ئەوە دڵسۆزی و بوێری و، خۆشویستنی کارە، کاتێک لە ئاگرباراندا بەویستی خۆت و لەبەر پێویستیی پیشەکەت بە خێرایی روو دەکەیتە گۆڕەپانی جەنگ، وەک هەڵبژاردنی ئارەزوومەندانە و ناڕاستەوخۆی مەرگی خۆت، مەرگێک بێ ئاگا خۆت كات و شوێنەکەی هەڵدەبژێرێت.

 ئەمە بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە راستە كە رووماڵی ئۆپراسیۆنی سەربازیی زۆر مەترسیدار لەناو جەنگدا دەكەن و، زۆرجار بە سەر و گیانی خۆیان، وەك بەڵگەیەكی دڕندەیی شەڕ، دەبنە هەواڵی یەکەم و سەرەکیی ئاژانسە ناسراوەكانی دونیا.

کامەرانی میترۆگرافی، بەر لەوەی بڵێین خاوەنی كامێرایەكی باش بوو، ئەو چاو و بیرێکی تیژی هەبوو، وەك شایەتحاڵێكی سەربەخۆ، لە جەنگ و ئاشتیدا بەوردی چاوەكانی بە هەموو لایەکدا دەگێڕا، بەر لەوەی کامێراکەی بچرکێنێت و، دیمەنەکە لە وێنەیەکدا بوەستێنێت.

ئەوەی بۆ ئەو گرنگ بوو، دۆزینەوەی دیمەنێكی جوانی سروشت، پۆرترێتی ژنان و كچان، شوێنی كار، جوڵە و چالاكیی ناو بازاڕ بوو، یان وێنەیەك کە مەترسییەكانی تیادا ئاشكرابكات، وەك كارەساتەكانی جەنگ و لێكەوتەكانی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنیی بێ چەك.

کامەران و هاوپیشەکانی، هەستێك داگیریان دەكات، هەستی کارکردن لە بەرەکانی جەنگ و ناوچە مەترسیدارەکان، هەست دەبێتە پاڵنەری رۆیشتن، وەك رۆیشتنی ماڵئاوایی، وەك نووسینەوەی دوا چیرۆك، چرکاندنی دوا وێنە. تا فیشەكێك دەیكات بە هەواڵ، ئەو فیشەکەی نە خۆی و، دواتریش نە دەوروبەریش نەتوانن لەناو ئاگری شەڕەكەدا دەریبهێنن، وەك چیرۆكی غەمگینی (كامەران نەجم)ی فۆتۆگرافەر.  

كامەران، ئۆقرەی نەبوو، بۆیە ساڵ دوای ساڵ دامەزراوەكەی (میترۆگرافی) پێشدەكەوت، تۆڕی ئەندامانی فراوانتر دەبوو، زیاتر دەناسرا، تا بوو بە دیارترین دامەزراوەی فۆتۆ لە ئاستی عێراق، ئاستێكی لە متمانە و پیشەیی بوون بە دەستهێنا كە دامەزراوە گەورەكانی ئاژانسی هەواڵ، بێ دوودڵی مامەڵەی لەگەڵ بكەن.   

لەگەڵ كامەران زەمانێك سەر بە یەك قوتابخانە بووین ( پەیمانگای رۆژنامەوانیی جەنگ و ئاشتی IWPR)، كە (میترۆگرافی) و ( میترۆ)ی تیادا لە دایكبوون، دوو پرۆژە كە رۆژنامەنووس ( هیوای مەحمود عوسمان) سەرپەرشتی دەكردن.

كامەرانی فۆتۆگرافەری سەركەوتوو، خاوەن خەیاڵ و داهێنان، بەر لەوە بیچركێنی، چاوەكانی بیری لە سێبەر و رووناكی و گۆشە و وردەكاری بچووك دەکردەوە، تا وێنەیەكمان پیشان بدات، كە گوزارشت بێت لە رۆحی كات و شوێن بە جوانی و ناشرینییەكانیەوە.  

ئەمڕۆ یادی 12 ساڵەی بێسەروشوێنبوونیەتی و، سبەی دەرگای مۆزەخانەكەی لە شاری سلێمانی دەكرێتەوە، لە دڵەوە هیوای سەركەوتن بۆ رێكخەرانی دەخوازم.

رەحمان غەریب
رێکخەری سەنتەری میترۆ
12ی حوزەیرانی 2026

 

May be pop art of text

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا