هۆشیاری عەبدولعەزیز

لە دوای جەنگی ساردەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەیەکی جێنفوزی ڕەهای ئەمریکا دەبینرا، بەڵام لە دوایین دەیەدا دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی ئابووری و سیاسی، هاوکێشەکەی گۆڕی و بووە بلۆکێکی ئابووری و سەربازیی بەهێز لە دنیای ململانێ و کێشمەکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. ئەمەش وای کرد ئەمریکا جارێکی تر بە پرۆسەی تاکجەمسەریی خۆیدا بچێتەوە و تەماشایەکی وردتری پەکین بکات، بەوەی کە ئەم بلۆکە تەنیا کێبڕکێکارێکی بازرگانی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی بوونیادییە بۆ سەر ئەو سیستەمە جیهانییەی کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ستراتیژییەتێکی فرەڕەهەندی گرتووەتە بەر بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ڕوو لە گەشەی چین.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنیا لایەنێکی سەربازی نییە، بەڵکو کایەکانی تەکنەلۆژیا، ئابووری و دیپلۆماسیشی گرتووەتەوە و لە کێبڕکێیەکی بازرگانییەوە گۆڕاوە بۆ گەمارۆدانێکی هەمەلایەنە. واشنتۆن سەرەتا بە سەپاندنی باجی گومرگیی بەرز دەستی پێ کرد، پاشان چووە ناو جەنگێکی تەکنەلۆژییەوە بۆ بێبەشکردنی پەکین لە "چیپە زیرەکەکان"، بەو ئامانجەی پێشکەوتنی سەربازی و پیشەسازیی ئەو وڵاتە سست بکات، هەروەها هەوڵی دروستکردنی پشتێنەیەکی سەربازیی دا لە دەوروبەری چین بۆ ڕێگریکردن لە فراوانخوازییەکانی لە دەریای چینی باشوور و پاراستنی سەربەخۆیی تایوان، کە ئەمەش فشارێکی زۆری خستە سەر هێڵە دەریاییەکانی چین.

ئەم ململانێیە تا گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمریکا کار بۆ بەهێزکردنی بوونی سەربازیی خۆی بکات لە دەریای عەرەب و نزیک گەرووی هورمز، چونکە چین وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستێت. ئەم پشتبەستنەش ڕەهەندێکی نوێی وەرگرت و بووە فاکتەری دەستبردن بۆ وزە و ئاسایشی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریکاوە؛ واتە فەزای ململانێکان و دڕدۆنگیی ئەمریکا لە چین گەیشتە ئەوەی کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی گەرووی هورمز بکات وەک سەرچاوەیەکی وزەی چین، و لەو ڕێگەیەشەوە هەژموونی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت نیشانی بدات کە شادەماری وزەی چین لەژێر ڕەحمەتی هێزی دەریایی ئەمریکادایە، و لە کاتی هەر پێکدادانێکی ئەگەریدا (بۆ نموونە لەسەر تایوان)، دەتوانێت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە چین تووشی ئیفلیجییەکی کوشندە بکات و دەست بەسەر شادەمارە سەرەکییەکانی گەشەی ئابووریی چیندا بگرێت.

گەرووی هورمز تەنیا گوزەرگایەکی ئاوی نییە بۆ گواستنەوەی وزە، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین جومگە جیۆسیاسییەکانی جیهان کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئاسایشی نەتەوەیی چین و ستراتیژیەتی ئەمریکاوە بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئەو وڵاتە. بۆ تێگەیشتن لەم کێبڕکێیە، پێویستە لەو هاوکێشە ئاڵۆزە ورد ببینەوە کە تێیدا وزە وەک چەکێکی سیاسی و گەرووەکەش وەک "خاڵی خنکاندن" دەردەکەوێت.

لە بەرامبەریشدا چین وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بەشێکی زۆری لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت. هەر تێکچوونێکی ئەمنی یان داخستنی ئەم گەرووە، نەک تەنیا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، بەڵکو دەبێتە هۆی پەککەوتنی پیشەسازییەکانی چین. ئەم پشتبەستنە زۆرە، چین دەخاتە بارودۆخێکی ناسەقامگیرەوە و لە ئەگەری هەر ململانێیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆدا، ئەم ڕێڕەوە دەبێتە "مەترسی" بۆ سەر ئابوورییەکەی.

ئەمریکا لە ڕێگەی ئامادەیی سەربازیی بەردەوامی لە ناوچەی کەنداو و دەوروبەری گەرووی هورمز، پەیامێکی ناڕاستەوخۆ ئاراستەی پەکین دەکات و هەوڵ دەدات هێزی دەریایی خۆی وەک زامنکاری ئاسایشی گەرووەکە نیشان بدات و ببێتە هەڕەشەیەکی ستراتیژی بۆ سەر گەشەی ئابووریی چین. لە بەرامبەریشدا چین بەباشی لەم مەترسییە تێگەیشتووە، بۆیە ستراتیژیەتی "پشتێن و ڕێگا" تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو هەوڵێکی گەورەیە بۆ دەربازبوون لە "تەڵەی گەرووی هورمز". چین هەوڵ دەدات بە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز لە ڕێگەی وشکانی و بەناو ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیادا، پەرە بە بەندەری "گوادر" لە پاکستان بدات، کە ڕێگەیەکی وشکانیی ڕاستەوخۆیە بۆ ناو خاکی چین.

واتە بە کورتی، ئێران لە هاوکێشەی ململانێکەدا تەنیا یاریزانێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێی دوو زلهێزەکە. ئەمریکا «مەترسییەکانی ئێران» بەکار دەهێنێت بۆ ڕەوایەتیدان بە بوونی خۆی، و چینیش «پێویستییەکانی ئێران» بەکار دەهێنێت بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لە نەخشەی وزەی جیهاندا. هەردوولا هەوڵ دەدەن وڵاتانی ناوچەکە قایل بکەن کە پشت بە سیاسەتی ستراتیژیی ئەوان ببەستن، و هەردوولاش یەکتر بە مەترسییەکی درێژخایەن دەزانن بۆ سەر سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی جێگرەوەی ئەمنی و ئابوورییەوە. ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کە ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی "تەحەدای جەمسەربەندی" و ململانێ و شەڕێکی خەستتر هەنگاو دەنێت، و پێ دەچێت دواجار گەرووی هورمز ببێتە خاڵی هەژموونی زیاتری هەر لایەک بەسەر ناوچەکەدا، تا مەرجەکانی خۆی بەسەر نەزمە جیهانییەکەی داهاتوودا بسەپێنێت و سنووری دەسەڵاتی نەیارەکەی دیاری بکات.

وتاری نووسەران