
ناڵە حەسەن
١
گوێ لە بێدەنگیم بگرە و
ونبوونم ببینە
ژیان هاوارێکی نەبیستراوە
لەنێو ئارامی مردندا
دوا نوختەم بۆ عەشق دانا و
ئێستا کاتی ڕۆیشتنە ...!
٢
پایز ماڵ و نیشتیمانی منە
لە کاتی هەڵوەرینی گەڵاکان
لە خودا نزیک دەبمەوە و
سەما بۆ ژیان دادەبەستم
چەندە وەرزێکی ئارامی ئەی پایز ...!
٣
لەگەڵ فڕینی هەر پەڕەسێلکەیەک
هەناسە گەرمەکانی تۆ
هەوێردەی هیواکانم وەقسەدێنن
لەگەڵ جریوەجریوی هەر چۆلەکەیەکیش
جوانییەکانی نێو بزە گەرمەکانت
خەو لە چاوەکانم دەتۆرێنن
لەگەڵ لاوکە غەمگینەکانی هەر شەوێکیش
بەستە چاو بە فرمێسکەکانی یادەوەریت
لەگەڵ شیعرەکانم تێکدەئاڵێن و جووت دەبن
٤
وەکچۆن
هەموو وشە و قەسیدە و کتێبەکانم
ئاوسن بە میهری میهرەبانی تۆ
دەمەوێتهەموو ئاسمانەکان و
باخچەکان و درەختەکان
تەنانەت هەموو گەردوون ئاوسبکەم
بە خۆشەویستی نێو خەونەکانی خۆم
٥
دەبێ لەو هاوکێشەیە ڕانەکەین
کاتێک هەموو ڕێگاکان دەگەن بە خاڵی کۆتایی
مەرج نییە ئەم ئەفسانە تراژیدییە
خواستی ئێمەی لەگەڵدا بێت
هەندێجار پێکهاتەی بوون و قەدەرمان
تابلۆی کۆتاییەکانمان پێ ڕەنگدەکەن ...!
دیسەمبەری ٢٠٢٥