
دەقی وتاری هاوڕێ «هیوا عومەر» جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، لە «سێیەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دژەفاشیست لە مۆسکۆ»
لە زمانی عەڕەبییەوە وەرگێڕدراوە:
کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر
سڵاوێکی هاوڕێیانەی شۆڕشگێڕانە بۆ ئامادەبووان. سوپاس و پێزانینی بێپایانمان ئاراستەی هاورێیانی حزبی شیوعیی ڕووسیای فیدڕاڵ و هاوڕێ (زیوگانۆف) دەکەین بۆ ڕێکخستنی ئەم دەسپێشخەرییە گرنگە.
خوێندنەوەی حزبی شیوعیی کوردستان بۆ پەرەسەندنی جەنگ و ئیمپریالیزمی هاوچەرخ
"ئیمپریالیزم و تێرۆری نێودەوڵەتی لە سەدەی ٢١دا: هۆکارەکانی سەرهەڵدان، ئامانج و شێوازەکانی"
ئیدی مەحاڵە سەیری ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە جیهاندا دەگوزەرێن بکەین – لە جەنگی جینۆساید لە غەززەوە، بۆ بەردەوامیی خوێنڕشتن لە ئۆکرانیا و سوودان، و هێرشەکانی ئەمریکا لە یەمەن و عێراق، تا دەگاتە هەڕەشەی لکاندنی گرینلاند و داگیرکردنی ڤەنزوێلا و سەرکوتکردنی گەلی کوردستان – وەک ڕووداوی پچڕپچڕ و جیاواز؛ بەڵکو ئەمانە دەربڕینێکی ئۆرگانیی سیستەمی ئێستای جیهانن. توندوتیژی لێرەدا تەنها نیشانەیەکی کاتی نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی ئەم سیستەمەیە.
ئامارەکان قووڵیی قەیرانەکە دەردەخەن؛ خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا (٢٠١٦-٢٠٢٥) بە ڕێژەی ٤١٪ زیادی کردووە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئامێری جەنگ و لەسەر حیسابی کەرتە زیندووەکانی دیکە. ئەمە "کەڵەکەبوونی سەرمایە"یە لە ڕێگەی وێرانکارییەوە.
یەکەم: توندوتیژیی بونیادی - تێپەڕاندنی لێکدانەوەی ئەخلاقی
تێڕوانینە لیبڕاڵییەکان لە لێکدانەوەی دووبارەبوونەوەی توندوتیژیدا شکستیان هێناوە، چونکە دەیگەڕێننەوە بۆ هۆکاری ئەخلاقی یان تاکەکەسی. لە بەرامبەردا، شرۆڤەی مارکسی جێگرەوەیەکی بونیادیمان پێشکەش دەکات: توندوتیژی ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە و خزمەت بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان دەکات. سەرمایەداری لە ڕێگەی "کەڵەکەبوونی سەرەتایی" و لە ڕێگەی جینۆساید و کۆلۆنیالیزمەوە لەدایکبووە، بەردەوامبوونی ئەمڕۆشی پێویستی بە شێوازی نوێی توندوتیژی هەیە بۆ دابینکردنی مەرجەکانی کەڵەکەبوون. جەنگ بەم دیدگەیە، درێژکراوەی ململانێی چینایەتییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کاتێک دیپلۆماسی دەستەوەستان دەبێت لە دابینکردنی قازانج.
دووەم: کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی و هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانان
ئەم کۆمەڵگە پیشەسازییە بووەتە بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداری. ئەمە بە ڕوونی لە "هەڕەشە و گوشارەکانی" سەر هاوپەیمانانی ناتۆدا دەردەکەوێت؛ بە جۆرێک ئیدارەی ترەمپ سەپاندوویەتی کە خەرجییە بەرگرییەکان تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ٥٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (دوای ئەوەی پێشتر ٢٪ بوو). ئەمەش واتە ڕەوانەکردنی سەدان ملیار دۆلار لە گیرفانی باجدەرانی ئەوروپییەوە بۆ کۆمپانیاکانی چەکی ئەمریکی. ئیمپریالیزمی هاوچەرخ، هاوپەیمانەکانی خۆیشی لە ڕێگەی ئامرازە قازانجخوازەکانەوە کۆلۆنیالیزە دەکات.
سێیەم: ئیمپریالیزمی ئەمریکی - لە "کۆتایی مێژوو"وە بۆ چاوچنۆکیی ڕاستەوخۆ
ساتەوەختی ئێستا ڕاستیی شرۆڤەکەی لینین بۆ ئیمپریالیزم وەک "باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری" دەسەلمێنێتەوە. ئیدارەی دووەمی ترەمپ کۆکەرەوەی هەڕەشەی لکاندنی گرینلاند، لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەستێوەردان لە ڤەنزوێلا بوو. ترەمپ دابڕان نییە لە ڕێڕەوی ئیمپریالیزم، بەڵکو چڕکردنەوەیەکی زەق و ڕاشکاوانەی لۆژیکی ئیمپریالیزمە؛ ئەو دەمامکەکانی "مافی مرۆڤ"ی لابرد و زمانی ڕاشکاوانەی "سەرچاوەکان" و "زەوی" لەباتی بەکارهێنا.
چوارەم: گەلی کوردستان - قوربانییەکی هەمیشەیی بۆ هاوکێشەی ئیمپراتۆریەتەکان
هیچ شرۆڤەیەک بێ ئاوڕدانەوە لە کێشەی کورد تەواو نابێت؛ ئەو برینەی کە سنوورەکانی "سایکس-پیکۆ" نەخشاندیان. کورد کە ژمارەیان لە ٤٠ ملیۆن کەس تێپەڕ دەبێت، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە ئەنجامی دابەشکارییە ئیمپریالیستییەکان کە لە ڕێگەی پەیماننامەی "لۆزان ١٩٢٣"وە چەسپێنران.
گهلان لە هاوکێشەی هێزە زلهێزەکاندا دەبنە ئامراز؛ واشنتۆن هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا (هەسەدە) کرد وەک سەرهێزی شەڕی دژ بە داعش، پاشان لە پێناو ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا پشتی تێکردن. گەلانی بێ دەوڵەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەبنە "دراوێکی ئاڵوگۆڕ" بۆ ساتوسەودا.
توندوتیژیی ئێستا: نموونەی ئەحمەد ئەلشەرع:
لەو کاتەوەی ئەحمەد ئەلشەرع (جۆلانی) لە کۆتایی ٢٠٢٤دا دەسەڵاتی لە دیمەشق گرتە دەست، هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان زیادیان کردووە. پێکدادانەکانی حەلەب لە نێوان تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بووەتە هۆی ئاوارەبوونی پتر لە ٤٦ هەزار کەس. جێی تێڕامانە، سەرکردەیەکی جیهادی کە پێشتر ناوی لە لیستی "تێرۆر"دا بوو، ئەمڕۆ لەژێر چەتری نێودەوڵەتی و هەرێمیدایە، لە کاتێکدا هێزە کوردییەکان کە شەڕی تێرۆریان کرد، ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان دەکرێنەوە.
ئەمە جەوهەری سیستەمی ئیمپریالیستییە: هاوپەیمانی هەمیشەیی نییە، بەڵکو بەرژەوەندیی چینایەتی گۆڕاو هەیە.
هەڵوێستی مارکسیستی بەرامبەر پرسی کورد پشت بە پرەنسیپەکەی لینین دەبەستێت: "مافی نەتەوەکان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان" پرەنسیپێکی دیموکراسیی بنەڕەتییە، و سەرکوتکردنی ئەم مافە ئامرازێکە بۆ تێکشکاندنی یەکێتیی چینە میللییەکان. ڕزگاریی کورد دژبەیەک نییە لەگەڵ ڕزگاریی گەلانی ناوچەکە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆی. هەر چەپێکی جیدی دەبێت بە ڕوونی لایەنگری مافی گەلی کوردستان بێت لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆی، دوور لە تاکتیکەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان.
پێنجەم: تیرۆر - کێ توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت؟
زاراوەی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە تیرۆری دەوڵەتە زلهێزەکان زۆر لە تیرۆری گروپەکان گەورەترە؛ قوربانیانی "جەنگی دژ بە تیرۆر"ی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە پتر لە ٤.٥ ملیۆن کەس بوون. ئیمپریالیزم خۆی مەرجەکانی تێرۆر بەرهەم دەهێنێت لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان و تێکدانی ئابوورییەکان، پاشان وەبەرهێنانی تێدا دەکات بۆ پاساودانی دەستێوەردانی زیاتر.
شەشەم: چین و دەوڵەت - کێ سوودمەندە؟
سوودمەندی سەرەکی، چینی سەرمایەداری پەیوەستە بە وزە، چەک و بازاڕە داراییەکانەوە، کە قازانجی خەیاڵی لە جەنگەکان دەست دەخەن، لە کاتێکدا کرێکاران و هەژاران باجەکەی دەدەن لە ڕێگەی باج و کەمکردنەوەی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان. ململانێ ڕاستەقینەکە لە نێوان چینەکانە کە سنوورەکان دەبەزێنێت، نەک لە نێوان نەتەوەکان.
حەوتەم: چی بکرێت؟ لە ڕەخنەوە بەرەو جێگرەوە
پێویستە ئەم شرۆڤەیە ئاسۆیەکی کردەیی لە ڕێگەی شەش ڕێڕەوەوە بکاتەوە:
١. داماڵینی شەرعییەتی کولتووری: هەڵوەشاندنەوەی زمانی ئیمپریالیزم و ناونانی داگیرکاری و جینۆساید بە ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان.
٢. بنیادنانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و کرێکارییەکان: چینی کرێکار و پەراوێزخراوان ئەو هێزەن کە دەتوانن ئامێری جەنگ پەک بخەن.
٣. هاوپشتیی ئەنتەرناسیۆنالیستی: هاوپشتی لەگەڵ کوردستان، فەڵەستین و ڤەنزوێلا پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ لاوازکردنی ئیمپریالیزم لە هەموو خاڵەکاندا.
٤. داماڵینی چەک: داواکردنی تەرخانکردنەوەی ئەو تریلیۆنەها دۆلارەی لە جەنگدا بەفیڕۆ دەچێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسییەتی، گۆڕانی کەشوهەوا و پەروەردە.
٥. تێپەڕاندنی سەرمایەداری: ئاشتیی هەمیشەیی پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا هەیە، و گرێدانی تێکۆشانی تاکتیکی بە ئاسۆیەکی جیهانییەوە کە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات.
٦. بنیادنانی پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی: ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزم و تێرۆر ئەرکێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە؛ پێویستە پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتیی دژە جەنگ دروست بکرێت کە وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کارا کار بکات بۆ ئاشکراکردنی فاشیزمی نوێ، و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ناوچەکانی ئاڵۆزی و پشتگیریکردنی خەباتی گەلان دژی دیکتاتۆری و پاراستنی کەمینەکان لە پاکتاوی ڕەگەزی.
کۆتایی: ئاشتی وەک ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە
ئاسایش تەنها بابەتێکی "سیاسەتی بەرگری" نییە، بەڵکو بابەتی شێوازی بەرهەمهێنانە. ئێمە لەبەردەم بژاردەی "سۆشیالیزم یان بەربەرییەت"داین؛ یان جیهانێک کە بە دادپەروەری ڕێکخرابێتەوە، یان خلیسکان بەرەو کارەساتێک کە هەڕەشە لە مانەوەی مرۆڤایەتی دەکات. شرۆڤەی مارکسی ئامرازێکی زیندووە بۆ دەرخستنی ئایدیۆلۆژیا، و خەبات دژی بونیادی سەرمایەداری تاکە کردەوەی ئاشتیخوازانەی گونجاوە.
