ئیدریس سدیق


کتێبە ناوازەکەی ( داستانی هەندرێن - ۱۹٦٦ ) بەرگی یەکەم / وتار و دوکیۆمێنت  - دیدار - وەڵامدانەوە / ئامادەکردن  و نووسینی مامۆستای مێژوونووس مەغدید حاجی / هەولێر - 2026 
مێژوونووسەکان و شارەزایانی ئەو بوارە ، کۆکن لەسەر هەندێ بۆچوون لەسەر بەسەرهات و رووداوەکان وەك : " ئەوەی دوێنێ نەخوێنێتەوە ، ناتوانێ لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ داهاتوو هەبێ ، ئەوەی پەند و ئەزموون لە بەسەرهاتەکان وەرنەگری ، لە زەلکاوێکی گەنی و لیخن مەلەدەکا ، کارەکتەرە خێڵەکییەکان لە رابەرایەتیکردنی هەر بزووتنەوەیەك شکستییانهێناوە ، ئەوەی رابردووی نەبێت ، ئێستا و داهاتووی نییە و  ...... "
مێژوو تەنها گێڕانەوەی بەسەرهات و رووداوەکان نییە ، بەڵکو وەك هەر زانستێك ، سەرچاوە دەگرێت لەسەر بەڵگە سەڵمێنراوەکان لە شەن و کەوکردن ، پێداچوونەوە ، شێکردنەوە ، ساغکردنەوە ، بەسەرکردنەوە و ....... ، لە روانگەی cause / هۆ و effect / ئەنجام ، دوور لە کارتێکردنی سۆز و ئایدییا و لە روانگەی بەرپرسیارێتی ئەستۆپاکی بێلایەنی ، ئەڕکێکی قوڕس و پڕاوپڕ لە کێشە و جەنجاڵە ، لە شەونخوونی ، پێداچوونەوە ، بەراوردکاری ، بیرەوەری و ...... .
مێژووی هاچەرخی کورد پڕاوپڕە لە بەسەرهات ، بەڵام کاتێ ناشرینەکان و دۆڕاوەکان بە بەرگێکی جوانکاریی خەڵەتێنەر دەفرۆشرێنەوە و جوانی راستی رەسەنەکانیش لەژێر پەردەی جەواشەکاریدا دەشاردرێنەوە ؛ لە پێناو بونیادنانی شووناسی نەتەوەیی ، لە ستراتیژی هەستانەوە رزگارکردنی خاك ، وەك دۆزێکی مەزن هەنگاو بەرەو ئامانجێکی مەزن رادەکێشی . 
داستانی هەندرێن ، مرۆڤ بە سەرسامی پەلکێش دەکات بۆ خوێندنەوەی ، لە بنیادنانەوەی سەر لەنوێی هۆشیارکردنەوە و رەنگڕێژکردنی داهاتوو ، رێگەگرتن لە چەواشەکاری ، قۆزتنەوە  و تاکڕەوی لە خاوەندارێتیی و خۆماڵیکردن .
کە ئیڕادە هەبوو ، کاری نەکردەش دەکرێ ! ئەو ئیڕادەیە ئاگرێکە پووش و پاوانی چەواشەکاران و بەلاڕێدابردراوەکان دەسووتێنی کاتێ فیداکاری ، ئازایەتی ، چاونەترسی ، خۆنەویستی و ..... ، لە پلانێکی توکمە وشارەزایی سەربازیدا ، لە سەرکردایەتی چڕ و بەرپرسی مەیدانیدا ، پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی و سووربوونی فیدائییەکان لەسەر هێڕش و پەلاماردان ، گەورەیی دەنوێنن لە هەڵمەتی شێرانەیان بۆسەر مۆڵگە و سەنگەرەکانی داگیرکەر لە رۆژی 1966 / 5 / 12 کە ژمارەیان تەنها 150 پێشمەرگە دەبوو   ، لە ماوەیەکی کورتدا ، هێزە بێ شومار و زەبەللاحە پڕ چەکەکەی داگیرکەر بەرامبەر نەعرەتەی ئازادیخوازان و گیان لەسەر دەستان ، خۆی پێناگیرێ و پاشەکشێ دەکات و پێشمەرگەش تەپڵی سەرکەوتن دەکوتن و پلانەکەی سوپای عێراقیان شکستپێهێنا بەخوێنی گەشی سێ شەهیدی قارەمان .
کاتێ شەڕ بەری دەرکەی پێگرتی ، زەماوەند بەتاڵە ! ئەوانە ئەو گیان لەسەر دەستانەبوون کە خاوەنداریتییان لە خاك و گەل دەکرد و چۆکیان دانەدا ، ، ئەمجارەیان لە شەڕی یەکلاکەرەوەی هەندرێندا ، ئەشکەوتەکان نەڕووخان ، تارای سپی هەڵنەکرا ، هەندرێنیش سەری بڵندی بۆ هیچ داگیرکەرێك نەوی نەکرد ، ئەم بەرخودانە پڕ شکۆیە پرسی کوردی خستە رۆژەڤەوە و داگیرکەری ناچاری دانوستانکرد و قۆناغێکی نوێی هێنایە ئاراوە .
 .
کاتێ راستییەکان دەدوێن ، نووسەرە دەربار و قەڵەمفرۆشە چەواشەکارەکان بەرچاویان تاریك دەبێ ، دەمیان کڵۆمدەدرێ ، ئەمەش ئەڕز و ئەمەش گەز ،ئەمەش وانەیەك بۆ فێربوون لە هەڵبەستانی ناو وناتۆرەی فرۆشتنی هەندرێن  !
بەبێ راگرتنی پرسە هەستیارە نیشتیمانییەکان و پاراستنییان بە شکۆمەندی و بەرزی و خاوەندارێتیکردنی ؛ کۆمەڵگا ئازادنابێ ، بەکۆیلایەتی ژێردەستەیی دەمێنێتەوە .  
دەستی مێۆژوونووس و نووسەر مامۆستای دڵسۆز مەغدید حاجی خۆشبی لە ماندووبوون ، شەونخوونی ، چاوپێکەوتن ، دیمانە ، بیرەوەری ، بەدواداچوون ، ساغکردنەوە و ..... ، لە سونگەی خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتییەوە لە رێگەگرتن لە بەلارێدابردنی رووداوە چارەنووسسازە مێژووییەکان ، ئەم خەرمانەی خستە سەر لاپەڕە گەش و پڕشنگدارەکانی مێژوو و بنیادنانەوە و رەنگڕێژکردنی سەرلەنوێی هۆشیارکردنەوەی نەوەکانی داهاتوو .
22 / 5 / 2026

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا