
ڕائد فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، لە پەیامێکی نوێدا داوای پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی ڕاگوزەر دەکات. فەهمی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە ئەم حکومەتە خاوەن ئەرکی ڕوون و دیاریکراو بێت بۆ دەربازکردنی وڵات لە تەنگژەکان.
هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت کارەکانی ئەم کابینەیە لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراو و ڕاگەیەندراودا بێت.
ئەم هەڵوێستەی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی لە کاتێکدایە، کە لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ڕێکبکەون.
ئەم بنبەستە سیاسییە وایکردووە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات، داوای بژاردەی دیکە بکەن، وەک پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی یان ڕاگوزەر، تاوەکو وڵات لەم چەقبەستووییە ڕزگار بکەن و زەمینە بۆ قۆناغێکی نوێ بڕەخسێنن.