سەدیق سەعید ڕواندزی

 

هەڵبەتە ئەگەر بە مانای ڕووکەشییانە بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردی، ئەوا هەست دەکەین کە نیمچە پێشکەوتنێک لە ئاستی

بیناسازی، ژیاری، و ئەتەکێتی کۆمەڵایەتییانەی ژیانی مرۆڤی کورد هاتووەتە ئاراوە. بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی وردتر و لە

ئاستی ناوەڕۆکدا سەرنج لە کۆمەڵگەی کوردی دەدەین، دەبینین بە مانای مەعریفی و هزری هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بەدی

ناکەین کە جێگەی شادومانیمان بێت. تێگەیشتنیش لەو هاوکێشەیە کارێکی قورس نییە، چونکە خودی ئەو دیاردانەی ڕۆژانە

دەیانبینین، هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان، و ئاستی لێکدانەوەی هزرییان، ئەو ڕاستییەمان وەک ڕۆژی ڕووناک بۆ بەرجەستە

دەکەن. لە کاتێکدا ئەوەی کۆمەڵگە پێشدەخات نە باڵاخانەی بەرزە، نە پارک و سەوزەڵانی جوانە، نە شاری یارییە، نە

شەقامی جوان و ڕازاوەیە، نە دوا مۆدێلی ئۆتۆمبێل و مۆبایلە، و نە دیزاینە سەرسوڕهێنەرەکانی خانووەکانە. بە پێچەوانەوە،

بەڵکوو هزرە کۆمەڵگە پێشدەخات. ئەوانە ناتوانن هزر بەرهەم بهێنن، وەلێ هزر دەتوانێت بە ئاسانی ئەو داهێنانانە دروست

بکات.

 کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار و نەریتخوازە، بۆیە کاتێک دەرکەوتەیەکی ژیارییانەی سەردەم دەردەکەوێت،

ناتوانێت تەمای لەگەڵ بکات و لە نێوەندی ئەو دەرکەوتەیەدا بێت، بەڵکوو یان لە دواوەیەتی یان لە پێشەوەیەتی. لێرەوەش

باسكرن لەوەی کە تەکنەلۆژیا ژیانێکی فریودەرانە و نامرۆییانەی بۆ ئێمە دروست کردووە، بۆچوونێکی هەڵە و نالۆژیکییە،

چونکە ئەوەی تەکنەلۆژیا بەکاریدەهێنێت، مرۆڤ خۆیەتی. ئەو دەتوانێت ئەو پێشکەوتنانە بە دیوێکی ئەرێنی کە لە خزمەت

پێشکەوتنە زانستی و ژیارییەکان بێت، بەکاربهێنێت. بەڵام چونکە ڕووکەشگەرایانە دەڕوانێتە ئەو دەرکەوتە سەردەمیانە،

ئیتر دەبنە مایەی ئاشووب و نەهامەتی. لە نێو ئێمەدا، کە مۆدخوازی و لاساییکەرەوە و شوێنکەوتووین، هەر ئەوەندە

دیاردەیەک، دەرکەوتەیەکی نوێ پەیدا ببێت، ئیتر هەمووان دەکەونە لاساییکردنەوە و باسكرنی، وەک ئەوەی هەموو ژیان و

دنیا لەو دیاردەیەدا بەرجەستە بێت.

 ژیریی دەستکرد، وەک پێشکەوتنێکی زانستییانەی کۆمپیوتەر و هەوڵێک بۆ ڕاییکردنی ئەو کارانەی مرۆڤ دەیانکات،

ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێو ئێمەدا بەکار دێت. بگرە خەڵکانێکی زۆر لە بێئاگاییەوە، وا دەزانن ئیتر ژیان چیتر

پێویستی بە مرۆڤ و ڕێنوێنییە زانستییەکان نابێت و چیمان بوێت دەتوانین لە ژیریی دەستکردی بپرسین، بێ ئەوەی ئەو

پرسیارە بکەن کە بە ڕاستی، ژیریی دەستکرد دەتوانێت سۆز و ڕەهەندە ڕۆحی و دەروونییەکانی مرۆڤ شی بکاتەوە و

ئاراستە بکات؟ دەتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە ئێمە بۆچی لە نێوان هەزاران کەس، تەنها عاشقی یەکێک دەبین؟ چەند

مانگێک لەمەوبەر، گەنجێک لە شارۆچکەی سۆران کۆچی دوایی کرد. باس لەوە دەکرا کە ئەم گەنجە بۆ نەخۆشییەکەی

ڕاوێژی بە ژیریی دەستکرد کردووە، ئەویش پێشنیاری چارەسەرێکی پێ داوە و سەرەنجام بەو هۆیەوە مردووە.

 بێگومان هیچ کاتێک، ژیریی دەستکرد ناتوانێت جێگەی ژیریی خۆرسکانەی مرۆڤ بگرێتەوە، کە تەنها هاوێنەی چاوی،

ملیارەها ڕەنگی جیاواز لێک جیا دەکاتەوە. بۆیە نیشاندانی ژیریی دەستکرد، کە لە ڕاستیدا ئەمەش هەر زادەی سیستەمی

نامرۆیی سەرمایەدارییە و لە پێناو قازانجی کۆمپانیاکانە، بەوەی کە ئیتر دەبێتە شوێنگرەوەی هەموو شتێک لە ژیانی ئێمەدا،

هەڵەیە و دەبێ هەمیشە ئەو ڕێژەییبوونە لە بەرچاو بگرین کە لە نێوان ژیریی سروشتی و ژیریی دەستکرد هەیە. بۆ

 نموونە: هەموو تەکنەلۆژیای دنیا، بە ژیریی دەستکردیشەوە ناتوانن خانە مردووەکانی مێشکی مرۆڤ زیندوو بکەنەوە،

ناتوانن هیمۆگلۆبینی خوێن دروست بکەن، ناتوانن چارەیەک بۆ ئیفلیجی مێشک دابنێن، ژیریی دەستکرد ناتوانێت پێشبینی

هاتنی بوومەلەرزە بکات.

 لەو سۆنگەیەوە، لە کتێبی "گفتوگۆیەک لە بەردەم ئاوێنەدا" کە دیداری توانا ئەمینە لەگەڵ ژیریی دەستکرد، ئێمە

ڕووبەڕووی چەندەها پرسیاری سادە، بێمانا و بێ قووڵایی دەبینەوە، کە ئەم نووسەرە لە ژیریی دەستکردی دەکات و

وەڵامەکانیشی هەمان ئەو وەڵامانەن کە دەشێ لە سەرچاوەی زانستی و مەعریفی دیکەوە وەدەستیان بهێنین. کەواتە نووسینی

کتێبێکی لەم شێوەیە، جگە لە شوێنکەوتن و مۆدخوازییەک لەبارەی ژیریی دەستکرد، هیچی تر نییە. سەیر لەوەدایە، لە

میانەی وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێکیش، ژیریی دەستکرد بڕوای وایە کە ئەمە بابەتێکی فەلسەفیی ئاڵۆزە و ناتوانێت شتێکی

لەبارەوە بڵێت.

 لەم کتێبەدا، توانا ئەمین دەپرسێت: «جیاوازی نێوان هەسارە و ئەستێرە چییە؟ کات چییە؟ یەکەم مرۆڤ کێ بووە کە

دروست بووە؟ چاکە چییە، ئەی ئەخلاق چییە؟ سۆز چییە؟ ژینگەدۆستی و ئازاردانی ئاژەڵان چییە؟» ئەمانە و دەیان

پرسیاری دیکەی بێ قووڵایی کە دەریدەخات مرۆڤی کورد چۆن شوێنکەوتەی ئەو دەرکەوتە زانستی و ژیارییانەیە، بێ

ئەوەی هەڵوەستە و ڕامانێکی هزریی قووڵی بۆ هەبێت. لە ڕاستیدا جیاوازی نێوان هەسارە و ئەستێرە، بابەتێکە من لە

زانستی پۆلی دووەمی بنەڕەتی بە قوتابیانم دەڵێمەوە. بابەتێکی هێندە ئاساییە، نەک شیاوی ئەوە نییە لە ژیریی دەستکرد

بکرێت، بەڵکوو تەرخانکردنی کات لەلایەن نووسەرێکەوە بۆ ئەم پرسیارە سادانە، ئەوپەڕی دەستبەتاڵی و بەهەند نەزانینی

کاتە. چاکە چییە؟ کەس هەیە ئەمە نەزانێت؟ مەگەر پێوەری چاکبوونی مرۆڤەکان لە هەموو ئەو کردار و ڕەوشتە مرۆییانەدا

نییە کە دەبێ هەیبێت؟!

 لە پرسیارێکیدا نووسەر کە لە ژیریی دەستکردی کردووە دەپرسێت: "شەیتان چییە؟" ئەویش لە وەڵامدا، هەمان ئەو

بۆچوونە دەڵێتەوە کە لە قورئاندا لەبارەی شەیتانەوە دەگوترێت کە یاخی بووە و ئامادە نەبووە کڕنۆش بۆ حەزرەتی ئادەم

بەرێت. واتە وەڵامەکانی ئەو بەشەی پەیوەستە بە ئایین، هەمووی بارگاوییە بەو دیدە ئیسلامییەی موسڵمانان لەبارەی خودا،

پەیامبەر، قورئان و سوننەتەوە هەیانە. وەک ئەوەی موسڵمانان دەڵێن دەبێت دراوسێکەت خۆشبوێت، ئەم نووسەرەش هەمان

پرسیار لەبارەی دراوسێوە لە ژیریی دەستکرد دەکات! یاخود لە وەڵامێکی دیکەدا، بە شێوەیەکی گشتی توندوتیژی دەخاتە

دەرەوەی بازنەی ئایین و بڕوای وایە ئەمە دیاردەیەکە لە هەموو شوێن و ئایدیا و ئایینێک هەیە، بێ ئەوەی ئەو پرسیارە

بکات، کە بۆچی داعش ژنە ئێزیدییەکانی بە سەبایا کرد؟ بۆچی ئەو هەموو ئێزیدییە بە ناوی ئایینەوە کوشت و بڕ کران؟

بۆچی ئیسلامییە داعشییەکان بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەوان لە پێناوی خودا و بە ڕێنمایی قورئان جیهاد دژی

بێباوەڕەکان دەکەن؟ ئەم جۆرە پرسیارە سواوانە، کە وەڵامەکانیان ڕوون و دیارن و هەزاران جاریش کراون، بۆچی لە

ژیریی دەستکرد بکرێن؟ مەگەر ژیریی دەستکرد، وەک مۆدێلێکی زمانی و ئامێریی بۆ ئەوە نییە، ڕاوێژێکی دیکەی جیاواز

بڵێت، لەوەی کە پێشتر گوتراوە و بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە؟!

 نووسەر لەو کتێبەیدا، گەرچی لای لە زانست، هونەر، ئەدەب و دەروونناسی، ئایین و سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا

کردووەتەوە، بەڵام چونکە مەودای پرسیارکردنی یەکجار سنووردار و بێ قووڵایی هزری و تێڕامانە، ئیتر خوێنەر هەست

ناکات بەر وەڵامی جیاواز دەکەوێت. بگرە گومان دەکەم هەر خۆی وەڵامی پرسیارەکانی خۆی دابێتەوە. لە پرسیارێکی

دیکەدا، نووسەر لە ژیریی دەستکرد دەپرسێت: "ئایا هێلکە لە مریشکە، یان مریشک لە هێلکەیە؟" ژیریی دەستکرد لە

 وەڵامدا دەڵێت: "مریشکەکە لە پێش هێلکەکەیە". نووسەری ئەم کتێبە، وەک وتمان چونکە پرسیاری سادە دەکات، ئیتر خۆی

لە درێژەی گفتوگۆی وەڵامی ئەو پرسیارە دەبوێرێت، چونکە دەزانێت ئەم باسە جەدەلێکی فەلسەفی و هزرییە. بۆیە لە بری

ئەوەی پرسیاری ئەوە بکاتەوە کە ئەگەر مریشکەکە لە پێشەوە بێت، ئەی هێلکەکە لە کوێوە هاتووە کە مریشکەکەی لێ

هاتووەتە دەر؟ ئەگەر مریشکەکە، وەک بوونەوەرێک بە دروستکراوی خودا بزانین کە هەموو بوونەوەرێکی بە جووتە

ڕەگەزی خەڵق کردووە، ئەوا ئەم تێڕوانینە تێڕوانینێکی ئایینییە و مەرج نییە هەموو کۆمەڵگەیەک ئەمە ڕوانگە و

تێگەیشتنیان بێت، چونکە ملیۆنان کەس لە جیهاندا هەن، هەر باوەڕیان بە ڕۆح و ئایین و زیندووبوونەوە نییە. لێرەوەش لە

دوای وەڵامی "مریشک لە پێش هێلکەوەیە"، یەکسەر هاتووەتە سەر پرسیاری "بەختەوەری چییە؟" کە ئایا مافە یان

ئیمتیازە، کە ئەمەش پرسیارێکە، دیسانەوە ڕەنگدانەوەی ئەو سیستەمە بەناو مرۆییەیە کە دەیەوێت پۆلێنی مرۆڤ لەسەر

بنەمای کار و داهات بکات، بەو مانایەی بەختەوەری مافێکە دەبێ تەنها خەڵکانێک هەیان بێت، لە کاتێکدا هەموو مرۆڤێک

بە بوونی سروشتییانەی خۆی، دەبێ مافی ژیانێکی شایستە و مرۆییانە و بەختەوەرییانەی هەبێت، چونکە مرۆڤ شوناسی

مرۆڤبوونی لە پێشەوەی هەموو شوناسێکی دیکەوەیە.

 هەر لە درێژەی ئەم گفتوگۆیەی بەردەم ئاوێنەدا، ئەمجارەیان نووسەر پرسیاری گرانترین خانوو و گرانترین ئۆتۆمبێل

لەسەر ئاستی جیهان لە ژیریی دەستکرد دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە کە گرانترین کۆشک لە جیهاندا، هی

ملیاردێرێکی هیندییە، کە نرخەکەی چوار ملیار دۆلار دەبێت! هەروەها گرانترین ئۆتۆمبێلیش، نرخەکەی سی و حەوت

ملیۆن دۆلارە. نووسەر، پرسیاری ئەوە ناکات کە ئەم نادادی و نایەکسانییەی ژیان چییە هەیە؟ سێ لەسەر چواری

دانیشتووانی هیند، هەژارن و ڕۆژانە یەک ژەم خواردن دەخۆن، کەچی لە سایەی بەناو سیستەمی مرۆیی سەرمایەداری و

بازاڕی بەناو ئازاد، سەرمایەدارێک وای لێ هەڵکەوتووە کە تەنها نرخی خانووەکەی چوار ملیار دۆلارە و شەشسەد

کرێکاریش لە خانووەکەی وەک بەردەست و کارەکەر لە خزمەتیدان. بێگومان مرۆڤی کورد، چونکە هەمیشە ئەقڵی لای

ڕووکەشگەرایی ژیان و دوا مۆدێلی ژیانە، لە ڕووی پێداویستی و ئامێر و ئۆتۆمبێل و ئێکسسوارات و کەلوپەلەکانی دیکە،

ئیتر خەیاڵی هەر لە دوا مۆدێلی ژیانە و باکی بەوە نییە کە دوایین کتێب، دوایین داهێنانی پزیشکی چین؟ یاخود بیرێکی لای

ئەو هەموو نادادی و نایەکسانییەی ژیان نییە، بۆیە دەبینین نووسەری ئەم کتێبەش دێت، پرسیارێکی بێ مانا و بێ بەهای لەم

شێوەیە لە ژیریی دەستکرد دەکات، کە وەڵامەکەی ئەوەندەی تر بۆ مرۆڤەکان مایەی نیگەرانی، خەم و ئازارێکی ڕۆحی

گەورەیە، بەوەی کە ملیۆنان مرۆڤ لەسەر ڕووی ئەم زەوییە، ژیانێکی مرۆییانە ناژین و لەوپەڕی نەداری و هەژاریدان،

کەچی خاوەنکارێک تەنها خانووەکەی بە چوار ملیار دۆلارە! بە ڕاستی ئەم پرسیارانە، زۆر بێ بەها و بێ مانان.

پرسیارگەلێک نین، شیاوی ئەوە بن مرۆڤ وەڵامەکەیان بزانێت و شتێکیان لەبارەوە فێر بێت.

 دواجار دەڵێم، "گفتوگۆی بەردەم ئاوێنە"، کتێبێکە تەنها وەک مۆدێک لە نووسین لەبارەی ژیریی دەستکردەوە نووسراوە، بۆ

ئەوەی نووسەرەکەی وا پیشان بدات کە شتێکی لەبارەی ژیریی دەستکردەوە نووسیوە. دەنا هەر کەسێک ئەم گفتوگۆیە

بخوێنێتەوە، دەزانێت ئەم بوارە پسپۆڕی نووسەر نییە و تەنها مەبەستی بووە بە هەندێک پرسیاری بێ مانا و بێ قووڵایی

هزری، شتێک لەبارەی ژیریی دەستکردەوە بنووسێت!

ــــــــــــ

پەراوێز: ناوی کتێب: گفتوگۆیەک لە بەردەم ئاوێنەدا، نووسینی: توانا ئەمین، بڵاوکراوەی: دەزگای فام، ساڵی چاپ: ٢٠٢٦

وەک ئەوەی لەسەر کتێبەکە نووسیویانە، گەرچی سێ مانگی ماوە بۆ ساڵی نوێ!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا