
میدیا ئێران دەڵێن ئەگەری هێرشی زەمینی لە کوردستانەوە بەشێکە لە پیلانی مۆساد و سی ئای ئەی
لایەنە کوردییەکان بوونی هەرچەشنە پلانێکی لەو جۆرە بە توندی ڕەتدەکەونەوە.
ژووری هەواڵ
لە کاتێکدا، هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان خۆیان لە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی سوپاو هێزەکانی ئێران بە دوور گرتووە، کەچی هێزەکانی ئێران بەتەواوی کەوتوونەتە نێو قوڵایی ترسەوەو هێزەکانیان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتە ئامادەباشیەوه.
میدیا فەرمییەکانی ئێران باس لەوە دەکەن، کە ئەگەری هێرشی زەمینی لە کوردستانەوە بەشێکە لە پیلانی مۆساد و سی ئای ئەی. لەم چوارچێوەیەدا، عەقید محەممەد کەرەمی، فەرماندەی هێزەکانی وشکانی سوپای پاسداران، هۆشداری دا کە هێزەکانیان لە باکووری ڕۆژاوا لە ئامادەباشیدان وەک دەڵێت بۆ بەرپەرچدانەوەی گروپە تیرۆرستی و دەرەکیەکان.
ئەم هۆشداری و هەڕەشانەی تاران لەکاتێکدایە،کە تۆڕی (میدڵ ئەیست ئای) ئاشکرای کرد، تورکیا توانیویەتی دۆناڵد ترامپ قایل بکات دەستبەرداری پلانی بەکارهێنانی هێزە کوردییەکانی عێراق ببێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. بەهۆی ئاگاداربوون لەم هەوڵانە، تاران جموجووڵی سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکان توندکردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، لایەنە کوردییەکان و بەتایبەت کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بوونی هەرچەشنە پلان یان هەماهەنگییەکیان بە توندی ڕەتکردەوە. سەرکردە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە، کە ژمارەی هێزی پێشمەرگەی حزبهکانی ڕۆژهەڵات لەسەر سنوورەکان لە سێ هەزار چەکدار تێپەڕ ناکات، کە ئەمەش لە ڕووی سەربازییەوە بەراورد نەکراوە بە هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج و ئەمەش بێبنەمایيی ئەو سیناریۆیانە دەسەلمێنێت.
سوپای ئێران، بەردەوام بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵات و کەمپی مەدەنی پەناهەندەکان بۆردومان دەکات و تا ئێستا دەیان پێشمەرگەو هاووڵاتی مەدەنی لێ شەهیدو بریندار کردووە.
