
هەمزە گوڵانی
لە شاتوویەکم پرسی،
خودات کێیە؟
لقێکی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە
لە ڕەگەوە تێگەیشتم کە دەڵێ:
"دینمان
ئاینمان
هەر نیشتمان"
تۆزێکی تر ڕۆیشتم،
هەنارێک بەفر دایپۆشی بوو
گوتم لەسەر چ دینەکی؟
بەیارمەتی ڕۆژ
دووجار خۆی تەکاندو
دەستەکانی هەڵبڕی
بەکوردییەکی پەتی گوتی:
دینمان
ئاینمان
هەر نیشتمان!
کە دڵم ناردە ڕۆژاڤا؛
گوتم ڕەنگە زەیتوون
سۆرانییەکەی باش نەبێ،
چونکە لە عەفرین زمانی پژاوە
لێم پرسی خودات کێیە
وەک چاوەکانی دەنیز
سەوز سەوز وەڵامی دایەوە،
هیج ئاماژەیەکی بۆ ئاسمانێ نەکرد،
هەموو شێعرەکەی دڵداریشی خوێندەوە
لە ئەی ڕەقیبەوە تا دوا ڕستە،
کەدەڵێ:
دینمان
ئاینمان
هەر نیشتیمان!