
سوید، یەڤلێ – رێگای کوردستان
ئەمڕۆ ١ی ئایاری ٢٠٢٦، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرفراوان لە شاری "یەڤلێ" لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو. لەم چالاکییەدا کە لەلایەن حزبی چەپی سویدییەوە ڕێکخرابوو، نەرمین نەجمەدین مامۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، بەشداربوو.
ڕێپێوانەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران، زەحمەتکێشان و لایەنگرانی ڕێبازی چەپ بەڕێوەچوو.
لە ڕێپێوانەکەدا، سامۆیل گۆنزالێز، ئەندامی پەرلەمانی سوید لەسەر لیستی حزبی چەپ، وتارێکی سیاسی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی سوید و ڕەخنەی لە هەژموونی حزبە ڕاستڕەوەکان گرت کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزیی دۆخی کۆمەڵایەتی. ناوبراو بەتایبەتی بەرگری لە مافی پەنابەران کرد و ڕایگەیاند: "ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران کارێکی ناڕەوایە و لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئازادی و پێکەوەژیان ناگونجێت، چونکە پەنابەران توانیویانە بە هێز و توانای خۆیان خزمەتێکی گەورە بە سوید پێشکەش بکەن."
هەروەها ئەندام پەرلەمانەکەی حزبی چەپ جەختی کردەوە کە سیستەمی ئێستای سوید لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا نییە و پێویستە هەمووان کار بکەن بۆ داڕشتنەوەی سیستمێک کە ئاسایشی وڵات و ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان فەراهەم بکات.


