
لە نوێترین گرژیی دیپلۆماسی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، بە توندی ئیدانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان و سووریا کرد.
ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە حەلەب و دیمەشق و بەیروتەوە دەست پێدەکات.
ناوبراو هۆشداری دا کە ئامانجی ئیسرائیل جێبەجێکردنی خەیاڵی خاکی بەڵێندراوە و دەیەوێت ئاشوب لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دوورگەی قوبرس بنێتەوە. ئەردۆغان جەختی کردەوە کە تورکیا چاوپۆشی لە هیچ هێرشێک ناکات و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر مافی قوبرسییە تورکەکان، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە توندی وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە و ڕایگەیاند، ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژەجووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کورد و گەلەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە و نەیارانی زیندانی دەکات و پشتگیری لە حەماس دەکات.
نەتانیاهوو ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان گەلەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە و نەیارانی زیندانی دەکات.
نەتانیاهوو دووپاتی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەم ئاڵوگۆڕە توندەی تۆمەتەکان، قوڵبوونەوەی ململانێ سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشان دەدات. لە کاتێکدا ئەردۆغان هەوڵ دەدات خۆی وەک بەرگریکاری سەروەریی وڵاتانی دراوسێ و مافە ناوچەییەکان نیشان بدات، نەتانیاهوو بە بەکارهێنانی دۆسیەی کورد و نەیارانی ناوخۆیی تورکیا، هەوڵی بێبەهاکردنی هەڵوێستەکانی تورکیا دەدات. ئەم دۆخە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی ئەنقەرە لەو کردارانە.
