هۆشیاری عەبدولعەزیز


لە کایەی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانیدا. مەترسیدارترین قۆناغێک کە کۆمەڵگە دەستەمۆبکات، بریتی نییە لە خودی چەوساندنەوە، بەڵکو پرۆسەی «ئاسایی‌بوونەوەی ستەم»ـە  ئەم دیاردەیە ئەو ساتە وەختە مێژووییە نیشان دەدات کە تێیدا ستەمکاری لە حاڵەتێکی نائاسایی و کاتییەوە، دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی جێگیری ناو ژیانی ڕۆژانە، بە جۆرێک کە تاک و کۆمەڵگە نەک هەر بەرگری لێ ناکەن، بەڵکو وەک واقیعێکی حەتمی و بێ جێگرەوە قبوڵی دەکەن. ئەم گۆڕانکارییە دەروونی و سیاسییە، گەورەترین سەرکەوتنی سیستمە تۆتالیتار و ئۆلیگارشییەکانە، چونکە لێرەدا دەسەڵات پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژیی فیزیکیی ڕاستەوخۆ نامێنێت، بەڵکو ستەم دەبێتە بەشێک لە سیستمی بەهاکان و عەقڵی گشتی.
پرۆسەی ئاسایی بوونەوە لە ڕێگەی تێکشکاندنی پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکانەوە دەست پێ دەکات. کاتێک پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، گەندەڵی سێستماتیک، و نادادیی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبنەوە، هەستیاریی گشتی بەرامبەر بەو تاوانانە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. لەم دۆخەدا، ئەوەی جاران وەک «کارەسات» دەبینرا، دەبێتە «هەواڵێکی ئاسایی». و ویژدانی کۆمەڵایەتی ناجوڵێنێ، ئەمەش هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە بێدەنگیی بەکۆمەڵ و ئاسایی بوونەوەی ستەم.
کاتێک ئەم حاڵەتە دەچێتە قوڵایی و گەشە دەکات ئیتر ستەمکار تەنها تاک کۆنترۆڵ ناکات، بەڵکو خەیاڵدانی سیاسیی هاووڵاتییانیش داگیردەکات، بە جۆرێک کە مرۆڤ توانای وێناکردنی ژیانێکی دەرەوەی بازنەی ستەمکاری نامێنێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە هانا ئارێنت بە «کۆڵەواریی بیرکردنەوە» ناوی دەبات؛ کاتێک مرۆڤەکان چیتر ناتوانن جیاوازی لە نێوان چاکە و خراپە، یان ڕاستی و درۆدا بکەن، چونکە سێبەری ستەم هەموو ئاسۆیەکی لێڵ کردوون.
لە ڕەهەندە سیاسییەکەیدا، ئاسایی‌بوونەوەی ستەم پشت بە تیۆری «بێهێزیی ڕاهێنراوو» دەبەستێت. دەسەڵاتی ستەمکار لە ڕێگەی داپڵۆسین و بێبەشکردنی بەردەوامەوە، ئەو بڕوایە لە لای تاک دەچەسپێنێت کە گۆڕانکاری مەحاڵە. کاتێک مرۆڤ گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ناڕەزایەتی و بەرگری هیچ ئەنجامێکی نابێت، ڕوو دەکاتە «سازان لەگەڵ ستەم». ئەم سازانە نەک لەبەر ڕەزامەندی، بەڵکو لەبەر پارستنی مانەوەیە. 
لەم فەزایەدا واتا قوڵەکانی (ئازادی، ماف، یاسا) هیچ بەهایەکیان نامێنێ و ناوەڕۆکە  ڕاستەقینەکانی خۆیان لەدەست دەدەن و تەنها دەبنە دروشمی بێناوەڕۆک کە سیستمی سیاسی حوکمڕان بۆ ڕەوایەتیان بە خۆی بەکاریان دەهێنێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئاسایی‌بوونەوەی ستەم پێویستی بە ژێرخانێکی میدیایی و کولتووریش هەیە. کە کاریگەری بێدەنگکردن بەرهەمبێنێ ، چونکە دەسەڵات هەمیشە هەوڵ دەدات ستەم وەک «پاراستنی سەقامگیری» و نەهێشتنی پەشێوی  وێنا بکات. ئەم ڕەوایەتیدانە وا دەکات کە تاک هەست بە شەرمەزاری نەکات لە ئاست بێدەنگبوون و پێچەوانە وەک «عەقڵانییەت و دانایی» دەیبینێ. ئەم گەمە دەروونییە، بەئاراستەی خزمەتی دەسەڵات کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە نەخۆشی خۆپارێزی دەکات و هەموو دەنگێکی ڕەخنەگر وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو «ئاسایشە وەهمییە» دەبینێت کە ستەمکار بۆی دروست کردووە.
لە هەر کۆمەڵگەیەکیشدا  ستەم بوە بەشێکی ئاسایی و خەڵک وەک چارەنووسێکی حەتمی سەیری کرد، ئەوە ئەو کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی مەترسیدارترین جۆری داڕمان دەبێتەوە.وەک ئەوەی لە کۆمەڵگای کوردی دەیبینین.
چونکە ئەوەی ئێستا  لە کوردستان، دەگوزەرێ دۆخێکە پڕپڕە لە ستەم و کەچی لەبەرانبەریشدا وەک دیاردە و حاڵەتی ئاسای تێدەپەڕێ و جێبایەخی کۆمەڵگە نیە و هیچ پێشێلکاری و گەندەڵی و قۆرخکاریەک نابێتە جێگەی سەرسوڕمان. ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە دەسەڵاتی ستەمکار یاسا وەک ئیرادەی شەخسی و موڵکی حزب بەکاردەهێنێ و دامەزراوەکانیش بوونەتە کەرەستەی شەرعییەتپێدانی چەوساندنەوە. و بەردەوام هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی تاک و گۆڕینی مرۆڤ دەدرێ بۆ ژمارەیەکی بێبایەخ کە هیچ بەهایەکی نیە. بەهوی ئەمەشەوە 
کۆمەڵگە" کراوەتە بارستەیەکی بێدەنگ. و  تێیدا هەر جۆرە جیاوازییەک لە خواستی ئەحزابی حوکمڕان خیانەت و کرێگرتەییە و نابێ پاساوبدرێ ،
لە بەرامبەریشدا دەنگی هاووڵاتی بوەتە بڵقی سەر ئاو و توانای  هیچ گۆڕانکاریەکی نیە  و تادێ جیاوازییە چینایەتییەکانیش لە هەڵکشان و قوڵبوونەوەی زیاترداگەورە دەبن  هێندە گەورە دەبن کە دادپەروەری دەبێتە خەونێکی دوورەدەست، کە ئەمەش ڕوویدا تاکەکان بۆ مانەوەی خۆیان تەنها پەنا دەبەنە بەر ڕاهاتن. ئەم ڕاهاتنە جۆرێکە لە بەرگریی دەروونی، بەڵام لە ڕاستیدا ژەهرێکی کوشندەیە بۆ ئیرادەی گۆڕانکاری.
ئەو بێدەنگیەی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی لە کوردستان دەبینرێ تەنها نیشانەی ڕازیبوون نییە، بەڵکو بەرهەمی بێئومێدییەکی سیاسی قووڵ و پەراوێزخستنی ئەنقەستی هۆشیارییە. کاتێک تاکی کورد بەردەوام بە بژێوی ژیان و قەیرانی دارایییەوە سەرقاڵ دەکرێت، کات و وزەی بۆ بیرکردنەوە لە ماف و داخوازیە ڕەواکانی نامێنێت. کاتێکیش بێدەنگی دەبێتە کولتوور، ستەمکار زیاتر هەست بە ڕەوایەتی دەکات و هەوڵدەدات پایەکانی سێستەمی حوکمڕانی خۆی زیاتر بچەسپێنێ، لەپەنای ئەوەشدا بە شێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر بەرهەمهێنانی هۆشیاریەکی جڤاکی ساختە دەکات وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی حوکمڕانی هەرێمدا دەیبینین کە چۆن بێدەنگی کردۆتە هاوبەشی خۆی لە تۆخکردنەوەی ستەمکاریدا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا