
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق هەردوو سکاڵای ژمارە (٢٦٣ و ٢٦٤)ـی ڕەتکردەوە کە لەلایەن یەکێتی و نەوەی نوێوە تۆمارکرابوون. بەپێی بڕیاری دادگاکە، ئەو دوو لایەنە داوای هەڵوەشانەوەی دانیشتنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگرتنی سەرجەم ڕێوشوێنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام دادگا ڕایگەیاندووە، کە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە لە چوارچێوەی دەسەڵات و پسپۆڕی ئەواندا نییە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداری و سازانی پێشوەختەی نێوان پارتی و یەکێتی کاراکرایەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی توندی یەکێتی و بەشێک لە لایەنەکانی دیکەی لێکەوتەوە. یەکێتی پێشتر ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکردنی بنەمای سازان و تەوافوقی سیاسی ناوبرد، هاوکات هۆشداری دا لە لێکەوتە سیاسییەکانی تاکڕەوی لە بڕیارداندا.
پێشبینی دەکرێت، بە ڕەتکردنەوەی ئەم سکاڵایانە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر شەرعییەتی کارەکانی پەرلەمان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو قووڵتر ببنەوە.
