ستار ئەحمەد

لە مێژووی گەلان و ململانێی نێوان ستەمکار و چەوساوەکاندا، هیچ دیاردەیەک بەقەد "خۆبێزاندنی دەسەڵات" مەترسیدار نییە، چونکە ئەمە ئەو خاڵەیە کە تێیدا پەیوەندی نێوان فەرمانڕەوا و هاوڵاتی دەگاتە بنبەست و دیوارێکی ئەستوور لە بێ متمانەیی دروست دەبێت. دەسەڵاتێکی شکستخواردوو، کاتێک دەبینێت توانای کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکان و ڕازیکردنی جەماوەری نەماوە، لە جیاتی چاکسازی و گەڕانەوە بۆ لای میللەت، پەنا بۆ توندوتیژی و بێزاندنی خەڵکی دەبات، ئەمەش بەرەنجامێکی تاڵ و وێرانکەری لێدەکەوێتەوە کە کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان و دوورکەوتنەوەیەکی یەکجاری دەبات. کاتێک ڕێگەی ئازادی و دەربڕینی دید و بۆچوونە جیاوازەکان لە ناوخۆدا دەگیرێت، دەسەڵاتدار بە کردەوەکانی وای لە هاوڵاتی و لایەنە سیاسییەکانیش دەکات ،کە لە داخی ئەو هەموو ناڕەوایی و چەوسانەوەیە، پەنا بۆ دوژمنانی میللەتەکەی خۆیان بەرن، نەک لەبەر ئەوەی دوژمنیان خۆش دەوێت، بەڵکو وەک پەرچەکردارێک دژی ئەو ستەمە ناوخۆییەی کە هەموو دەروازەکانی ژیانی لێ داخستوون.
ئەمە گەورەترین شکستی دەسەڵاتدارییە کە میللەتێک لە ناوماڵی خۆیدا هەست بە نامۆیی و بێپەناهی بکات و دەسەڵاتەکەی وەک داگیرکەرێکی ناوخۆیی ببینێت. چۆن دەکرێت دەسەڵاتێک کە بە ڕۆژی ڕووناک قووتی ڕۆژانەی خەڵکی دەدزێت و نانی دەمی منداڵانی ئەم نیشتمانە دەبڕێت، هێشتا بە بێشەرمی و ڕووپۆشی درۆوە هەڵگری دروشمی بەرزی و پیرۆزی بێت و بانگەشەی بەرزکردنەوەی ئاڵای نیشتمان بکات..؟
 ئاڵا و نیشتمان پێش هەر شتێک بە واتای پاراستنی ئابڕوو و بژێوی هاوڵاتی دێت، نەک برسیکردن و سەرکوتکردنیان. ناکرێت و قبوڵکراو نییە، کە سەرکردایەتییەک لە دوورەوە و لە ناو کۆشکە زێڕینەکانیدا کەرکوک بە دڵی کوردستان دابنێ و بە وشەی بریقەدار یاری بە هەستی خەڵک بکات، کەچی کاتێک کار دەگاتە سەر کردار، تەنانەت بە ڕێبواریش بێزی نەیەت بە ناو کۆڵانە خەمناکەکانی ئەو شارەدا تێپەڕێت و ئازارەکانیان لە نزیکەوە ببینێت. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردنە، تەنیا بازرگانیکردنە بە پیرۆزییەکان و بەکارهێنانی ناوی شارەکانە بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی.
دەسەڵاتداریی بە وشەی بریقەدار و درۆی ڕەنگاوڕەنگ و ڕاپۆرتی میدیایی چەواشەکار پێکنایەت، بەڵکوو دەسەڵاتداریی زانستی دادپەروەری و دابەشکردنی یەکسانی سەروەت و سامانە. دەسەڵاتێک کە لە ئاستی داواکارییە ڕەواکانی میللەتەکەی خۆیدا لووتی لە چیاکانیش بەرزتر بێت و سەری لە پۆڵا ڕەقتر بێت و ئامادەی هیچ سازش و گفتوگۆیەک نەبێت، کەچی بۆ هەر فشارێکی دەرەکی و ناحەزانێک چەپڵە لێبدات و کڕنۆش بەرێت، هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێی متمانەی گەلەکەی. ئەم جۆرە ڕەفتارانە وایکردووە کە خەڵک بگەنە قەناعەتێکی وا کە ئەم دەسەڵاتە تەنیا بۆ پاراستنی خۆی و دارو دەستەکەی دەژی، نەک بۆ خزمەتی گشتی. لێرەدا بێزاندنەکە دەگاتە ئاستێک کە تاکەکان و لایەنەکان هەست بە نامۆبوونی تەواو دەکەن و هیچ بەهایەک بۆ دروشمە نەتەوەییەکان نامێنێتەوە، چونکە کاتێک نیشتمان نەتوانێت نانت بۆ دابین بکات و ئازادیت بۆ بپارێزێت، ئیتر بۆ زۆرێک تەنیا دەبێتە تەلبەندێکی گەورە. کاتێک دەسەڵاتدار چێژ لە چەوسانەوەی هاوزمانەکەی خۆی دەبینێت و لە هەمان کاتدا بەرانبەر بە بێگانە دەبێتە پارە پەرستێکی گوێڕایەڵ، ئەوە نیشانەی کۆتایی هاتنی ڕەوادانیی ئاکارییە.
پێویستە ئەم دەسەڵاتە بزانێت کە مێژوو بەزەیی بە کەسدا  نایەتەوەو ئەو دیوارەی لە نێوان خۆی و خەڵکدا دروستی کردووە، ڕۆژێک بەسەر سەری خۆیدا دەڕووخێت. برسیکردنی میللەت و دزینی سامانی گشتی و پاشان داوای نیشتمانپەروەری کردن، گەورەترین سووکایەتییە بە ئەقڵی مرۆڤ. نیشتمان تەنیا خاک نییە، بەڵکو مرۆڤەکانن؛ کاتێک مرۆڤەکانت بێزار کرد و وات لێکردن بێز لە خاک و زمان و نەتەوەی خۆیان بکەنەوە بەهۆی کارە ناڕەواکانتەوە، ئەوا تۆ گەورەترین ناپاکیت لە مێژوو کردووە. دەسەڵاتداری ڕاستەقینە پێویستی بە دڵسۆزی و پاکی و دەستپاکی هەیە، نەک بە فێڵ و تەڵەکەی سیاسی و خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی منداڵە هەژارەکان. کاتێک دەسەڵاتێک دەبێتە هۆکاری ئەوەی گەنجەکانی وڵاتەکەی سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە هەندەران بکەن، کاتێک زاناکان و بیرمەندەکان پەراوێز دەخرێن و مشەخۆرەکان دەکرێنە پێشەنگ، ئەوا ئەو دەسەڵاتە نەک هەر شکستی هێناوە، بەڵکو بووەتە بارێکی گران بەسەر شانی مێژووەوە.
بەکورتی، ئەم دۆخە ناهەموارەی ئێستا تەنیا بە گۆڕانکاری بنەڕەتی و گەڕانەوەی شکۆ بۆ مرۆڤ و سزادانی دز و گەندەڵەکان چاک دەبێت. شکستی دەسەڵاتداریی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕاپەڕینی وشیاری و داواکردنی مافە خوراوەکان. میللەتێک کە فێری نان خواردن بە ئارەقەی نێوچاوان بووبێت، هەرگیز تەسلیمی ئەو دەسەڵاتە نابێت کە دەیەوێت بە برسیکردن بیخاتە سەر ئەژنۆ. کاروانی خۆبێزاندن هەموومان بەرەو هەڵدێرێکی وا دەبات.. کە هیچ گەڕانەوەیەکی تێدا نەبێت، مەگەر ئەوەی ویژدانێکی زیندوو لە ناو جومگەکانی ئەم وڵاتەدا سەر هەڵبداتەوە و کۆتایی بەم هەموو ستەمە بێنێت کە ناوی نراوە حوکمڕانی. نیشتمان پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە لەگەڵ ئازارەکانی کەرکوک و هەموو شارەکاندا بژیت، نەک تەنیا لە کاتی گوتارەکاندا ناویان بێنێت. هەتا ئەو کاتەی دەسەڵات لووتی لە گارە بڵندتر بێت، بێزاندن و دوورکەوتنەوەی خەڵکیش بەردەوام دەبێت.

وتاری نووسەران