ستار ئەحمەد

 

ئەوانەی بە دەنگی هەژاران گەیشتنە ناوچەی سەوز، ئێستا لەوێ بوونەتە پاسەوانی ئیمتیازاتەکانی خۆیان، نەک پارێزەری ئەو دەستانەی کە پەنجەیان بۆ مۆر کردن. مێژووی ڕامیاری کورد لە دوای ساڵی دوو هەزارو سێوە، پڕە لە وێستگەی جیاواز، بەڵام یەکێک لە هەرە ساردترین و جێگەی پرسیارترین وێستگەکان، شێوازی کارکردنی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە بەناوی کوردستانەوە دەچنە بەغدا.ئەگەرچی وا بڕیار بوو ناوەند سەنگەری پاراستنی مافە دەستوورییەکان بێت، بەڵام بۆ زۆرێک لەوان، ئەو شارە بووەتە بەهەشتی بەخشش و وێستگەیەک بۆ پڕکردنی گیرفان، لەکاتێکدا دۆزی ڕەوای میللەتێک لەژێر تۆزی ململانێ تایبەتی و حیزبییەکاندا ونبووە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ئەو خاڵە نەرێنییانەی کە ئەدای نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەخەنە ژێر پرسیارەوە:زۆرینەی ئەو کاندیدانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق، نەک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، بەڵکو وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ گۆڕینی باری دارایی خۆیان سەیری کورسییەکە دەکەن. مووچە خەیاڵییەکان، نەسریەی مانگانە، پاسەوان و ئیمتیازاتی خانەنشینی، وایکردووە پەرلەمانتار لە جیاتی ئەوەی شەڕ بۆ بودجەی هەرێم بکات، خەمی پاراستنی بودجەی تایبەتیی خۆی بێت. ئەمە وایکردووە کە زۆرینەیان دوای وەرگرتنی پۆستەکە، کەمتر ئامادەبن ڕووبەڕووی فشاری ناوەند ببنەوە، نەوەک ئیمتیازاتەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا زۆرتر وەک فەرمانبەری حیزب ڕەفتار دەکات نەک وەک نوێنەری گەل. زۆرجار بینیومانە کە لەسەر پرسە چارەنووس سازەکان بۆ نموونە مادەی سەدو چل یان یاسای نەوت و گاز، پەرلەمانتارانی کورد دابەش دەبن بەسەر بەرژەوەندیی ئەجێندای ئەقلیمی و حیزبییدا. ئەم پەرتەوازەییە وایکردووە کە لایەنە عێراقییەکان بە ئاسانی یاری بە کاتی کورد بکەن، چونکە دەزانن نوێنەرەکان خاوەنی یەک دەنگ و یەک پرۆگرام نین.

یەکێکی تر لە خاڵە نەرێنییە دیارەکان، گۆڕانی ئەرکی پەرلەمانتارە لە یاسادانەرەوە بۆ مۆدێلی سۆشیاڵ میدیا. زۆرێک لە پەرلەمانتاران لە جیاتی ئەوەی لە ناو لیژنەکاندا شەڕی بەدەستهێنانی مافەکان بکەن، خەریکی ڤیدیۆ کێشان و موزایەدەی ڕامیاریین بۆ کۆکردنەوەی لایک و فۆڵۆ. ئەوان لە بەغدا بێدەنگن، بەڵام لە شاشەی تیڤییە کوردییەکانەوە پاڵەوانی بێوێنەن! ئەم فەزایە وایکردووە کە ڕاستییەکان لە خەڵک بشاردرێتەوە و تەنها کێشەکان وەک کەرەستەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن.پەرلەمانتارێک کە لە ناوچە سەوزەکانی بەغدا و تەلاری حکومەتی نیشتەجێ دەبێت، وردە وردە لە ئازاری مووچەخۆری کوردستان و جوتیاری ناوچە دابڕێنراوەکان دادەبڕێت. ئەوان تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەگەڕێنەوە ناو کۆڵانەکان؛ دوای ئەوە، دەبنە دەستەیەکی ئەرستۆکرات کە تەنها لەڕێی تەلەفزیۆنەوە خەڵک دەبینن. ئەم دابڕانە وایکردووە کە نوێنەرایەتییەکە ببێتە نوێنەرایەتییەکی شێوەیی و بێناوەڕۆک.لە کاتێکدا دەستووری عێراق زۆرجار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاردێت، زۆرینەی پەرلەمانتارانی کورد تەنها تەماشاکەرن. نەبوونی کارتێکەرێکی بەهێز، نەبوونی شارەزایی یاسایی و سیاسی لای زۆرێک لە کاندیدەکان، وایکردووە کە لە بەرامبەر لایەنە شیعی و سوننەکاندا هەمیشە لە پێگەی بەرگریدابن نەک هێرش بۆ سەلماندنی مافەکان.

دەبێت ئەوە بزانین،کە پەرلەمانتاری کورد لە ناوەند، ئەگەر نەتوانێت لەنێوان گیرفانی تایبەتی و دۆزی ڕەوای کوردستان یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا مێژوو وەک بارمتەیەک سەیریان دەکات نەک وەک ڕێبەر. کاتی ئەوە هاتووە دەنگدەر بپرسێت: ئایا ئێمە نوێنەرمان ناردووە بۆ ئەوەی مافەکانمان بپارێزن، یان بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سیستەمی بەغدا و تەنها لە کاتی دابەشکردنی پارە و ئیمتیازاتدا دەنگیان ببیستین....؟

 بەغدا پێویستی بە جەنگاوەری ڕامیاری هەیە، نەک بە گەشتیارو وێڵی گیرفان و خۆپەرستان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا