🔻چاودێران پێیان وایە لێدوانەکەی ترەمپ هەڕەشەیە لە کورد 

🔻کورد لە سەردەمی ترەمپ مێژووی تاڵی هەیە

ڕێگای کوردستان

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ،جارێکی دیکە لایەنە کوردییەکانی بە نەناردنی ئەو چەکانە تۆمەتبار کردەوە کە بە وتەی ئەو، ئەمریکا بۆ خەڵکی ئێرانی ناردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان. 
ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە کوردەکان ئەو چەکانەیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە و ڕادەستی خەڵکی ئێرانیان نەکردووە، ئەمەشی بەجێگای شەرمەزاری ناو بردو و بە ڕاشکاوی ووتی(لە بیری ناکەم).

​شرۆڤەکارانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دەستەواژەیەی ترەمپ تەنها قسەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، بەتایبەت لە دیدگای ترەمپدا، وەک هەڕەشەیەکی ئاشکرا لێکدەدرێتەوە. 
هەرچەندە لایەنە کوردییەکان پێشتر ئەو تۆمەتانەیان بە تووندی ڕەتکردووەتەوە و بە بێ بنەما ناویان بردووە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی ترەمپ نیشاندەری سیاسەتی داهاتوویەتی بەرامبەر بە کورد.

​چاودێران بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو، ئەو لێدوانەی ترەمپ بە مەترسیدار دەبینن و ئاماژە بە چەند ڕووداوێکی سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی دەکەن لەوانە.
​لە سەردەمی ترەمپدا، کورد کەرکوک و زۆرێک لە ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستووریی لە دەستدا، کە بەپێی شیکارییەکان بە ڕەزامەندی و گڵۆپی سەوزی ئیدارەی ئەوکاتەی ئەمریکا بووە.
​پرسیاری ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئەگەر ڕیفراندۆم هۆکاربوو، بۆچی ماددەی 140 کە سەقفی زەمەنی بۆ دیاریکرابوو، جێبەجێ نەکرا تا ڕیفراندۆم نەکرێت؟.

​هەروەها لە سەردەمی ناوبراودا، لە ساڵی 2020، ڕۆژئاوای کوردستان بەشێکی زۆری خاکەکەی لەدەستدا، لەوانە عەفرین، سەری کانی و گرێ سپی.

لە ساڵی 2026 ، بە پیلانی تۆم باراک نوێنەری ترەمپ، ڕۆژئاوا کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی ئەحمەد شەرع و بەپێی ئامارەکان نزیکەی 75%ی  خاک و هێزو دەسەڵاتی لە دەستدا.

​چاودێران و شارەزایان، پێویستی دەزانن حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی دوو حزبە سەرەکییەکە، ئەم لێدوانە، بەتایبەت کاتێک دەڵێت (لە بیری ناکەم) وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوە وهەڕەشە ببینن. 

ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکە پارتی و یەکێتی، سەرقاڵی ململانێی ناوخۆیی و شەڕی پۆست و هەژموون و درووستکردنی دوو ئیدارەیین.

چاودێران ڕوو لەو دوو حزبە دەکەن و پێیان دەڵێن، پێویستە تێبگەن کە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە سەردەمی کەسایەتییەکی وەک ترەمپدا، چەندە هەستیار و پڕ لە هەڕەشەیە و پێویستی بە ستراتیژێکی یەکگرتوو و ژیرانە هەیە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا