
🔻کەی عەدالەت دەگاتە سەری ڕمی دزەکانی نیشتمان؟
ڕێگای کوردستان
شەقامەکانی عێراق ڕۆژانە بەهۆی بێکاری، دانەمەزراندنی دەرچووان، نەکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمیشەیی و دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران و بەڵێندەرانەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەخۆوە دەبینن، هاوکات بەهۆی گرانی نرحی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕ، دۆخی بژێوی هاووڵاتییان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ئەم قەیرانانە لەکاتێکدان کە بەشێک لەو کەسانەی بە دەنگی هاووڵاتییان گەیشتوونەتە پەرلەمان و پلە باڵاکانی حکومەت، وەک نوێنەری خەڵک، لەبری خزمەتکردن، تەنها سەرقاڵی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی خەیاڵی و گیرفان پڕکردنبوونە.
ئەم نوێنەرانە کە بەهۆی گەندەڵییەوە بوونەتە ملیاردێر، بە کردەوە سەلماندیان کە ئامانجیان نەک باشکردنی ژیانی خەڵک نەبووە، بەڵکو ئامانجیان قۆڵبڕینی خەڵک و دەوڵەمەندبوونی بێباکانەیە لەسەر حیسابی برسییکردنی میللەت.
ئەم دۆخە نادادپەروەرانەیە ناڕەزایەتییەکی گەورەی لای هاووڵاتیان دروستکردووە کە پێیانوایە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران نابێت تەنها ڕووکەشی بێت.
بۆیە، شەقام داوای عەدالەتێکی ڕاستەقینە دەکات، داوا دەکات هەڵمەتی دەستگیرکردنی دز و گەندەڵکاران کاتی نەبێت و تەنها دزە بچووکەکان نەگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بە خێرایی بگاتە (سەری ڕمی) گەندەڵکاران و ئەو دەستە باڵایانەی کە سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵان کردووەو کاتی ئەوە هاتووە یاسا سەروەری خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت.
