
حەسەن ڕازانی
سەرەتا من زۆر دڵگرانم بە گیان لەدەستدانی غەزال مەولان. پرسەو سەرخۆشی خۆمان دەنێرین بۆ کەس و کاری غەزال و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەو خێزانەکەی و تەواوی هاوڕێیانی غەزال لە سەنگەری خەباتدا!
مەرگ و نەمان بۆ سیستەمی پەت وسێدارەی ئاخوندو ئایاتوڵڵاکان و تەواوی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی نەتەوە باڵادەستەکان و دیکتاتۆرە ڕەگەزپەرستەکانی ناوچەکە!
چەند سەرجێک:
بە بڕوای من ڕەخنەی درووستو کاریگەر لەبارەی گیانلەدەستدانی غەزال مەولان ئەو ڕخنەیەیە کە دەبێ ڕاستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێت!
"دەبێ خەڵک بپرسێت کە ئایا نەخۆشخانە هەیە کە بۆ هەمووان بێت بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو نەتەوە، ئایین و مەزەب، ئایدۆلۆجیاوشتی لەوبابەتە...هتد ئەگەر هەیە بۆچی غەزال گیانی لەدەستداو چارەسەری پزیشکیی نەکرا؟ ئەگەر نەخۆشخانە نیە کە بۆ هەموان بێت ، بۆچی دەبێ نەبێت؟ئایا حکومەت هەیەو خۆی بە حکومەت دەزانێت؟ ئەگەر هەیە بۆچی نەخۆشخانە بۆ خەڵک نیە؟ بە بڕوای من دەبێ تەواوی ڕەخنەکانئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێن و دەبێ ئەو بکرێتە ئامانج نەک خەڵکێک کە هیچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە بێجگە لەوەی کە بێدەنگ و ڕازی بێت بەو بەشەی هەیەتی!"
سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادو یاساکانی ئەو بازاڕە بە جۆرێکی زۆر خەراپ و نا یاسایی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی مڕۆڤ کوردستانی گرتۆتەوە. نەخۆشخانەی بەخشین لە نێو ئەو سیستەمەدایەو بە پێی یاساکانی ئەو سیستەمە کاروبارەکانی ئەنجامدەدات. لە سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادا نەخۆشخانەش، وەک شوێنی فرۆشتنی کەلو پەل بۆ مەبەستی قازانج و سوود، شوێن و هۆی سەرمایەگوزارییە!
کوردستان سەرباری ئەوەی کە لە نێو یاساکانی بازاڕی ئازادو سیستەمی سەرمایەدایە، بەڵام شێوە دەسەڵاتێکی تریش بەسەر ئەو بازاڕەدا زاڵە کە بریتیە لە دەسەڵاتی خێڵ، دەسەڵاتی بنەماڵە، دەسەڵاتی بەرپرس، دەسەڵاتی سەرۆکی حیزب ودەسەڵاتی ئایدۆلۆجیاو دەسەڵاتی ئاین و دەسەڵاتی مەزەب و دەسەڵاتی تەنانەت زمان و زاراوەی جیاش! تەنانەت شوێنی نیستەجێبوونیش ڕۆڵی هەیە.! غەزال بووە قوربانی نێو ئەو هەموو دەسەڵاتانە! نەخۆشخانەی (بەخشین) لەو چوار چێوەیەدایەو هی خەڵک نیە بەڵک و سەر بە ئایدۆلۆجیایەکە یان سەر بە بەرپرسێکەیاخود سەر بە حیزبێکی سیاسییەو ئایدیدۆلۆجیایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە ڕیگەی پێنادات هاوکاری کەسانی وەک غەزال بکات!
بە بڕوای من نابێ ئەو ئیسلامە سیاسییەی کە بەرژەوەندی سیاسییانەی لە نێوخۆ گرتووە تێکەڵاوبکرێت و یەکسان بکرێت بەو ئیسلامەی کە باب و باپیرانمان هەیانبووەو ئێمەمانیان لەسەر پەروەردەکردووە لە رووی ئاینیی و مەزەبییەوە. مردن و گیان لەدەستدانی غەزال خەتای نە موسڵمانان و نە خەتای ئایینی ئیسلامیشە.. نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک ئامادە نەبوون کە هاوکار بن ناکاتە ئەوەی ئیسلام و موسڵمانان تێوەبگلێنین. دەبێ موسڵمانە سیاستەبازو بەرژەوەندی خوازەکان و ئەوانەی کە ئایینی ئیسلامیان خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندیە سیاسییەکانیان تێوەبگلێنین وبیانکەینە ئامانج نەک خەڵکی موسڵمان!
دیدگاو تێڕوانینی کوردانەو نیشتیمانپەروەرانە کە لەبەرژەوەندی تەواوی کوردا بێت و بمانەوێت ٢+٢ یەکسان نەبێ بە ٤ بەڵک و یەکسان بێت بە ١، دەبێ ڕەخنە لە یەکتری نەگرین! چونکە خەڵک بێتاوانە!. ئەوە حیزبی سیاسییە کە خەڵک پەروەردە دەکاو بەرەو ئەملاوئەولای دەباو لە کوردایەتی ڕەسەن و جوان و لە هەستی مرۆڤایەتی دووری دەخاتەوەو دەیکاتە ئامڕازێکی ئایینی و مەزەبیی یان ئایدۆجیی!
بە بڕوای من درووست نیە، دیارە مەبەستم لە دیدو بەرژەوەندی کوردایەتییەوەیە، کە بێین گلەیی لە خەڵکی سلێمانی بکەین کە غەزال گیانی لەدەستدا بەڵک و دەبێ ڕەخنە لە دەسەڵات یان ئەو حکومەتە بگرین کە فەرمانڕەوایە لە سلێمانی! ئەگەر وا نەکەین ئەوا ڕێک سیاسەتەکانی دوژمنانی کوردجێبەجێدەکەین! ئیتر ٢+٢ نەک هەر ناکاتە ٤ بەڵک و زیادیش دەبێت و دەڕوا بەرەو پێنج!
بە بڕوای من ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبی سیاسیی لێگەڕێن خەڵکی کوردستان هەمیشە یەکگرتوو بووەو یەکتری خۆشویستووەو بە هانای یەکترەوە چوەو هیچ سنوورێکی سسیاسیی و جوگرافیی نەیتوانیوە کوردان لەو ئاکارە جوانە کوردانەیەو لە هەڵوێستی مڕۆڤایەتیی بوەستێنێت!
ئەمەی کە ڕووی داوە بۆ گیان لەدەستدانی غەزال، هیچ گومانی تێدانیە کە هۆکارە سەرەکیەکە نەخۆشخانەی بەخشین نیە بەڵک وئەوە حکومەتە کە لێی بەرپرسیارە جا یان زەردەکەیە یان سەوزەکەیەو یان هەردووکیانن بە یەکەوە، ئەگینا نابێ کەسیتر بکرێتە ئامانج!
ئەدی پێم ناڵێن ئەو دوو حکومەتە زەردو سەوزەی ئەودیواودیوی دێگەڵە ئیشیان چیەو بۆچی بوونەتە حکومەت؟