
رابەر تەلعەت
زیاتر لە هەژدە مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە؛ پارتی و یەکێتی هێشتا دوورن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت! ئەم پڕۆسەیە چیتر پەیوەندی بە دەنگ و ژمارەی کورسییەوە نییە، بەڵکو پرسی قەڵەمڕەوی، دەسەڵات، هەژموون و بێمتمانەیییە.
هەرێم لەلایەکەوە شەڕی پاراستنی خۆی دەکات وەک قەوارەیەکی دەستوری لە عیراقی فیدڕاڵدا، لەلایەکی ترەوە پێکهاتەی حوکمڕانییەکەی وەک دوو هەرێمی هاوتەریب (سەوز و زەرد)، مامەڵە دەکات. ئەم دووفاقییە مێژووییەی رێککەوتنی ستراتیژی و پەنجا – پەنجا دروستی کرد، وادیارە بۆ نەوەی دوومی سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە چیتر ئیش ناکات، ئەم نەوەیە، "هاوبەشی رەمزی بەبێ دەسەڵاتی راستەقینە"، وەک خۆیان دەڵێن قبوڵ ناکەن.
ئەم دۆخە زیان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان دەگەیەنێ، خەڵک بەشدارییان کرد، بەڵام ئەنجامی دەنگەکانیان تائێستا نادیارە. توانایی دانوستان لەگەڵ بەغدا لاواز دەکات، لەکاتێکدا پرسی موچە، داهاتی نەوت، و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، هەرێمیان لاواز کردووە. پێگەی جیۆسیاسی هەرێم بەرامبەر بەغدا، تاران، ئەنقەرە و واشنتۆن لاوازتر دەکات و رێگە بۆ دەستێوەردان فراوانتر دەکات.
بژاردەکان زۆرنین. رەنگە هەندێک لەمانەی خوارەوە بیریان لێکرابێتەوە، یاخود بیریان لێبکرێتەوە:
یەکەم/ پێکهێنانی کابینەیەکی زۆرینەی پارتی و حزبە بچووکەکان. لەوانەیە لە ڕووی ژمارەوە بکرێت، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە مەترسیدارە. جەمسەرگیریی نێوان سلێمانی و هەولێر قووڵتر دەکاتەوە و یەکێتی دەکات بە هێزێکی تێکدەر لەناو دامەزراوەکاندا، ئەنجامەکەی دوو ئیدارەیی رەسمی و راگەیەنراو دەبێت.
دووەم/ ڕێککەوتنێکی تری دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەی تەقلیدی. ئەمە لە کورتمەودادا جێگیرترە، بەڵام بێ چاکسازی لە سیستەمدا، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان ئیفلیجی هەیە.
سێهەم/ باشترین بژاردە پەیمانێکی نیشتمانیی مەرجدارە؛کابینەیەک لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە پێکبهێنرێت، بەڵام بە چاکسازیی پێوانەپێکراو، وادەی دیاریکراو، و گەرەنتی دامەزراوەییەوە ببەسترێتەوە.
چارەسەری پێشنیارکراو؛ پارتی و یەکێتی دەبێ ئیش لەسەر واژۆکردنی پەیمانێکی نوسراو بکەن لەسەر ئەم بنەمایانە: پارتی دەبێت قبوڵی بێت کە سەرکەوتنی هەڵبژاردن بە مانای حوکمڕانی تاکلایەنە نییە، بۆ یەکێتیش دەبێت قبوڵی بکات کە دابەشکردنی دەسەڵات ناتوانێت بە مانای مافی ڤیتۆ بێت لەسەر تەواوی سیستەمەکە.
پرسەکە تەنها پێکهێنانی کابینەیەک نییە. بەڵکو ئەوەیە، ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئیفلیجیی ڕێککەوتنەوە بەرەو حکومڕانیی دامەزراوەیی بڕوات. دواکەوتنی کابینە تەنها شەرمەزارییەکی سیاسی نییە؛ بەڵکو لاوازییەکی ستراتیژییە.
