
ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی
لە ژیانی حزبی و سیاسیدا، زۆر جار ڕووبەڕووی هەندێك بۆچوون و دەربڕین دەبینەوە كە پەیوەندییان بە تێنەگەیشتن لە دەستەواژەی "ئەزموون"ەوە هەیە. هەندێك سیاسەتمەدار و كادیری حزبەكان، خۆیان بە خاوەنی ئەزموونێكی دوورودرێژ لە بواری كاری سیاسی و حزبیدا دەزانن؛ ئەمەش دەكەنە پەرژینێك بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لەوەی كەسانی تر ڕەخنەیان لێ بگرن یان تێبینییان ئاراستە بكەن، بەو پاساوەی كە بەرامبەرەكانیان "بێئەزموون"ن.
زۆر جار گوێبیستی هەندێك كەس دەبین دەڵێن: "من هێندە ساڵە لەم حزبە و لەم بوارەدا كار دەكەم"، بە جۆرێك وا نیشانی دەدەن كە كەس لەوان شارەزاتر و بەتواناتر نییە. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەیان گەنجی تازەپێگەیشتوو، لە زۆربەی بوارەكانی زانست، مەعریفە و تەكنەلۆژیای سەردەمدا پێشیان كەوتوونەتەوە. سەبارەت بە چەمكی "بەئەزموون و بێئەزموون"
ئەزموون لە نێوان چەندایەتی و چۆنایەتییدا
ئەزموون وەك پێوەرێكی سەرەكی بۆ لێهاتوویی و پسپۆڕی دادەنرێت و زۆر جار وەك مەرجی سەرەكیی وەرگرتنی كار سەیر دەكرێت. تێگەیشتنی باو لای زۆر كەس ئەوەیە كە هەبوونی ئەزموونێكی درێژ، واتە گەیشتنە لوتكە و نەمانی پێویستی بە فێربوونی نوێ یان وەرگرتنی ڕەخنە. بەڵام بنەمای مەسەلەکە ئەوەیە: ئایا كەسی بەئەزموون هەمیشە لە كەسی بێئەزموون سەركەوتووترە؟ ئایا ئەزموون تەنیا بابەتێكی چەندایەتییە و بە ژمارەی ساڵەكان دەپێورێت؟
لە ڕەهەندی دەرووناسی، ئەزموون بنەمای گەشەیە، بەڵام هەندێك جار دەبێتە هۆی "وەستان". هەستی بەئەزموونی دەكرێت جۆرێك لە "دۆگما" دروست بكات و دەرگاكانی فێربوون و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان دابخات. لە بەرامبەردا، زۆر جار كەسانی بێئەزموون مێشكێكی كراوەیان هەیە و ئامادەییان بۆ وەرگرتنی زانیاریی نوێ زیاترە.
دیدگای دەرووناسی : تیۆریی دەیڤد كۆڵب
لە دەرووناسییدا، ئەزموون یەكێكە لە پایەكانی فێربوون. "دەیڤد كۆڵب" لە تیۆریی "فێربوونی ئەزموونی"دا پێی وایە فێربوون پرۆسەیەكە كە تێیدا زانیاری لە ڕێگەی گۆڕینی ئەزموونەوە دروست دەبێت. ئەم پرۆسەیەش چوار هەنگاو لەخۆ دەگرێت:
ئەزموونی كۆنكرێتی: بەشداریی ڕاستەوخۆ لە چالاكییەكاندا.
تێبینی و تێڕامان: وردبوونەوە و شیكردنەوەی ئەوەی ڕوویداوە.
تێگەیشتنی پوخت: گەیشتنە ئەنجام و چەمكی نوێ لەسەر بنەمای تێڕامانەكان.
تاقیكردنەوەی كارا: بەكارهێنانی فێربوونی نوێ لە بارودۆخی جیاوازدا.
كەسی "بەئەزموون" لە ڕوانگەی دەرووناسییەوە، ئەو كەسە نییە كە تەنیا كات و ژمارەی ساڵەكانی بەڕێكردووە، بەڵكو ئەو كەسەیە كە بە شێوەیەكی سیستماتیك لە كارەكانی فێربووە. لێرەدا چەمكی "تەڵەی ئەزموون" دەردەكەوێت؛ كاتێك كەسەكە هێندە پشت بە ڕابردوو دەبەستێت، توانای بینینی ڕێگەچارە نوێیەكان و خۆگونجاندنی نامێنێت.
ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و كار
لە بواری كۆمەڵناسیدا، ئەزموون تەنیا توانای تاكەكەسی نییە، بەڵكو پەیوەستە بە پێكهاتە و نایەكسانییە كۆمەڵایەتییەكانەوە (وەك چین، ڕەگەز و جێندەر). هەموو كەسێك دەرفەتی یەكسانی بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون نییە. نیکۆلاس ئۆکیوتۆ، لە توێژینەوەیەکیدا بە ناونیشانی "کێ پسپۆڕە و بۆچی گرنگە؟"، ئاماژە بەوە دەکات کە نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە دوو ڕێگەی سەرەکییەوە کار لەسەر پرۆسەی پسپۆڕی و ئەزموون دەکەن. بۆ نموونە لەوانەیە کەسێكی بە توانا و بەهرەدار لە بوارێکدا لەبەر کەمدەرامەتی نەتوانێ خوێندن تەواو بکات، بواری بۆ بڕەخسێت لە تواندنەوەی توانا و بەهرەکەی لە پرۆسەی ئەزموونێکی سەرکەوتوو. هەروا لێتوژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ژنان و کەسانی سەر بە کەمایەتییەکان هەمان بواریان بۆ نارەخسێت تا بەشداری لە کاربکەن و ببنە خاوەن ئەزموون و لەو ڕێگەیەوە بتوانن خۆیان لە بوارێکدا بسەلمێنن .
لە ڕوانگەی نەریتی ماركسیزمەوە، ئەزموون و ئەزمونگەرایی ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن، بەڵام نەك وەك بنەمای تەواوی ڕاستی و بێ خەوش وپێچ و پەنا، ماركسیزم جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەست و ئەزموونە تاكەكەسییەكان پێویستیان بە شیكاریی ڕەخنەیی و پەیوەندیكردن بە چوارچێوەی كۆمەڵایەتی و مێژوویی و دیالكتیكییانە هەیە. گەربێتو شیكاریمان بۆ ئەزموونگەرایی لە چوارچێوەی مەرجە مادی و مێژوویی و پەیوەندییە دیالكتیكییەكاندا نەبێت، ئەوا زۆرجار خۆبەستنەوە بە ئەزموونە درێژخایەنەكان لە حزبێكدا دەتوانن ببنە ئامرازێك بۆ چەقبەستوویی نەك بەرەوپێشبردنی گۆڕانكاری شۆڕشگێڕانە.
لە بواری حزبایەتی و سیاسەتدا، ژمارەی ساڵەكانی تەمەنی حزبی، گرنتی ئەوە نین كە تۆ شایستەترین بیت بۆ پلە و پێگەكان. لەوانەیە گەنجێك كە نیوەی تەمەنی تۆی هەیە، بتوانێت گۆڕانكارییەكی گەورەتر دروست بكات، چونكە تووشی "تەڵەی ئەزموون" نەبووە و مێشكی بۆ تازەگەری كراوەیە.
ژمارەی ڕۆژەكانی ئەزموون، ئەگەر لەگەڵ تاقیكردنەوەی نوێدا نەبێت، نابێتە ئەزموون، واتە دەبێت ژمارەی ساڵەكانی ئەزموون ببیتە هۆی ژمارەی زیاتری گەران بەدوای تاقی كردنەوەی رێگا ئاڵۆكەكان نەك كركەوتن لەسەر یەك ریتم و بیركردنەوە لە دۆخێكی وادا ئەزموون وەردەگەڕێت بۆ كەڵەكەكردنی زیاتری هەڵەكان و تاریكتركردنی داهاتوومان.
لە بەشی دووەمی ئەم وتارە لەبەر رۆشنایی تێگەیشتنی لینین، گرامشی و ڕۆزا لۆكسمبۆرگ زیاتر شەن و كەوی ئەم پرسە دەكەین
