
ڕۆذى پێنجشەممە، لیژنەی هاوبەشی کاری چەپی کوردستان به بۆنهی 1ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان لە شاری سلێمانی ڕێکخست. خۆپیشاندانەکە بە بەشداری چین و توێژە جیاوازەکان ئەنجام درا و تێیدا جەخت لە پێویستی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و دادپەروەرانە بۆ چینی کرێکار کرایەوە.
هاوڕێ ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی کوردستان، كه بهشداری خۆپیشاندانهكهی كردبوو، کێشە و داخوازییەکانی کرێکارانی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی هەلی کار، نادادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی گشتی، و نەبوونی سیستهمی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، کێشەی سەرەکی چینی کرێکارن.
ئەبوکاروان ڕەخنەی توندی لە حکومەت گرت بەهۆی نەبوونی یاسایەکی نوێی کار و پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران، داواشی کرد کە دەنگی کرێکاران بەرزتر بکرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی باشتر.
