عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
 
حسێنی وەستا عارفی مەلا عەبدولڕەحمان ناسراو بە حسێن عارف (١٩٣٦ – ٢٠٢٦) یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی ئەدەبیی ڕوانگە(١٩٧٠)، دوای زیاتر لە شەست ساڵ لە نووسین، شەوی ٢١ لەسەر ١٣ ی ی ئابی ٢٠٢٦ لەتەمەنی نەوەد ساڵیدا ژیانئاوایی لە نووسین و خەمەکانی ژیان کرد. مەرگی ئەم نووسەرە(*) لەلایەکەوە تەپوتۆزی لەسەر یادەوەری ژمارەیەک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد لابرد و کەوتنە گێڕانەوەی یەکەم دیدار و یەکترناسین و باسکردنی بیرەوەرییەکانیان، لەلایەکی تریشەوە بووە مایەی خەم هەڵڕشتن بۆ ئاوابوونی ئەو پێشەنگ و ئەستێرەیەی ئاسمانی ئەدەبی کوردی، کە چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینەوەکانی بوونەتە بەشێک لە نەست و ئەزموونی ئاشنابوون و کاریگەری چەند نەوە لە نووسەران. ئەم تەپوتۆز لابردن و خەم هەڵڕشتنەی ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بۆ کەسایەتییەکی وەک حسێن عارف، هیچ پەیوەندییەکی بە بەهای ئیستاتیکیی و زمانی نووسین و ڕایەڵەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەقەکانی بە کۆمەڵگەوە نییە، بەڵکو زیاتر خەم دەربڕین لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بێبەهاکردنی ژیانئاوایی نووسەر داگرتنی بۆ ئاستی بێکەسبوون و کەم قەرەباڵغی مەراسیمی ناشتنەکەی، تا دەگات بە هێرشی بۆ سەر خودی نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی کە بێوەفا بوون بەرانبەر بە مەرگی نووسەر، بێئەوەی هەنگاوێک لە جیهانی ئەدەبیی و ئیستاتیکیی حسێن عارف نزیک ببنەوە. لێرەدا تاوتوێکردنی ئەم نووسین و ڕەخنە و خەم دەربڕینەی سەر سۆشیالمیدیای کوردی جێی باسی ئەم کورتە نووسینەی من نین، بەڵام ورووژاندنی پرسیارگەلێک، ئەو پرسیارگەلەی کە کلیلی کردنەوەی دەرگای پەیوەندی هەر نووسەرێکن بە هەڵویست و چۆنیەتی بینینی واقیعی ژیان و لایەنگیری خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە و بەدەستەوە گرتن و پەیڕەوکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییە چینایەتییەکانی ئەدەب لە بەرانبەر ئەو بینینەدا، بۆ من جێی بایەخن و هەوڵدەدەم پرسیارەکان بەڕوونیی لە چەند خاڵێک بیانخەمە ڕوو:
یەک: ئایا نووسینەکانی حسێن عارف لەبواری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و گەوهەریی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا چ ڕۆڵێکیان گێڕاوە و لەکوێی ڕووداوەکانی سەردەمەکەیدا بوونە؟
دوو: زمانی نووسینەکانی حسێن عارف چ نزیکایەتییەکیان لەتەک گرفتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە و چەند ئەو زمانە تا چەند توانیویەتی گوزارشی بێت لەو گرفتە سەردەمییانەی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان؟
سێ: ئەوە ڕاستە کە داوایەکی نابەجێیە داوا لە نووسەر و ئەدیب بکرێت مانیفێستی سیاسی بنووسێت، دروشمبازی بکات، زمان و فۆرمی دەق بکوژێت، بەڵام ناشکرێت بەبیانووی ئیستاتیکا و جواننووسی و بەسیاسەتنەکردنی ئەدەب، پاساو بۆ بێهەڵویستی یان پاسیفیستبوونی هیچ نووسەرێک بهێنرێتەوە. حسێن عارف نووسەرێکی بە ئاگا و سیاسی بوو. ئەو جگە لەوەی پارێزەر بوو، ئەندامی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش بوو لە ١٩٩٢. بۆ ماوەی سیانزە ساڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بووە و لە گەرمەی شەڕی نێوان باڵەکانی ناسیونالیزمی کورد(١٩٩٤ – ١٩٩٨) لەناو پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک مانی گرتووە. واتا ئەم ئەدیبە هۆشیاری سیاسیش لە ئاستێکی بەرزدا بووە و پاسیفیست نەبووە. ئەدی بۆچی مافی خوێنەر نەبێت بزانێت کە ئایا دەقە ئەدەبییەکانی حوسێن عارف هەڵگری چ ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتین؟ لایەنگری چ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی چینایەتین؟ گوزارشت لە خەون و ئاوات و خەم و ئازاری کام چینی کۆمەڵایەتی دەکەن؟
چوار: حسێن عارف لە کۆتایی دەیەی پەنجاکان و دەیەی سەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو شانبەشانی چەندین چیرۆکنووسی تر( حەسەنی قزڵچی، محەمەد مەولوود مەم، ئەمینی میرزا کەریم، دواتریش مستەفا ساڵح کەریم، شێرزاد حەسەن، حەمەفەریق حەسەن، ڕەئووف حەسەن)، بە گێڕانەوەی هونەرییانە و ئیستیتیکییانەی بەرز، ئەو ژانرە ئەدەبییەی بردۆتە ئاستێکی باڵاتر. ئەو سەردەمە عێراق بە کوردستانیشەوە لە ململانێیەکی چینایەتی گەورەدا دەژیا. دەیان و سەدان مانگرتنی کرێکاریی گۆڕەپانی سیاسی عێراقیان تەنیبوو. حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی حیزبی شیوعی عێراق لە ئەوجی توانا و ڕەونەقی مێژوویی خۆیدا دەژیا و ئەزموون لەسەر ئەزموون؛ خەباتی چینایەتی لە عێراق ڕەنگڕێژ دەکرد، دوواتر لە سەرەتای دەیەی شەستەکان قەتلوعامی کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و هێرش بۆ سەر کوردستان و کوشتن و بڕین و زیندان و ماڵوێرانی خەڵکی عێراق و کوردستان لەسەردەستی هێزەکانی حەرەس قەومی و شۆڤینیزمی عەرەبیی، هەموو ئەمانە پێکەوە دیمەنی تراژیدی تابلۆیەکی گشتیگیر نیشان دەدەن. بۆیە بۆ هەر نووسەرێک کە واقیعبین بێت و شایەدحاڵی هەموو ئەم کارەسات و ڕووداوانە بێت، ناتوانێت لەئاست ئەو بڕگە مێژووییە بەتایبەتی (١٩٦١ – ١٩٧٠) بێدەنگی هەڵبژێرێت و هەڵوێستی سیاسی نەنوێنێت.
پێنج: حسین عارف هەوڵیداوە لە بەرهەمەکانیدا خەم و ئازاری ئینسانی کورد وێنا بکات و ئاوڕ لەو دەردە کۆمەڵایەتییانە بداتەوە کە بەرۆکی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی گرتبووە و لەگەڵ ئەو کارەکتەر و پاڵەوانانە دەست و پەنجە نەرم بکات کە کۆمەڵگەی چینایەتی بێبەهای کردبوون، ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و پشتیوانییە. کوردیش بەشێکە لە مرۆڤایەتی و خەمی ئینسانی چەوساوەی کورد، خەمی مرۆڤایەتیشە. بەڵام گوزارشتکردن لەو خەمە ئینسانییە بە تەنها بەس نییە و بەبێ دەست خستنە سەر چارەسەری ڕیشەیی دەردەکان هیچ خێرێکی بۆ بەشمەینەتانی کوردستان تێدا نابێت، چونکە ئەمجۆرە بەشداریکردنە زیاتر وێناکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی سیاسییە و نووسەر لەخانەی ڕیاڵیزمێکی کۆمەڵایەتییانە دەگیرسێنێتەوە و لە ئایدێندتی شۆڕشگێرانە بەهرەمەند بێت.
شەش: ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر سادە و ڕووکەشانەیە کە پێمانوابێت نووسەر و ئەدیب لەم کۆمەڵگە چینایەتییەی عێراق و کوردستان ئازادن. زۆر ڕووکەشانەیە بێین و بڵێین با نووسەران لەم کۆمەڵگە بێبەزەییەی سەرمایەداری ئازاد بن و چێژ لەو ئازادییەی خۆیان ببینن. نووسەران و ئەدیبان چ بابەتێک و ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی هەڵدەبژێرن و چۆن هونەرییانە گوزارشت لە خەم و شادییەکان، مەرگ و ژیان، جەللاد و قوربانی دەکەن، لەڕواڵەتدا ئازاد دەردەکەون، بەڵام لەدنیای واقیعدا هیچ نووسەر و ئەدیبێکی ئازاد لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداری بوونی نییە. هیچ ئەدیبێک نییە لەو کۆمەڵگە چینایەتییە بکەوێتە ئەودیو بەرژەوەندی چینایەتییەوە. هیچ نووسەرێک نییە بەدەیان ڕایەڵەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەم سیستەمە نەبەسترابێتەوە. دیارە ئەم هاوکێشەیە هەموو ئەدیب و نووسەرێک دەگرێتەوە.
حەوت: ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ بە نووسینێکی ڕەخنەیی بەناوی (ئەناتۆمیزمی ڕۆمانی شار لە دیدگای مەنتق و تاریخدا) کە لەلایەن شۆرش هیومانیست کە دواتر ناوەکەی گۆڕا و بوو بە جەماڵ کۆشش، نووسرا و لە گۆڤاری (ڕابەر) ئۆرگانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)بە دوو بەش بڵاوبۆوە، حسێن عارف بەسەر دەکاتەوە. ئەم نووسینە ڕەخنەییە لای لە ڕۆمانی (شار) کردبووەوە و لە ڕوانگەیەکی چینایەتییەوە؛ خوێندنەوەیەکی مارکسیستانەی بۆ دەق و هەڵوێستی چینایەتی حوسێن عارف و ڕۆمانەکە خستبووە بەرچاو. (**)
دوواجار حسین عارف ژیانئاوایی کرد. ئەو ئێستا لە جێگایەکە ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک داکۆکی لەخۆی بکات، بەڵام ئەوەی لە بری حوسێن عارف قسە دەکات و داکۆکی لێ دەکات، خودی بەرهەم و نووسینەکانی ئەون، خودی زمانی هونەری و ئاستی تەکنیکی دەقەکان و هەڵوێستە چینایەتییەکانن، خودی ڕەخنەی ئەدەبی جیدییە کە دەتوانێت و لەتوانایدایە هاوکێشەی پەیوەندی نێوان نووسەر و واقیعی چینایەتی شیکار بکات و وەڵام بداتەوە. دوا قسەم ئەوەیە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ کەسوکاری حسێن عارفی نووسەر. ئێوەش هەردەم سەرفراز بن.
١٣ ی ئابی ٢٠٢٦

پەراوێزەکان:
(*)حسین عارف چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و وەرگێڕ و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسی و ئاوتۆبایۆگرافیست و شانۆنامەنووس بوو. لێرەدا بەپێویستم نەزانی ژیاننامەی و ناوی بەرهەمەکانی دابنێم، خوێنەر بە کلیکێک لە گووگڵ دەتوانێت زانیاری پێویست لەوبارەوە بەدەست بخات.
(**)بەداخەوە ئەو نووسینەی هاوڕێ جەماڵ کۆشش لەبەردەستدا نییە ئەگینا جێی خۆی بوو جارێکی تر، بڵاوبکرێتەوە.

   
 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا