
(وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی تێگەیشتنی مانا (وەک ڕێگا لەبەردەم ڕۆیشتن)دا بکەمەوە، بۆ ئەوەی لە سەردەمی (ڤیرچواڵ- Virtual)دا چەمكی (لەڕێگا- دروستبوون، نەك لە ئەنجام)دا وەك ڕاستی بدوێ و تێگەیشتنی مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا هێزی بوونی هەبێت... شاڕستەی (ئێمە تەنها جیهانی دیجیتاڵی بەكارناهێنین، بەڵكە ئەو جیهانە شێوەی بیركردنەوە و بوونمان دروست دەكاتەوە.) تەتەڵە دەكەم؛ بەو مانایەش چێژی (تەماشا-كردن) لە ژینگەی ڤیرچواڵدا تەنیا ساتێكی خۆش نییە، بەڵكە وەك (گەڕان-Search) بنەمای هەستەکان و تێگەیشتنی بوونی مرۆڤ دروست دەکاتەوە.
كەواتە (مانا- وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا زانیاری و ڕاستی، دەسەڵات و كۆنترۆڵ، ناسنامەی گۆڕاوی مرۆڤ (تۆ-ی ئۆنلاین) لەخۆ دەگرێت، بەڵام تەنها سەرنج بێتە سەر چەسپاندنی (خود)ی ڕێگا، دەشێوێت؛ چونكە ڤیرچواڵ توانایە، خود نییە؛ واتە لەنێوان تەماشا و مانادا ئاستێکی نەبینراو، هەڵبژاردنەكانمان دیاری دەكەن و ئارەزووەكانمان ئاراستە دەكەن؛ بەڵام لەنێوان تەماشاكردن و مانادا خود ئامادەیە... لێرەدا مرۆڤ (وەك ماددەی خاو) لەڕێگای گەڕاندا دەبێتە (وێنە، نیشانە، لۆگۆ- داتا)، بەڵام مرۆڤ وەك هەست و خود لەڕێگای تەماشا-كردندا دەبێتە مانا!.
لە ژینگەی ڤیرچواڵدا بیرۆكەی مرۆڤ وەك داتا، هیچ ناوەندێكی سەرەكی نییە، لەگەڵ هەمووشیان لە پەیوەندیدایە، چونكە دەگەڕێ ناتوانێ بوەستێ؛ بەڵام مرۆڤ وەك مانا، ناوەندێكی یەکگرتوو و ڕوونی هەیە، لە تەماشاكردندا دەوەستێ... لە پرۆسەی گەڕاندا سنووری نێوان ڕاست و ناڕاست تێك دەچێت و ڤیرچواڵ دەبێتە بەشێك لە ڕاستی، دەبێتە (وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)، ئەوە ناسنامەی گۆڕاوی تێكەڵبوونی مرۆڤ و تەكنەلۆژیایە: (سایبۆرگ)ە؛ بەڵام هەست و خود، ناسنامەی مانایەكی یەکگرتوو و ڕوون و سەقامگیرە.
ئێمە لە جیهانی دیجیتاڵییدا تەماشای خێرایی زانیارییەکان دەکەین، كە هەموو شتێ دەبێتە: فەوڕی؛ كات كورت دەبێتەوە و دەبێتە: كاتی هەنووكە؛ ناتوانین لە زێدەگەڕاندا بوەستین و کارێکی دیکە بکەین چونكە بە پرۆسەی گەڕان مەست دەبین، لە زانستی خێراییدا مەست دەبین، هەمیشە چێژ لە گەڕانی زێتر وەردەگرین.
لە ئامرازە دیجیتاڵییەکان (مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێت)ەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرن و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن؛ بەو مانایە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان (سێنسەر-Sensor: داتاكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی دەگۆڕن) کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووەكانمان دادەنێن و لەڕێگای چێژبەخشینەوە مافی ئەوە بەخۆیان ڕەوا دەبینن حەزەكانمان تەتەڵە بکەن و گۆڕان لە بیركردنەوەماندا بكەن!
بۆچی لەوە ناپرسی زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ)ەكانمان کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتوومان دەكەن... لەوە ناپرسی كاتێك (تەماشا) لەسەر شتێ ڕادەگری، بۆچی هەمیشە ئەو شتە دروست دەبێتەوە؟!
هەموو ئەوانە، وەك ئەوەیە (مانا) لە شاشەی ئامرازە دیجیتاڵییەكاندا لە دروستبوونەوەدا تەماشای (هەمووان) بکات، تەنها (خود) نەبێت! لێرەدا تێگەیشتن (تەماشاكردن)ە و بە دەستبازی دروستبوونەوەوە مەستە؛ بەڵام ئامرازە دیجیتاڵییەكان (تەماشا)ی ئەوی دیکە دەکات، كە من نیم! من پێویستە تەماشای- بکات، بۆ ئەوەی مۆڵەق بێ و ئەوی دیكە نەبینێ؛ كەواتە ئامرازە دیجیتاڵییەكان تەماشا-ی هەموو شتێک دەکات تەنها منی مۆڵەق نەبێت؛ بەدیوەكەی دیكە شاشە لە ئاستێکی نەبینراودا لە (تەماشا-کردن)م ناکەوێت.
بەمجۆرە ژینگەی ڤیرچواڵی هاوشێوەی بەربوونەوەی تێگەیشتن بەشدارییەک لە هەستە مرۆییەکاندا دەوروژێنێت: تەماشا لە گەڕاندا تێگەیشتن فریوو دەدا و چێژێكـ دەبینێ کە لە گەڕانی مانادا نییە، بەڵكە لە جوولەی شاشەدایە؛ كەواتە مرۆڤ لە زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن بەدەست ناهێنێ، بەڵکە تەماشای شاشەیەک دەکات یان چێژێ دەیبات کە بەخێرایی لە گەڕاندا لێی ڕەتدەبێت.
لێرەوە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان سەلماندوویانە ئەوە جوولەی زانینە تەماشای مرۆڤ دەکات، نەك تێگەیشتنی چەسپاو؛ مرۆڤ لەو زانیارییە دیجیتاڵییانەدا تێگەیشتن حاسڵ ناکات، بەقەد ئەوەی سێنسەرەکان لە گەڕان بەنێو دەروونی مرۆڤدا حاسڵی دەکەن! سێنسەرەکان لە تەماشای مرۆڤ دۆخێکی سایکۆلۆژی بەرهەم دەهێننەوە.
بۆچی مرۆڤ لە گەڕان بە دوای زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن (وەك ئەزموون) حاسڵ ناکات؟ چونکە زانیارییەکان تەماشای مرۆڤ ناکەن، تەماشای شاشە (کامیرا) دەکەن! واتە تەماشای جوولەی چاوێکی دیکەی مەتەڵاوی دەکەن، كە كامیرا- شاشەیە، چاوێك كە لە تەماشا ناوەستێ! بەڵام هەست و خود و ئەزموون لە دۆخی وەستاندایە، بۆیە (تەماشا) فریووی دەدات... ئەو شتەی چاومان لەسەریەتی جوولەی (شاشە)یە و لەو بابەتە (گەڕان) ڕاستەقینەتر دیارە کە بەرانبەری وەستاوین، یان لەو داتایەی بەدوایدا دەگەڕێین ڕاستەقینەتر دەردەكەوێت؛ هەڵبەتە لە بابەتی گەڕان و شاشەدا (زڕەوێنە-Simulacra- وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)ی (ژان بۆدریارد) ڕێكارەكانی فریودان ڕوونتر دەركاتەوە.
هونەری گەڕان
لە مانادا (تەماشا-كردن) لەسەر بابەت دەوەستێ، بەڵام ئەو وەستانەی تێگەیشتن، ئەو تایبەتمەندییە نییە کە هونەری گەڕان (هونەری پرسیارکردن)ی پێدەناسرێتەوە، چونكە تێگەیشتنی بابەت دەبێتە ئەزموونێكی خودی، واتە مانا (تەماشا) بۆ ئەوی دیکەی (كردن) دەچەسپێنێ و هیچ کارێکی دیکە ناکات تەنها ئەوە نەبێت كە دەوەستێت؛ چونكە مانا مافی ئەوەی هەیە و پێویستە لەسەری (تەماشا) لە شوێنێ (مۆلەق) بكات؟! بەڵام مەرج نییە گەڕان هەرگیز (تەماشا) بکاتە (كردن)؛ گەڕان وەك ڕێگا لە ڕۆیشتندا (تەماشا)ی هەموو شتێک دەکات تەنها مانای (كردن) نەبێت، تەنها ئەزموونی خود نابینێت، كەواتە (من) وەك (كردن) مانام!
بێگومان زانیارییە دیجیتاڵییەکان بەبێ خواستی خۆیان وێنەیان گیراوە، بۆیە لە مانا و تێگەیشتن تێدەپەڕن و سەیری شاشە- کامیرا دەکەن و لە گەڕاندا مانا دروست دەكەنەوە، ئەزموون دروست ناكەن؛ بەمجۆرە لەنێوان ئامرازی کامیرا و تەماشا هیچ جۆرە تێگەیشتنێ بۆ گەڕان نییە، جگە لە کاردانەوەیەک بە ئاراستەی ئابووری خێرایی گەڕان، بازاڕی خێرایی گەڕان لە کاردانەوەی نەوەستاندا بەردەوام دروست دەبێتەوە، لە كاتێكدا تێگەیشتن، مانا و ئەزموونی خود لە کاردانەوەی بازاڕی-كردن سەوز دەبێت.
من بەدوای ئەو شتەدا دەگەڕێم کە تێیدەگەم، ئەگەرچی لە تەماشادا ئەو شتە نابینمەوە؛ بەڵام لە گەڕانی خۆبەخۆ لە کایەی داخراوی تەماشادا بەردەوام مەستی چێژی لەدایكبوونەوە دەبم! بەمجۆرە گەڕان و (تەماشا)، لە بەدەستهێنانی ئامانجی مانا و تێگەیشتنەوە بۆ چێژ دەگۆڕێت؛ گەڕان و چێژ بە دوای یەکدا لە لەدایكبوونەوەدا یەكتر بەجێدەهێڵن، بەو مانایە هەمیشە گەڕان، مانا بەجێدەهێڵێ، ژینگەی ڤیرچواڵ و زڕەوێنە دەبنە هایپەر-ڕاستی و چێژ؛ بەڵام خود و (تەماشا-كردن)، ئەزموون و هەستەكان هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە مەستیدا خود دەرناكەوێت چێژ فەرمانڕەوایە؛ وەك چۆن کتوپڕ تەماشای گەڕان دەگۆڕێت! بەڵام ئایا ئامرازە دیجیتاڵییەكان لەبری خود گرنگی بە چێژ دەدەن، لەبری چێژ گرنگی بە گەڕانی بەردەوام دەدەن، لەبری گەڕانی بەردەوام گرنگی بە فریوودان دەدەن و ناوی دەنێن ژینگەی ڤیرچواڵی كە تێیدا: دەژین، پەیوەندی دەكەین و خۆمان دەگۆڕین؟! هەڵبەتە لە ژینگەی ڤیرچواڵدا سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ كەمتر دەبێتەوە؛ مرۆڤ لە (پێكهێنانی ژینگەی نوێ)ی ڤیرچواڵیدا تەنها نیشتەجێ نییە، بەڵكە دروستكاری جیهانەكەی خۆیەتی؛ (مانا- مرۆڤ) لەبەردەم گەڕاندا بەندە بە پرسی چێژەوە، چێژ لە پێكهێنانی ژینگەی نوێدا بەندە بە پرسی فریووەوە.
كەواتە کارلێکی نێوان مانا و گەڕان، چێژ و فریوو، لە ئاستە جیاوازەكاندا ئەگەری كراوەن: لەنێوان توانای داهێنانەكانی مرۆڤ و جیهانی ڤیرچواڵیدا؛ واتە ئەگەرچی مرۆڤ جیهانی ڤیرچواڵی دروست كردووە، بەڵام ئێستا ئەو جیهانە مرۆڤ دووبارە دروست دەكاتەوە! بەو مانایە جیاوازی لەنێوان دوو شێوازی بووندایە: لەیەكەمیاندا ئەگەر (تەماشا)ش نەبێ، بابەتی (كردن) هەیە؛ لە دووەمیاندا بوونی تەماشا پەیوەستە بە داتا، سیستەم، بەكارھێنەرەوە؛ لە یەكەمیاندا زانیارییەكان بەسەر ئەزموون و هەستەكاندا دێت؛ لە دووەمیاندا زانیارییەكان بە فلتەر و ئەلگۆریتمەكاندا تێدەپەڕن؛ لە یەكەمیاندا ڕاستی پەیوەستە بە جەستە و كۆمەڵگاوە؛ لە دووەمیاندا ئەوەی دەبینیت هەموو ڕاستی نییە (هایپەر-ڕاستی) لە ڕاستی زیاتر كاریگەری دەبێت؛ یەكەمیان جێگیرە و دووەمیان گۆڕاوە، یەكەمیان خودی بەهایە و سەرنج ڕاكێشە، بەو مانایەی كە سەرەتا و دەستپێكە و دەچەسپێ؛ دووەمیان بەهای بازاڕە و حەپەسان دروست دەكات، بەو مانایەی بەشێوەی كاتی بڵاو دەبێتەوە و دەگۆڕێت.
گەڕان وەك ئاماژە
بێگومان ئەگەر گەڕان تەنها پەیوەندیی بە بەهای بازاڕەوە هەبێت، لەو گەڕانەدا هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە كە تەماشا هەڵقووڵانێکی بێدەنگی وێنە و داتا، ئابجێكت، یا ئاماژە بێت؛ بەڵام ئایا لە فەلسەفەدا گەڕان وەك ڕێنمایی ژیان و باڵابوونی بەهای مرۆڤ و جیهان تەماشا دەكرێت؛ ئایا ژیان و جیهان، ڤیرچواڵ و حەقیقەت، هەموویان لەناو ئەو وێنە و ئاماژەیەی تەماشای بازاڕدا ڕووبەڕووی زانیاری و دەسەڵات دەبنەوە؟ بەكورتی ئایا مرۆڤ لەسەردەمی پۆست هیومانیزمدا تەنیا بوونێکی سرووشتییە، یان (سایبۆرگ)ە، نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە؟!
هەڵبەتە پرۆسەی گەڕان تەنها فیزیكی نییە، خودی ژیان گەڕانێكە بۆ مانای هەستەكانی مرۆڤ، هەروەها سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەكانیش؛ بەمجۆرە مرۆڤ لەنێوان بەهای ڕاستی و ژینگەی ڤیرچواڵیدا ناژێت، بەڵكە لە تێكەڵەی هەردووکیاندا دەژیت، لە تێكەڵەی تەماشا و تەماشاكردندا دەژیت؛ واتە هەم تەماشایە (وێنە، نووسین، لۆگۆ- نیشانەیە کە پات دەبێتەوە) و هەم تەماشاكردنە (مانای هەست و حەقیقەت و خودی ئەزموونە بەرجەستە دەبێت).
نیشانە خۆی واتا نییە، بەڵکە واتا ڕوون دەکاتەوە؛ نیشانە ئەو شتەیە کە پاتە دەبێتەوە یان ئاماژە بۆ شتێکی تر دەكات، نیشانە تەماشایە؛ لە ژینگەی ڤیرچواڵیدا نیشانەکان هەموویان دروستكراون و بۆ پەیوەندیكردن ئامادەن! بەڵام تەماشاكردن بەهای حەقیقەتی مانا بەرجەستە دەكات، ئەو هەستەیە یان ئەو زانیارییەیە کە تێگەیشتنێكی بەرزی ئەزموون دەنرخێنێ و نیشانەكان ڕوون دەكاتەوە! نیشانە دروست دەبێ، بەڵام بێ تەماشاكردن مانای جیاواز نابەخشێت! تەماشاكردن پێویستە بۆ ئەوەی هەست بە نیشانە بكات و بە بەهای مانای بگەیەنێت؛ كەواتە تەماشا- نیشانە: داتا، ئابجێكت، یا کاراكتەرە؛ كەچی خودی مانا- تەماشاكردن: ئەو هەست و ڕوونكردنەوانەیە کە مرۆڤ لەناو جیهانی دیجیتاڵیدا دەیبینێ.
لێرەدا گەڕان خۆی لە ئاستێكی تر دەچێتە سەر، چونكە تەنها تەماشا بۆ دۆزینەوەی نیشانەكان نییە، بەڵكە بۆ ڕوونكردنەوەی پرۆسەی تەماشاكردنە؛ واتە مرۆڤ تەنها لەناو تۆڕێكی نیشانەدا ناگەڕێت، بەڵكە لەناو تۆڕێكی مانا و هەستدا خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە؛ لەم ڕووەوە، گەڕان لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا دەبێتە پڕۆسەیەكی دیالێكتیكی: نیشانەكان مرۆڤ بانگ دەكات، بەڵام تەماشاكردن وەڵامی دەداتەوە و لەو نێوانەدا مرۆڤ لەدایك دەبێتەوە.
لە جیهانی ڤیرچواڵیدا، ئەو دیالێكتیكە تووندتر دەبێت؛ چونكە نیشانەكان بێ وەستان بەرهەم دەهێنرێنەوە و دەگۆڕدرێن، ناسنامەی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت؛ بەڵام تەماشاكردن هێشتا پێویستی بە كات و هەستە، پێویستی بە ئەزموونكارییە؛ ئەوە وای لێدەكات بە گومانەوە لەنێوان خێرایی داتا و قووڵیی ئەزمووندا بژی، لەنێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی درك دەكرێت.
ئەگەر لە ڕوانگەیەكی قووڵترەوە سەیری كردەی گومان بكەین، ئەوە گەڕان وەك ئاماژە، وەك تەماشا دەبێتە خودی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ بوونێكی تەواو نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی بەردەوامی گومان و گەڕانە؛ لەبەر ئەوە، ژیان نە كۆتاییە، نە وەڵامێكی تەواو، بەڵكە پرسیارێكی بەردەوامە كە لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا، لەنێوان گومان و گەڕاندا.
كەواتە لە سەردەمی دیجیتاڵ و پۆست-هیومانیزمدا، گەڕان تەنها كردەوەیەك نییە، گومان تەنها پرسیارێك نییە، بەڵكو شێوەیەكی تەماشای بەردەوامە؛ شێوەیەك كە تێیدا مرۆڤ دەدۆزێتەوە- یان هەرگیز تەواو نادۆزرێتەوە.
هەولێر 27/3/2026