
ئه‌مڕۆ ژیانی ڕۆژانه‌مان له‌ناو ئالگۆریتمهكاندا به‌سه‌رده‌به‌ین. ڕوونه ئالگۆریتم واته زنجیره‌یه‌ك هه‌نگاو بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامی كارێك. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه بنێیت، ئه‌وا ده‌گه‌یت به هی دواتر. ئالگۆریتم، جۆرێك له پێشبینی و سه‌قامگیری مسۆگه‌رده‌كات. "ئه‌گه‌ر...ئه‌وا"، دوو ئامرازی سه‌ره‌كیی ئیشكردنی ئالگۆریتمن. له‌م نوسینه كورته‌دا، باسه‌كه له بواری دیجیتاڵه‌وه ده‌گوێزینه‌وه نێو پرسه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. كورته متوربهیهك له‌نێوان دیارده‌یه‌كی گه‌وره و دیارده‌یه‌كی تری نوێی كه‌متاكوت لاوه‌كی دا درووستده‌كه‌ین: كورد و ئالگۆریتم.
كورد وه‌ك خه‌ڵكێكی ڕه‌ق و كۆڵنه‌ده‌ر ناسراون كه ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی مانه‌وه‌یان داوه. شاخ، شوێنی مانه‌وه و خۆپاراستنی ئه‌م خه‌ڵكه بووه. مێژووه‌كه‌شی كتوپچڕ، نیوهتاریك، نیمه مسۆگه‌ر ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه ئه‌مڕۆ قاچێكیان له شاردایه و له شاریشدا له‌نێو دیارده‌یه‌كی نه‌رمی وه‌ك دیجیتاڵ كه ئالگۆریتم یه‌ك له زاراوه دیاره‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌یه. له ئاستی فۆرماڵ (ڕواڵه‌تی)دا، مێژووی كورد زۆر له ئالگۆریتم ناچێت؛ چونكه ئه‌و زنجیره هه‌نگاوه لۆژیكییه به‌تۆخی نابینین كه مێژوویه‌ك پێكه‌وه ببه‌ستێت. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا، كه‌لتوره‌كه‌ی له دیارده‌یه‌كی وه‌ك هه‌ڵپه‌ڕكێ دا به‌رجه‌سته‌ببوو كه دیمه‌نێكی ڕیزبهندئاسای ڕیتمداره، و بیرخه‌ره‌وه‌ی ئالگۆریتمه. هه‌ڵبه‌ت له‌نێوان مێژوو و هه‌ڵپه‌ڕكێ دا، جیاوازیی كاتیگۆری هه‌یه، واته دوو كاتیگۆریی جیاوازن. یه‌كه‌میان، واته مێژوو، بنهڕهتییتره و مۆدێرنتر. هیچ دیارده‌یه‌كی مرۆیی مۆدێرن به‌بێ چه‌مكی مێژوو، ناخوێنرێته‌وه. له‌كاتێكدا هه‌ڵپه‌ڕكێ، بچوكتره، بیرخه‌ره‌وه‌ی مێژووه تاوه‌كو خودی مێژوو؛ درووستتر بیڵێین بیرخه‌ره‌وه‌ی پچڕانی مێژووه. ئه‌وه‌ی له مێژوودا پچڕاوه، له هه‌ڵپه‌ڕكێ دا گرێده‌درێته‌وه. به‌ڵام كوردی ناو مۆدێرنه و ئێستاكه، ده‌یه‌وێت مێژووی هه‌بێت و هه‌ڵپه‌ڕكێش.
گه‌ر هه‌ڵپه‌ڕكێ به‌سه‌ر كۆی مێژووی كورددا بسه‌پێنرێت، به‌ره‌و جۆرێك له كۆیه‌تی و یه‌كانگیریی درۆیینه ده‌چین. مێژوویه‌ك چه‌نده كامڵیش بێت، هه‌ر پڕه له درز و كه‌لێن. هه‌تا له خودی دیارده‌یه‌كی كه‌لتوریی وه‌ك ههڵپهڕكێشدا، كه‌لێن زۆره. من ده‌چمه هاوشانی ئه‌ویدی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یبینم و نه‌یناسم و خۆم له نیگای وه‌ده‌رنێم. له‌خۆڕاش نه‌بووه كه تێكچوونی ڕیزی هه‌ڵپه‌ڕكێ و شه‌ڕ له‌سه‌ر سه‌رچۆپی، زۆرجار كوشتاری گه‌وره‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. به ده‌ربڕینێكی تر، هه‌ڵپه‌ڕكێ جۆره نه‌زمێكی به‌راییه كه عه‌قڵ له‌پێناوی خرۆشاندا پاشهكشهدهكات. ئه‌و نه‌زمه‌ی له‌وێنده‌ر پیادهدهبێت، نه‌زمێكی ڕواڵه‌تییه و به مانای عه‌قڵ خۆیدا زۆر ڕۆناچێت كه نه‌زم و هه‌نگاوه‌كانی ئاڵۆزترن. له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردیشدا، وه‌ك پێویست بیر له مه‌ودای كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان من و ئه‌ویتر نه‌كراوه‌ته‌وه بۆیه له هه‌ڵپه‌ڕكێ دا ونبووه و سه‌ركوتكراوه. هه‌ڵپه‌ڕكێ نه‌زمێكی سه‌ركوتكاری پهیمانهكییه كه له‌شی خۆت له ناوكی كهلتورهكهدا تۆماردهكهیت. به‌كورتی، هه‌ڵپه‌ڕكێ ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه‌لتورییه بووه تاكو گرژی و كه‌لێنه‌كانی مێژووی پێ پڕبكرێته‌وه.
له‌مڕۆدا، كه نه مێژوو له‌ناوده‌چێت و نه هه‌ڵپه‌ڕكێش به‌ته‌واوی، كوردبوون به‌ر دیوێكی ته‌كنۆلۆژیی نوێ ده‌كه‌وێت كه مه‌ودای نێوان شته‌كان كرژدهكات. جار هه‌یه كرژی ده‌كات و جاریش هه‌یه فراوان. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، جۆره ئابورییه‌كی مهوداناسانهی نوێ درووستده‌بێت كه له‌پشته‌وه‌ڕا كوردبوون خۆیشی ده‌خانه ناو ده‌ركه‌وته‌ی نوێوه. بۆ نمونه، شه‌پۆله ناسیۆنالیستییهكهی ماوه‌ی پێشوو، پتر به‌رهه‌می ئالگۆریتم بوو. ئالگۆریتم هه‌سته پچڕپچڕهكانی كوردایه‌تیی كۆكرده‌وه و به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك سرووت و كه‌ڕنه‌ڤاڵی خێرای ڕاپێچی. هه‌سته‌كه وههم نه‌بوو، خۆی هه‌بوو؛ به‌ڵام ئالگۆریتم وه‌ك نێوانگرێكی نامرۆیی، كه‌وته نێوان مرۆی كورده‌وه و لینكێكی ده‌موده‌ستی پێكهانی. ئه‌مه بۆ زۆر دیارده‌ی تری سیاسی و كه‌لتوری و ڕۆشنبیریی دیكه‌ی كوردیش هه‌ر ڕاسته كه ده‌شێت له ئێستا به‌دواوه ڕووبدات. ویستمان بڵێین، ڕیزبه‌ندییه‌ك به‌ناو ئالگۆریتمهوه خۆی ده‌خاته كارلێكه‌وه له‌گه‌ڵ كوردبووندا كه ڕابردوویه‌كی دوورتری له‌پشته‌وه‌یه. به‌ڵام گه‌ر ورد دیقه‌ت بده‌ین، تێده‌گه‌ین هێشتان ئه‌وه واقیع، مێژوو، ناوكی كه‌لتور، په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كانن كه دوا مۆری خۆیان له فشاره‌كانی ئالگۆریتمی دیجیتاڵی ده‌ده‌ن. به گوزارشتێكی تر، ڕۆح پرسی ئالگۆریتمیش قوتده‌دات، به‌ڵام چه‌ندی پێ ههرسدهكرێت و چه‌ندیشی پێ ناكرێت پرسێكی تره. هه‌ر كهلتورێكو مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تیی خۆی به ئالگۆریتمهوه داده‌هێنێت.
ئالگۆریتم، ده‌توانێت دیوێكی ئایدۆلۆژییشی بۆ كوردبوون هه‌بێت. واته دیوێكی داپۆشه‌ر، فه‌نتازی، و هتد. كورد هێشتا له نایهكانگیرییهكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی به‌رفراواندا ده‌ژی. ئالگۆریتم ده‌توانێت ئه‌و وه‌همه‌ی بداتێ كه ڕیزبه‌ند و یه‌كڕیزه، جۆرێك هاوشانێتی و هه‌ڵپه‌ڕكێی دیجیتاڵیی بۆ ڕه‌خساوه و هتد. به‌ڵام وه‌ك وتیشمان، مادام ناوكی كه‌لتور و مێژوو له هه‌ر دیارده‌یه‌كی تر ڕه‌قتر و درهنگامێزه، ئیدی زووزوو ئه‌م په‌رده وه‌همی و ئایدۆلۆژییه‌ش ده‌كه‌وێت. نه‌زمی شاری كوردی، به‌ده‌ر له دیجیتاڵیش، كه‌وتووه‌ته سه‌ر سكه‌ی ئالگۆریتم؛ به‌ڵام هه‌ر زووزوو ڕووداوێك ڕووده‌دات و ئه‌و خه‌یاڵه یه‌كخه‌ره ده‌شێوێنێت كه ژیانی ڕۆژانه‌ی له‌سه‌ر ڕۆنراوه. له گه‌شه‌ی سرووشتی دا، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مێتی وه‌رده‌گرێت واقیعه مێژوویی و كهلتورییهكهیه نه‌ك واقیعه مه‌جازییه ئالگۆریتیمییهكه. ئه‌مه‌ی دووه‌م، له په‌نا و پێچ و كه‌لێنه‌كانی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میاندا جێی خۆی ده‌كاته‌وه. له بواری فیكریشدا، پێشخستنی چه‌مكه مه‌جازییه‌كان و سیستمه تیۆرییه مه‌جازییه‌كان ناتوانێت كۆی حه‌قیقه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی بڵێته‌وه وه‌ك له تیۆره گه‌وره مێژووكردهكان.
ئالگۆریتم ده‌توانێت دیوی ڕزگاریخوازانهشی هه‌بێت. ئه‌وه‌ی نه‌بینراوه، ببینرێت. یاخۆ ڕێكه‌وتێك بسازێنێت كه توخمێكی ڕزگاریخوازانه، زه‌ینی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی داگیربكات. ڕزیبهندی، خۆی ڕیزبه‌ستنی جه‌وهه‌ری و ئه‌به‌دیی شته‌كان نیه كه ده‌ستكاری نه‌كرێن؛ به‌ڵكو ڕیزبه‌ستنی ڕێكه‌وتی كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌زه كه هه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه خۆی جۆرێك هیوای تیایه. ئالگۆریتم، سه‌رێكی له‌ناو سیاسه‌تی ڕزگاریخوازانهشدایه هه‌تا گهربێو یه‌كڕاست نه‌یبینین. كوردبوون جاروبار تێكدانهوهی ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی ڕزگاریخوازانهشی تیا ده‌ربكه‌وێت.
