
کـۆیـە / ڕێگای کوردستان
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریی و شایستەدا لە شاری کۆیە، تەرمی تێکۆشەری شیوعی و پێشمەرگەی دێرین و زیندانیی سیاسی، هاوڕێ ( حەسەن کاکە) دوای هێنانەوەی لە تاراوگە، بە خاك سپێردرا.
تێکۆشەری کۆچکردوو، دوای تەمەنێك لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا، ڕۆژی ١٧ـی ئەم مانگە لە تاراوگە و لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە باوەشی نیشتمان.
ڕێـوڕەسـمـی بـەخـاك سـپـاردنـەکـە بـە ئـامـادەبـوونـی هـیـوا عـومـەر جـێـگـری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، سکرتێر و ئەندامانی مەڵبەندی هەولێر و کۆمیتەی کۆیەی حزب، حاکم تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە، نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیی، کەسوکار و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڕێ و دۆستانی کۆچکردوو، لە گـۆڕسـتـانی کـەکـۆن ( قـشـڵـە ) بەڕێوەچوو.
لـە مـیـانـی مـەڕاسـیـمـەکـەدا، هـەریئەك لـە وتـاری حـزبـی شیوعی کوردستان لەلایەن هیوا عومەر، وتاری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان لەلایەن حەمە ڕەشید قەرەداغی سەرۆکی کۆمەڵە پێشکەش کران.
لە وتارەکاندا تیشك خرایە سەر مێژووی پڕ سەروەری، خەبات و خۆڕاگریی هاوڕێ حەسەن کاکە لە قۆناغە سەختەکانی کاری ڕێکخستن، پێشمەرگایەتی و نێو زیندانەکاندا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە تـاجەگـوڵینەی ڕێـز و وەفا لەسەر گڵکۆی تێکۆشەری کۆچکردوو دانرا.






