
رێگای كوردستان
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦–٢٠٢٧، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ئەیلولی 2026، قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕووی قوتابیاندا کرانەوە و لە ٧٥٩٠ قوتابخانە زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا ٣١٠ باڵەخانەی قوتابخانە تەواو کراون و ٦٢٩ ژووری نوێی خوێندن دروست کراوە؛ بەمەش کۆی ژوورەکانی خوێندن گەیشتووەتە ٤٩٦٩ ژوور و شوێنی نوێ بۆ نزیکەی ١٢٥ هەزار قوتابی دابین کراوە.
سەبارەت بە قوتابییانی نوێ، ئالان حەمەسەعید دەڵێ: "بۆ ئەم ساڵی خوێندن زیاتر لە 150 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی ناویان تۆمارکراوە و دەست بە خوێندن دەکەن؛ هەروەها 20 هەزار منداڵیش لە باخچەکانی ساوایان ناونووس کراون".
هەروەها، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکانی وەزارەت، ٣١٧٥ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن ١٩ ملیۆن پەرتووک چاپ و بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابین کراون.
لە بوارەی پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایانیش، ١٤٥ هەزار مامۆستا لە بوارەکانی دیجیتاڵ، ژیری دەستکرد، ژینگە و مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ڕاهێنانیان پێکراوە.
لای خۆشیهوه" مەسرور بارزانی" سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند: «هەوڵدەدەین ئاستی خوێندن بەرەوپێش ببەین و بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندن.» هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و باشترکردنی ژینگەی فێربوون بۆ قوتابیان.




