🔻ئەمریکا بودجەی پڕچەککردنی پێشمەرگەی گەیاندە سفر.

🔻پارتی و یەکێتی ئامادەنەبوون هێزەکان یەکبخەن. 

🔻بڕینی ئەم بودجەیە ئاماژەیەکی مەترسیدارە.

ڕێگای کوردستان

​بەپێی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، هاوکارییەکانی واشنتۆن بۆ مەشق و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سفر کەمکراوەتەوە. 
ئەمە لەکاتێکدایە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بڕی ٦١ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکرابوو.

​لە بەرامبەردا، ئەمریکا بودجەی هێزە عێراقییەکانی زیاد کردووە، بەشێوەیەک زیاتر لە ٣٨ ملیۆن دۆلار بۆ سوپای عێراق و ٥٧ ملیۆن دۆلار بۆ دژەتیرۆری عێراق تەرخانکراوە، کە کۆی گشتیی دەگاتە سەروو ٩٦ ملیۆن دۆلار. 
ئەم بڕیارە تەواکەری هەنگاوەکانی ساڵی ڕابردووە کە تێیدا هاوکاریی مانگانە ٦٠ ملیۆن دۆلارییەکەی پێشمەرگە بڕدرا.

​چاودێران پێیان وایە ئەم دۆخە سزادانێکی ڕاشکاوانەی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە سایەی پارتی و یەکێتی، چونکە سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا، پارتی و یەکێتی لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و پاراستنی بنەماڵەیی ئامادەنەبوون هێزەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیدا یەکبخەن. 

بڕینی ئەم بودجەیە ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە ڕەنگە لە داهاتوودا واشنتن هەنگاوی توندتر دژی پەرتەوازەیی هێزە چەکدارەکانی هەرێم بگرێتەبەر.

وتاری نووسەران