
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گەیشتوونەتە بنبەست، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغداد پێ دەنێتە قۆناغێکی توندتر و هەستیارتر.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن واشنتۆن زەمینەسازی دەکات بۆ ناچارکردنی سەرکردایەتی داهاتوو تاوەکو سەرکردە دیارەکانی گروپە چەکدارەکان دەستگیر بکات، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنییەکان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.
دیارترین ئەو کەسانەی لە لیستی داواکارییەکانی ئەمریکادان، ئەبو ئالا وەلائین. ئەم داواکارییانە حکومەتی داهاتوو دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، چونکە ئەم کەسایەتییە پێگەی سیاسی و سەربازیی کاریگەری لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا هەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گوشارانە، قەیرانی ناوخۆیی هێزە سیاسییەکان بەتایبەت لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی قوڵتر بووەتەوە، ناکۆکی نێوان نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی ڕێگرە لە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە واشنتۆن وەک کاردانەوەیەک، ناردنی بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوتی عێراق ڕاگرتووە.
ئێستا عێراق لە نێوان بەرداشی فشاری نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی میلیشیاکان و پاراستنی سەقامگیری ناوخۆییدا، لەبەردەم سیناریۆیەکی ئاڵۆز و چارەنووسسازدایە کە ڕەنگە نەخشەی سیاسی وڵات بگۆڕێت.
