قه‌ڵادزێ/ ڕێگای كوردستان

 

به‌ڕێوه‌به‌ری خۆبه‌خشی بنكه‌ی ڕۆشنبیری هێرۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ بنكه‌كه‌یاندا سه‌رجه‌م كار و چالاكییه‌ ڕۆشنبیری و هونه‌رییه‌كان به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بنكه‌كه‌یان هیچ میلاكات و بوودجه‌یه‌كی پێویستی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ و به‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر جووڵه‌ی كاره‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كانی ناوچه‌كه‌ داناوه‌.

(هێرۆ) یه‌كێكه‌ له‌ ناحییه‌كانی سنووری ده‌ڤه‌ری پشده‌ر و كه‌وتووه‌ته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شاری قه‌ڵادزێ و 23 كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی شاره‌وه‌ دووره‌ و له‌ نزیك سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌. هێرۆ، له‌ ساڵی 1964 و به‌بڕیاری حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراق بووه‌ته‌ ناحیه و ته‌نها 10 كیلۆمه‌ترێك له‌ سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ دووره‌‌.

له‌ ساڵی 2017 و به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بنكه‌یه‌كی ڕۆشنبیری له‌ناو مه‌ركه‌زی ناحیه‌ی هێرۆدا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌كه‌ باسی ده‌كات، بودجه‌ و میلاكاتی پێویستیان له‌به‌رده‌ستدانییه‌، بۆیه‌ ناتوانن وه‌كوو پێویست جموجۆڵی ڕۆشنبیریی و هونه‌رییان هه‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ بنكه‌كه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌میان، مامۆستا (محه‌مه‌د هێرۆیی)، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌كه‌ به‌ (ڕێگای كوردستان)ی ڕاگه‌یاند، له‌ناو بنكه‌كه‌دا‌ چه‌ند  به‌شێكی وه‌ك به‌شی كتێبخانه‌ و هۆڵی چالاكییه‌ هونه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كانمان هه‌یه‌. ساڵانه‌ چه‌ند سیمینار، وۆرك شۆپ و چالاكیی هه‌مه‌جۆری ئه‌ده‌بی، هونه‌ری و ڕۆشنبیری، هه‌روه‌ها خولی فێربوونی  زمان و خولی دروومان و چنین، خولی جۆراوجۆری وه‌رزشی و فێربوونی زانسته‌كانی كۆمپیوته‌ر و چه‌ندین جۆر خولی تر ڕێكده‌خه‌ین، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێویستیمان به‌ بڕه‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌رده‌ستماندا نییه‌!.

ناوبراو گوتیشی "ئێمه‌ خۆبه‌خش له‌ناو بنكه‌كه‌دا كارده‌كه‌ین، هیچ میلاكات و بودجه‌یه‌كی دیاریكراومان نییه‌، هاوكارییه‌كی ئه‌وتۆمان نییه‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌رەی پێ ئه‌نجامبده‌ین".

به‌رپرسی بنكه‌ی ڕۆشنبیری هێرۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "جاروبار و به‌ بڕه‌ داراییه‌كی كه‌م له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هێرۆ و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری ڕاپه‌ڕین، بۆ هه‌ندێك چالاكی هاوكاریمان ده‌كرێت، به‌ڵام بنكه‌كه‌ ده‌بێ بودجه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستمان كراوه‌ بێت بۆ ڕێكخستن و ئه‌نجامدانی چالاكیی هه‌مه‌جۆر له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا".

محه‌مه‌د هێرۆیی، وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ ناحیه‌ی هێرۆ یه‌كێكه‌ له‌‌ ناحیه‌ هه‌ره‌ كۆنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین گوند و ئاوایی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و ناوچه‌یه‌كی فراوانه‌، هاوكات جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ "بنكه‌كه‌مان پێویستی به‌ هاوكاریی زۆرتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بره‌و به‌ چالاكییه‌ هونه‌ریی و ڕۆشنبیرییه‌كان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ بده‌ین".

"ئه‌گه‌ر میلاكات و بڕه‌ بودجه‌یه‌كمان بۆ ته‌رخانبكرێت، ئێمه‌ ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام چالاكیی هه‌مه‌جۆری ڕۆشنبیر، هوونه‌ری و ئه‌ده‌بی ڕێكبخه‌ین و ڕه‌وتی ڕووناكبیری له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا به‌ ئاراسته‌یه‌كی باشتر و گونجاوتردا ببه‌ین". به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ڕۆشنبیریی هێرۆ وایگوت.

ناوبراو وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆبه‌خشانه‌ له‌ بنكه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن، هاوكات جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، "له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرفتانه‌شدا به‌رده‌وامین له‌ كاركردن و نه‌مانهێشتووه‌ جووڵه‌ و كاره‌ هونه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كان له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا په‌كیانبكه‌وێت. بۆ به‌رده‌وامبوونیش له‌سه‌ر ڕێكخستنی چالاكییه‌كان، پێویسته‌ هاوكاریی بنكه‌مان بكرێت و بودجه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی بۆ ته‌رخانبكرێت".


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا