
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری، ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی داهاتوو، دوێنێ بارێکی نوێی دۆلاری کاش گەیشتووەتە بەغدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بە دوو قیستی جیاواز وەردەگرێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار لە بازاڕەکاندا.
ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دێت کە پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بەپێی ڕاپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ناردنی دۆلاری بۆ عێراق ڕاگرتبوو. ئەو بڕیارەی واشنتۆن وەک فشارێک بوو بۆ سەر بەغدا تاوەکو سنوورێک بۆ ئەو میلیشیایانە دابنێت کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە تێیدا ڕێگری لە گواستنەوەی 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق کرابوو.
