژمێر كاركردن لە ڕۆژێكدا، ڕێگەی سەركوتكردن و لەسێدارەدانی ڕابەرانی كرێكاری و سەندیكایی گرتەبەر، بەڵام خوێنی ئەو گیانبەختكردووانە بووە هەوێنی بزووتنەوەیەكی جیهانی كە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.
هاوكات لەگەڵ یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە مێژووییە، سیستمی سەرمایەداریی جیهانی و مۆدێلە نیۆلیبڕاڵەكەی بە قۆناغێكی سەختی پڕ لە قەیرانی قووڵی ئابووری، پەیكەری و سیاسیدا تێدەپەڕێت. سەرمایەداریی جیهانی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە كوشندانە، وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی، هەوڵ دەدات باجی قەیرانەكانی بخاتە سەر شانی گەلانی تر و چینی كرێكار و پەراوێزخراوان. لەم پێناوەشدا، لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی جەنگە ئیمپریالیستییەكان، دروستكردنی پشێوی، دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان، و پێشێلكردنی تەواوی مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، دەیەوێت هەژموونی خۆی بپارێزێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێیدا عێراق و هەرێمی كوردستان، وەك بەشێكی دانەبڕاو لەم جیهانە پڕ لە نادادییە، بەتوندی كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی بەرنامە و سیاسەتەكانی ئەم سیستمە تاڵانچییەوە، كە قازانجی مادی و كەڵەكەبوونی سەرمایە دەخاتە سەروو كەرامەت و ژیانی مرۆڤەكانەوە.
دەرەنجامی ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتە ملهوڕانەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، جگە لە توندبوونەوەی ململانێ هەرێمایەتییەكان و هەڕەشەی بەردەوامی شەڕ و ماڵوێرانی، بووەتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێكی حوكمڕانیی نوێنەرایەتیكراو لەلایەن بۆرجوازیی ناوخۆییەوە كە دامەزراوەكانی هەرێمی پەكخستووە. قۆرخكاریی بازاڕ، پشتگوێخستنی یاسا، پشتیوانیی هێزی چەكدار لەبری دامەزراوەی مەدەنی، و دابەشبوونی دەسەڵات، ژینگەیەكی لەباری بۆ گەشەكردنی گەندەڵی و ئابوورییەكی مشەخۆر و كرێخۆر (ڕەیعی) خوڵقاندووە. ئەم دۆخە كاریگەریی وێرانكەری لەسەر ژیانی خەڵكی هەژار و زەحمەتكێش داناوە، بە جۆرێك كە بەپێی ئامارەكان ڕێژەی بێكاری لە عێراق و هەرێمدا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار (نزیكەی ١٥٪ بەگشتی و زیاتر لە ٣٠٪ لە ناو گەنجاندا).
سیاسەتی ئابووریی بەرخۆرانە، وێرانكردنی ژێرخانی پیشەسازی و كشتوكاڵی، و یاساكانی وەبەرهێنان كە تەنیا خزمەت بە سەرمایەدارانی كۆمپرادۆر دەكەن، ئابووریی نیشتمانییان ئیفلیج كردووە. بازاڕەكانی ئێمە كراونەتە ساغكەرەوەی كاڵای دەرەكی، كە ئەمەش نەك تەنیا كەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆی وێران كردووە، بەڵكوو كاسبكاران، خاوەن پیشە بچووكەكان، و جوتیارانی بەرەو مایەپووچبوون و پەیوەستبوون بە ڕیزی سوپای بێكاران بردووە.
یەكی ئایار، وێستگەیەكە بۆ پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوەی بزووتنەوەی چەپ و كۆمۆنیستی. ئێمە لە حزبی شیوعیی كوردستان، لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەكەینەوە كە وەك هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داكۆكیكردن لە مافەكانی چینی كرێكار، زەحمەتكێشان و سەرجەم چەوساوەكان دەمێنینەوە. وەك بەشێكی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی كۆمۆنیستی و كرێكاریی جیهان و ناوچەكە، ئەم ڕۆژە مێژووییە بە دەرفەت دەزانین تا بانگەوازی سەرجەم كرێكاران بكەین بۆ خۆڕێكخستن و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی چینایەتی. ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوەی كرێكاری فێری كردووین كە «ماف دەسەندرێت و پێشكەش ناكرێت»، سەندنی مافەكانیش تەنیا لە ڕێگەی یەكگرتوویی، مانگرتن، و ڕێكخراوبوون لە حزب و لە سەندیكا سەربەخۆكاندا بەدی دێت.
هاوكات، جەخت لەسەر گرنگیی دروستكردنی بەرەیەكی فراوانی هاوخەباتی دەكەینەوە لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە چەپ و ئازادیخوازەكان، بۆ تێكۆشانی هاوبەش لە پێناو گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە مۆدێلی سیاسی و ئابووریی حوكمڕانیی هەرێمدا.
پێویستە لە ڕێگەی فشاری جەماوەری، سیاسی و سەندیكاییەوە، كار بۆ هێنانەكایەی یاسایەكی سەردەمیانەی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بكرێت كە لەگەڵ پێوەرەكانی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی (ILO) یەك بگرێتەوە.
داواكارییە هەنووكەییەكانی ئێمە بریتین لە: دابینكردنی هەلی كاری گونجاو، دیاریكردنی لایەنی كەمی كرێی كار كە وەڵامدەرەوەی بژێوییەكی شایستە بێت، سەلامەتیی پیشەیی لە شوێنی كار، هەروەها ڕاگرتنی شاڵاوی بەتایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان و دوانەخستنی مووچەو گەرانەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران .  
لە هەمان كاتدا، بەتوندی جەخت لەسەر مافە ڕەواكانی ژنان و ئافرەتانی كرێكار دەكەینەوە؛ كە پێویستە كەرامەتیان لە شوێنی كاردا بەتەواوی بپارێزرێت و ژینگەیەكی سەلامەتی دوور لە هەر جۆرە توندوتیژی و چەوساندنەوەیەكی دەروونی و جەستەیییان بۆ دەستەبەر بكرێت. هەروەها داوای یەكسانیی كرێ لە بەرامبەر كاری یەكسان، و دابینكردنی تەواوەتیی مافەكانی دایكایەتی (وەك مۆڵەتی دایكایەتیی بەمووچە و كردنەوەی دایەنگە لە ناوەندەكانی كاردا) دەكەین، بۆ ئەوەی ئافرەتانی كرێكار بتوانن بەبێ ترس لە لەدەستدانی كارەكانیان یان هەراسانكردن، ڕۆڵی خۆیان لە بەرهەمهێنان و كۆمەڵگەدا بگێڕن. 
دەبێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك تەندروستی، خوێندن، ئاو و كارەبا وەك مافێكی گەردوونیی بێبەرامبەر بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دابین بكرێن.
لە كۆتاییدا، لەم ڕۆژە شكۆدارەدا، سڵاوی شۆڕشگێڕانە دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شیكاگۆ و سەرجەم ئەو كرێكارانەی لە پێناو بەرگریكردن لە مافەكانیان گیانیان بەخشی. هاوپشتیی تەواوی خۆمان بۆ بزووتنەوەی چەپ، كۆمۆنیستی و كرێكاریی جیهانی دووپات دەكەینەوە.
کرێکارانی جیهان یەکگرن .
بڕووخێت سیستمی چەوسێنەری سەرمایەدار .
 سەركەوێت خەباتی یەكگرتووی كرێكارانی بیر و بازوو .
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعیی كوردستان
٢٩/٤/٢٠٢٦

وتاری نووسەران