
دوای وەستانی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرۆكی ئەمەریكا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسە سەربازیەكان دەكات بۆ بژاردەی سەربازی.
ترەمپ بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دەکاتەوە، ئهوهش یان بۆ شکاندنی بنبەستی دانوستان لەگەڵ تاران، یان گورزێکی یەکلاکەرەوە پێش کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".
فەرماندەیی ناوەندی ئهمریكا پلانێکی ئامادە کردوە بۆ دەستپێکردنی "شەپۆلێکی هێرشی کورت و بەهێز" لە لێدانەکان بۆ سەر ئێران، کە پێدەچێت ژێرخانی ئێران بکاتە ئامانج، بە ئامانجی پاڵنانی تاران بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و نیشاندانی نەرمیی زیاتر لەبارەی پرسی ناوەکی.
ئەو بژاردانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن بریتین لە پلانی کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە گەروی هورمز بە مەبەستی کردنەوەی بەڕوی کەشتیوانی بازرگانیدا.
هەروەها پلانهكه جێگیرکردنی هێزی زەمینیش لەخۆدەگرێت و پێدەچێت ئۆپەراسیۆنێکی هێزی تایبەت بۆ دەستەبەرکردنی کۆگاکانی ئێران لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لەخۆبگرێت.
دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمریكا بە ئاکسیۆسی راگەیاند، پێیوایە گەمارۆی دەریایی ئێران "تاوهكو رادەیەک لە بۆردومان کاریگەرترە".
هەروەها دوو سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردوە کە ترەمپ لە ئێستادا ئەو گەمارۆیە بە ئامڕازی سەرەکی خۆی دەزانێت بۆ دروستكردنی گوشار، بەڵام بەدوری نازانێت پەنا بۆ کردەوەی سەربازی ببات ئەگەر ئێران وەڵام نەداتەوە.
