
سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند'' پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "دۆستانە و بەرهەمدار"ی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامداوە.''
پەیوەندییەکە ٤٥ خولەکی خایاندووە و تێیدا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و تارانیان تاوتوێ کردووە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان ستایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە بۆ ناردنی وەفدێکی باڵا بۆ پاکستان بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی گفتوگۆکانی ئەمدواییەی تاران کردووە لەگەڵ "عاسم مونیر"، فەرماندەی گشتی سوپای پاکستان، کە ڕۆڵیان لە لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە.
شەهباز شەریف لە پەیوەندییەکەدا، پزیشکیانی لە ناوەڕۆکی گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە، قەتەر و تورکیا ئاگادار کردووەتەوە. ئەمەش نیشانەی بوونی هەماهەنگییەکی فراوانترە لە ئاستی ناوچەکەدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان، هەرچەندە شەریف ئاماژەی بە هیچ گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا نەکردووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی پاکستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی، بە پاڵپشتی هاوبەش و دۆستەکانی، بە تەواوی پابەندە بە ڕۆڵی خۆی وەک "نێوەندگیرێکی دڵسۆز و ڕاستگۆ". ئامانجی ئەم هەوڵانەی پاکستان، وەک شەریف باسی کردووە، هێنانەدی ئاشتییەکی هەمیشەیی و چەسپاندنی سەقامگیرییە لە تەواوی ناوچەکەدا.