
فەرمان ڕەشاد، ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوی مافەکانی مرۆڤ، لە نووسینێکدا کە لە پەراوێزی هاتنی نەوتی سپی لە بەغداوە بڵاوی کردووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر چارەنووسی نەوتی سپی بەرهەمهێنراو لە ناوخۆدا و پرسیاری ئەوەی وروژاندووە کە ئەو نەوتەی بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، چی لێدێت.
بەپێی حیساباتەکانی ئەو ڕۆژنامەوانە، ئەگەر تەنها ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە هەژمار بکرێت کە بۆ پێویستی ناوخۆ تەرخان کراوە، بەپێی ڕێژەی ستاندارد کە ٩٪ی دەبێتە نەوتی سپی، ساڵانە بڕی ملیۆنێک و ٦٤٢ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوتی سپی لێ بەرهەم دێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت لە هیچ شوێنێک حکومەت باس لەوە ناکات ئەو بڕە نەوتە سپییە چی لێدێت و پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا ئەو ٥٠ هەزار بەرمیلە تەنها بۆ بەنزینە و بۆچی چاوەکان هەر لەسەر بەغدایە.
سەبارەت بە هۆکاری گرانیی نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکانی کوردستاندا، فەرمان ڕەشاد بۆچوونی خۆی خستووەتە ڕوو و پێی وایە حکومەتی هەرێم پارەی پاڵاوتنی بەنزین ناداتە کۆمپانیاکان کە بۆ هەر بەرمیلێک ١٧ دۆلارە، بەڵکو لە بری ئەوە بەنزینەکە بۆ خۆی دەبات و بەرهەمە نەوتییەکانی (مشتەقاتەکانی) دیکە دەداتە پاڵاوگەکان. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر بەرمیلێک نەوت دوای پاڵاوتن (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و نەفتا) ئەگەر بە نرخی بێ قازانجیش بفرۆشرێت داهاتەکەی سەروو ٥٠ دۆلار دەکات، بەڵام پاڵاوگەکان جگە لە بەنزین، نرخ لەسەر بەرهەمەکانی تر بە خواستی خۆیان دادەنێن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە داهاتی بەنزین کردووە کە حکومەت هەر لیترێکی بە ٧١٠ دینار دەداتە بەنزینخانەکان و ئاماژەی بەوە داوە کە نازانرێت داهاتەکەی چی لێدەکرێت، وێڕای ئەوەی دەوترێت بۆ خەرجی کارەبایە، بەڵام فەرمان ڕەشاد وتەیەکی عەزیز ئەحمەد، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی وەک بەڵگە هێناوەتەوە کە ڕایگەیاندووە کارەبا نەک هەر خەرجی خۆی دەردەهێنێت، بەڵکو ٢٠٪ داهاتیشی زیادەیە و دەگەڕێنرێتەوە بۆ حکومەت.
لە کۆتاییدا، ئەو ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر دۆسیەی پاڵاوتنی ئەو ٥٠ هەزار بەرمیلە ڕۆژانەیە بە شەفافی بەڕێوەببرێت، دەکرێت نەوتی سپی بە نرخێکی زۆر هەرزانتر بدرێتە هاووڵاتیان و گازوایلیش بە نرخی کەمتر بدرێتە مۆلیدە ئەهلییەکان تا نرخی ئەمپێر کەم ببێتەوە، لە کاتێکدا ئێستا لە هەولێر مانگانە هەر ئەمپێرێک بەلایەنی کەمەوە ٢٠ هەزار دینار لەسەر هاووڵاتی دەکەوێت، بەو پێیەی بۆ هەر ١٦٥ کاتژمێر ١٠ هەزار دینار وەردەگیرێت و لە مانگێکدا دوو جار پارە کۆدەکرێتەوە.
