
لە ژێر دروشمی «هەرێمێكی یەكگرتوومان دەوێت»، مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان بانگەوازی هاووڵاتیان، لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكات ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەشداری لە ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەریدا بكەن بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیی لێکترازان و دابەشبوون، و ڕایدەگەیەنێت سەرجەم بارەگاکانیان لە زاخۆوە تا خانەقین دەبنە شوێنی دەربڕینی ناڕەزایەتی.
مەکتەبی سیاسیی حزبەکە لە بانگەوازەکەیدا ڕوونیكردووەتەوە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و قوربانییە گرانبەهاكانی گەلی كوردستان، داوا دەكەن بەرەیەكی فراوانی جەماوەری پێكبهێنرێت بۆ دەنگهەڵبڕین دژی دابەشبوونی هەرێم، و جەخت دەكاتەوە كە ئەرکی ئەمڕۆی هەموو لایەکە خاوەندارییەتی لە هەرێمێکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسی بکەن.
هاوکات حزبی شیوعی داوا لە سەرجەم ڕێکخستنەکانی، کەسوکاری شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، ژنان و گەنجان دەکات بە میكانیزمی مەدەنییانە و بە شێوازێکی هێمن و ئاشتیخوازانە ناڕەزایەتی بەرپا بکەن و پاڵپشتی لەم جووڵە جەماوەرییە سەرتاسەرییە بکەن.
________________________________________
دەقی بانگەوازەکە
بانگەوازی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان بۆ ناڕەزایەتییەكی سەرتاسەری
هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان..
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، زیندانیانی سیاسی، و گەنجان و لاوانی نیشتمان..
لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی مێژووییمان و قوربانییە گرانبەهاكانی حیزبمان و تەواوی هێزەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان، بانگەوازی هەموولایەكتان دەكەین بۆ دەنگهەڵبڕین و پێكەوەنانی بەرەیەكی فراوانی جەماوەری، لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستان لە مەترسیی لێكترازان و دابەشبوون.
لێرەوە داوا لە سەرجەم ڕێكخستنەكانی حیزبی شیوعی، هاووڵاتیانی دڵسۆز، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لایەنە سیاسییەكان و هەموو نیشتمانپەروەرێك دەكەین، بە میكانیزمی مەدەنییانە جووڵەیەكی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی ناڕەزایەتی بەرپا بكەن. ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر، ئەركی نیشتمانیی هەموومانە خاوەندارییەتی لە هەرێمێكی یەكگرتوو، ئازاد و دیموكراسی بكەین.
لەژێر دروشمی هەرێمێكی یەكگرتوومان دەوێت رۆژی شەمەی داهاتوو رێكەوتی 14ی 11ی 2026 بارەگاكانی حیزبمان لەزاخۆوە تاخانەقین دەكەینە شوێنی دەربرینی نارەزایەتی و داواكارین هەموولایەك پاڵپشتی بكەن.
مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان
11ی 11ی
